Accessibility links

لەوەناچێت بەم نزیکانە کێشەی دابینکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە چارەسەرببێت


لەوەناچێت کێشەی دابینکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە بەم نزیکانە چارەسەرببێت، ئەوەتا ئەندامێکی کوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت پێویستە سەرەتا هەولێر و بەغدا لەسەر ناکۆکییەکانیان بگەنە ڕێککەوتن، وە تەنانەت دوای ڕێککەوتنی نێوانیشیان ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە یاسای بودجەی عێراق لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە "پێویستی بە کاتێکی باش هەیە."

نەرمین مەعروف
نەرمین مەعروف

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەموارکردنەوەی یاسای بودجە پەیوەستە بە ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێمەوە بە تایبەت پرسی مووچ. لە ئێستادا وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدان، دەبێت ڕێکبکەون پاشان هەموارەکە بێتە ناو پەرلەمانەوە، لە پەرلەمانیش بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕ دەبێت تا ئامادە دەکرێت بۆ دەنگدان، کاتی پەسەندکردنی ڕەشنوسەکەش ئەگەر ڕێکەوتنی سیاسیشی لەسەر بێت ئەوا هەر پێویستی بە کاتێکی باش هەیە."

حکومەتی هەرێم بەهۆی کێشە داراییەکانیەوە ساڵێ 2023 نەیتوانی مووچەی مانگی 10 و 11 و 12ی فەرمانبەرانی دابینبکات.

لە بەرامبەردا هەزاران مامۆستا لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان و کۆیە بایکۆتی خوێندنیان کردووە و نزیکی 4 مانگە دەرگای قوتابخانە حکومییەکان نەکراوەتەوە.

حکومەتی هەرێم لە مانگی سێی ساڵی ڕابردووەوە، ئەو کاتەی هەناردەی نەوتەکەی لەلایەن تورکیاوە ڕاگیرا، زیاتر لە 15 وەفدی باڵای ناردووە بۆ بەغدا بە مەبەستی چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا.

بەرپرسانی کورد دەڵێن کێشەی سەرەکی نێوان هەردوو حکومەت لەئێستادا لەسەر نرخی تێچووی دەرهێنانی نەوتی هەرێمە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە. حکومەتی عێراق دەڵیت تێچووی کۆمپانیاکان دەبێت کەمبکرێتەوە و هاوتا بکرێت لەگەڵ ناوچەکانی عێراق، بەڵام حکومەتی هەرێم دەڵێت بەهۆی پێکهاتەی شاخاوی ناوچەکانی هەرێمەوە تێچووی کۆمپانیاکان زیاترە.

لە کۆتایی مانگی ڕابردوو پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بێزاری خۆی لە نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق دەربڕی و وتی "هیچ مانایەک نەماوەتەوە بۆ دانیشتن لەگەڵ بەغداد، بۆیە دەبێت ساڵی تازە بەرهەمی کۆبوونەوەکانمان بچنینەوە."

پێشەوا هەورامانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پشوودرێژی ئێمە لە ساڵی 2023 لە پێناو گەشتن بوو بە ڕێگە چارەسەر، بەڵام ئیتر هیچ مانایەک نەماوەتەوە بۆ کۆبونەوە و دانیشتن ئەگەر بێت و نەزانین دەرئەنجامەکەی چارەسەرە. پێویستە ئەمساڵ کێشەکانی نێوانمان چارەسەر ببن و ڕێکەوتنەکان ڕێزیان لێبگیرێت، ئەگەر بێتو هەمان نیەت بەدی نەکەین لە حکومەتی فیدڕاڵ حکومەتی هەرێم بەدوای چارەسەری دیکەدا دەگەڕێت."

بەڵام سەرباری ناڕەزاییەکانی حکومەتی هەرێم و لەکاتێکدا بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان هەزاران مامۆستا بەردەوامن لە خۆپیشاندان، ئەندامانی کورد لە پەرلەمانی عێراق بەدووری دەزانن بەغدا بەپەلە چارەسەری کێشە داراییەکانی لەگەڵ هەرێمدا بکات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر پرسی نەوت، دەبێت فشاربکات بۆ گۆڕینی ئەو بەندانەی یاسای بودجەی عێراق کە لە بەرژەوەندی هەرێم نین.

لە یاسای بودجەی عێراقدا دیاریکراوە کە بودجەی هەرێمی کوردستان لە خەرجی ڕاستەقینە (خەرجی فیعلی) دیاریدەکرێت. خەرجی فعلی" کە سەرچاوەی نیگەرانییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بریتییە لەو خەرجییانەی کە دوای لێدەرکردنی هەردوو خەرجییەکانی "سیادی و حاکیمە" دەمێنێتەوە.

پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەمە 9-1-2024 پشووی وەرزی یاسایی کۆتای هات و ئەگەرچی چاوەڕواندەکرا لەیەکەم دانیشتنی پەرلەماندا هەمواری ڕەشنوسی یاسای بودجە کە حکومەتی عێراق ئامادەی کردووە ئاڕاستەی هەردوو لیژنەیی یاسایی ودارایی پەرلەمانی بکات، بەڵام بەهۆی بوونی بۆشایی یاسایی سەرۆکی پەرلەمان دانیشتی گشتی پەرلەمان دواخرا.

بەگوێرەی نەرمین مەعروف لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، هەموارکردنەوەی یاسای بوجە پێویستی بە سێ قۆناغ هەیە کە پێکهاتوون لە خوێنەوەی یەکەم و دووەم و پاشان وەرگرتنی تێبینی تەواوی لیژنەکان لەسەر ڕەشنوسەکە، دواتر دەنگی لەسەر دەدرێت بۆ ئەوەی بڕیاربدرێت گۆڕانکارییەکان پەسەند دەکرێن یاخود ڕەتدەکرێنەوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی بە دەنگی ئەمەریکای وت، " لە مادەی 77ی یاسای بودجەدا حکومەتی عێراق ڕاسپێردراوە لە کۆتایی ساڵی دارایی 2033 و 2024 بۆ ساڵی دوای خۆی خشتەی نوێی داهات و خەرجی لەلایەن حکومەتەوە بنێرێت بۆ پەرلەمان تا پەسەند بکرێت، ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت هەموارێک هەیە بۆ خشتەی داهاتووی خەرجیەکان. ئەمە بابەتێکی ئاساییە، پێویستی بە دانیشتنی بەپەلە و نائاسایی نیە. لە ساڵی ڕابردوودا حکومەت لە ناوەڕاستی مانگی 3 ڕەشنوسی بودجەی ناردە پەرلەمان و لە مانگی 6 دا پەسەندکرا، ئێمە وەک کورد دەمانەوێت پەلەبکرێت لە هەموارەکە، بۆ ئەوەی کێشەی مووچەی فەرمانبەران چارەسەربکرێت."

ئەندامێکی دیکەی پەرلەمانی عێراق پێ وایە لادانی سەرۆکی پەرلەمان لە پۆستەکەی و ناکۆکییەکان لەسەر دیاری کردنی سەرۆکێکی نوێ گرفتێکی ترە کە شیانی هەیە کێشەی بودجەی هەرێم درێژتر بکاتەوە.

غەریب ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " ئێستا شەقامی سیاسی لە عێراق چاوەڕێی سونەن تا سەرۆکێک بۆ پەرلەمان دیاری بکەن. تا هەڵبژاردنی سەرۆک هیچ پڕۆژەیاسایەک و هەموارێک گفتوگۆی لەسەرناکرێت."

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی، "عێراق پێی وایە ژمارەی فەرمانبەران لە هەرێم لە 600 بۆ 700 هەزار کەس تێناپەڕێت، بەڵام بەگوێرەی ئەو نوسراوەی کە حکومەتی هەرێم داویەتی بە حکومەتی عێراق لەسەروی ملیۆنەوە فەرمانبەر هەیە، ئەمە یەکێکە لەگرفتەکان. پێویستە ئەم کێشانە بە دانوستان لە نێوان هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێم یەکلابکرێنەوە. هەر پڕۆژە یاسایەکیش ئەگەر هەموو ڕێکارە یاساییەکانی تەواو بێت و پەیوەندیداربێت بە بودجەوە، پێویستی بە ڕێکەوتنی سیاسی هەیە."

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێ شەمە 9ی 1ی 2024، لەمیانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کڵاودیۆ کۆردۆن، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی بۆ عێراق، دەڵێت "هەوڵی جدی هەیە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و چارەسەر کردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە" ێویستە حکومەت و لایەنە کوردستانییەکان پێکەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆکانیان چڕبکەنەوە تا هەمواری یاساکە بەشێوازێک بکرێت مافی موچەخۆرانمان گەرنتی بکرێت.

وەفدێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 6ی 1ی 2024 بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایانکرد.

پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "بابەتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هەمواری یاسای بودجەو تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەو بابەتانەن کەلەسەر مێزی گفتوگۆ باسدەکرێن . حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدوای گەیشتنە بەچارەسەری کۆتایی لەسەر ئەم پرسانە".

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی عێراق کردووە مانگانە بڕی 750 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات تاوەکو یاسای بودجە هەمواردەکرێتەوە و مووچەی فەرمانبەران لە خەرجیی راستەقینە جیادەکرێتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:49 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG