Accessibility links

ئێران دەڵێت کۆمەڵێک تۆمەتباری بە هۆی تەقینەوەکانی ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی قاسم سولەیمانیەوە دەستگیرکردووە


ڕێوڕەسمی پرسەی کوژراوانی هێرشەکانی داعش لە کرمان
ڕێوڕەسمی پرسەی کوژراوانی هێرشەکانی داعش لە کرمان

وەزیری ناوخۆی ئێران ڕۆژی هەینی، 5ی مانگی یەک، ڕایگەیاند ژمارەیەک تۆمەتبار سەبارەت بە تەقینەوەکانی ڕۆژی چوارشەممەی ئیران کە داعش بانگەشەی ئەنجامدانی کردوون، دەستگیر کراون.

ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران بێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو وتی "دەزگا هەواڵگرییە بەتواناکانی وڵاتەکەمان بەڵگەی زۆر باشیان دەستکەوتووە لەسەر ئەو کەسانەی تێوەگلان لە تەقینەوە تیرۆریستییەکانی کرمان، وە ژمارەیەک لەو کەسانەی لەم ڕووداوەدا ڕۆڵیان هەبووە، دەستبەسەر کراون."

گوتیشی لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیانەدا 88 کەس گیانیان لەدەستداوە.

ڕۆژی هەینی لە مزگەوتی کرمان گردبوونەوەیەک بۆ ناشتنی قوربانیانی تەقینەوەکان بە ئامادەبوونی ئیبراهیم ڕەئیسی و کۆمەڵێک بەرپرسی باڵای دیکەی ئێران بەڕێوەچوو.

دوو بۆمب ڕۆژی چوارشەممە لە ڕێوڕەسمی چوارەمین ساڵڕۆژی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودسی سوپای پاسداران لە شاری کرمان تەقینەوە و دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

هەرچەندە داعش بەرپرسیارێتی تەقینەوەکانی لە ئەستۆ گرتووە، بەڵام سەرۆک کۆماری ئێران ڕۆژی هەینی لە وتارێکدا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەمەریکای تاوانبار کرد.

ئیبراهیم ڕەئیسی لە وتارەکەیدا گوتی "پلانی ئەمەریکایی بۆ پێکهێنانی ئیسرائیلێکی دیکە لە ناوچەکەدا لەلایەن حاج قاسمەوە پووچەڵکرایەوە و بۆیە ئەمەریکا کینەی لە هۆگرانی هەیە."

وتەکانی سەرۆک کۆماری ئێران لەکاتێکدایە کە مەتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تەقینەوەکانی کرمانی بە "تیرۆریستی" ناوبرد و ڕایگەیاند کە ئەو هێرشانە هەموو نیشانەکانی هێرشەکانی داعشیان پێوە دیارە.

پێش بەیاننامەکەی داعش ڕۆژی پێنجشەممە، بەشێک لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، ئیسرائیلیان بەوە تۆمەتبار کرد کە دەستی لەو تەقینەوەیانەدا هەبووە. دوای بڵاوبوونەوەی بەیاننامەکەی داعش، هێشتا بەشێک لە میدیا حکومییەکان لە ئێران بانگەشەی ڕۆڵی ئیسرائیل لەو کارەدا دەکەن.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG