Accessibility links

لەگەڵ زیادبوونی مەترسییەکانی ململانێیەکی ناوچەیی فراوانتر، بلینکن بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوات


ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوات هاوکاتی هەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکان بۆ خێراکردنی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە و زیادبوونی فشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئیسرائیل بۆ کەمکردنەوەی زیانە سیڤیلییەکان لە شەڕی دژ بە حەماسدا.

سەردانەکەی بلینکن لە کاتێکدایە شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ چەکدارانی حەماس خەریکە سێ مانگ تێپەڕ دەکات.

ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکاوە بڵاوی کردەوە بلینکن ڕۆژی پێنجشەممە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێدەکەوێت تیایدا سەردانی ئیسرائیلیش دەکات. ئەیمس هاچستاین، ڕاوێژکاری باڵای جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمەریکاش گەشتێک بۆ ئیسرائیل دەکات بە مەبەستی کارکردن بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا.

بەپێی میدیا ناوخۆییەکانی تورکیا هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، ڕۆژی شەممە بلینکن کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا ئەنجام دەدات.

کۆبوونەوەکانی داهاتووی بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کاتێکدایە کە مەترسی ململانێیەکی ناوچەیی فراوانتر لە زیادبووندایە، سەرەڕای هەوڵە بە کۆمەڵەکانی زلهێزەکانی ڕۆژئاوا و ناوچەیی بۆ قەتیسکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەمەریکا تا ئێستاش " زۆر نیگەرانە" لە مەترسی تەشەنەسەندنی ململانێکان بۆ بەرەکانی دیکە، دوای کوشتنی ساڵح ئەلعاروری بەرپرسی باڵای بزووتنەوەی حەماس لە بەیروت لە ڕۆژی سێشەممەدا.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە ئامادەباشییەکی زۆردایە بۆ هێرشەکانی گروپی چەکداری حزبوڵای لوبنانی. ئەمەش دوای هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە بەیروت دێت کە بووە هۆی کوژرانی ئەلعاروری کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ حەسەن نەسروڵای سەرۆکی حزبوڵادا هەیە. نەسروڵا لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند "وەڵامدانەوە و سزا" دەبێت، بەڵام بە ڕوونی ڕای نەگەیاند کە هێزەکانی هێرشەکانی دژی ئیسرائیل پەرەپێدەدەن.

بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئەمەریکا لە 7 ی مانگی دەوە "پەیامێکی زۆر ڕاستەوخۆی بۆ حزبوڵا" و لایەنەکانی دیکەی ناوچەکە ناردووە کە "ئێستا کاتی ئەوە نییە بیر لە پەرەسەندنی زیاتر بکرێتەوە". ئیسرائیل دوای ماوەیەکی کەم لە هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر کە لەلایەن چەکدارانی بزووتنەوەی حەماسەوە کرایە سەر ئیسرائیل، هێرشی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ماثیو لیلەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕۆژی چوارشەممەدا ڕایگەیاند "ئێوە بینیتان هەنگاوی خۆپارێزیمان ناوە بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە. بینیوتانە هەنگاوی دیپلۆماسیمان ناوە بۆ گەیاندنی. ئێمە بەردەوام دەبین لە گەیاندنی."

هێزی کاتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (UNIFIL)یش نیگەرانی قوڵی خۆی لە هەر ئەگەرێکی پەرەسەندن دەربڕیوە، هاوکات داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە دانبەخۆیاندا بگرن.

سەرەتای ئەم هەفتەیە، نەجیب میقاتی، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری لوبنان، هێرشەکەی ئیسرائیلی ئیدانە کرد کە بووە هۆی کوژرانی ئەلعاروری و بە "تاوانێک" ناوی برد کە بە ئەنقەست ئامانجی ڕاکێشانی لوبنانە بۆ قۆناغێکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوەکان.

هەردوو بزووتنەوەی حەماس و حزبوڵا کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و هاوپەیمانە چەکدارەکانیشان لە سوریا، عێراق و یەمەن هێرشی دوورمەوداتریان لە دژی ئیسرائیل ئەنجامداوە.

هاوکاتی هەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکان بۆ وەرگرتنەوەی ئەو بارمتانەی لە کەرتی غەززە لای حەماس ماونەتەوە، پێدەچێت تا ئێستا 1 کەس لە غەززە لەلایەن حەماس یان چەکدارانی دیکەوە دەستبەسەر بن.

XS
SM
MD
LG