تورکیا ڕۆژی چوارشەممە یەکەم دادگاییکردنی سەرەکی پەیوەست بە دروستکردنی ئەو باڵەخانانەی دەستپێکرد کە لە دوو بوومەلەرزە گەورەکەی مانگی دووی ساڵی 2023 ڕووخان.
لەو بوومەلەرزانەدا زیاتر لە 50 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.
دانیشتنی دادگای شاری ئادیامان، 11 کەس دەگرێتەوە کە تۆمەتبارن بە "کەمتەرخەمی بەمەبەست" لەکاتی سەرپەرشتیکردنی دروستکردنی هۆتێل ئیسیاس.
کۆی ئەو 11 تۆمەتبارە 5یان بە خاوەنی هۆتێلەکەشەوە، دەستگیرکراون و تۆمەتبار کراون بە تاوانێک کە ئەگەری هەیە هەریەکەیان زیاتر لە 20 ساڵ زیندانی بکرێن.
بەهۆی داڕمانی هۆتێلەکەوە 24 منداڵی خەڵکی قوبرسی باکوور گیانیان لەدەستدا کە بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی بالەی خوێندکاران چووبوون بۆ تورکیا.
ئەوان لەگەڵ دایک و باوک و کۆمەڵێک هاوڕێیاندا گیانیان لەدەستدا، کە ئێستا داواکارانی گشتی تورکیا دەڵێن کارەساتێک بووە کە دەکرا ڕێگری لێبکرێت ئەگەر ستانداردە گونجاوەکانی سەلامەتی جێبەجێ بکرایە.
ڕووخانی ئەو هۆتێلە بووە هۆی گیان لەدەستدانی 72 کەس کە 39 کەسیان خەڵکی قوبرسی باکوور بوون.
ئەو ڕووداوە تاکە گەورەترین کارەسات بوو لە مێژووی دەوڵەتە جوداخوازەکەی قوبرسی باکووردا کە سەربەخۆییەکەی تەنها لەلایەن ئانکەرەوە دانیپێدانراوە.
لە تۆمەتبارکردنەکەدا هاتووە، بیناکە لە ساڵی 2001 بە شێوەیەکی نایاسایی لە شوێنی نیشتەجێبوونەوە گۆڕدراوە بۆ هۆتێل.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆتێلەکە بە شێوەیەکی نایاسایی نهۆمێکی زیادەی بۆ ئەو نۆ نهۆمە دروست کردووە کە لە پلانی سەرەتاییدا ڕێگەی پێدراوە.
سکاڵاکاران بریتین لە ئوناڵ ئوستێل سەرۆک وەزیرانی قوبرسی باکوور کە بە قوبرسی سەر بە تورکیا ناسراوە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، لە ڕووی سیاسییەوە بێ زیان لە کارەساتەکە دەرچوو، دوای چەند مانگێک لە ڕوودانی بوومەلەرزەکە، دووبارە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
ئەو ژمارەی زۆری کوژراوەکانی بۆ گەندەڵی لە بیناسازیدا گەڕاندەوە کە پارەیان بە پشکنەرە ناوخۆییەکان داوە بۆ ئەوەی کەرەستەی بیناسازی هەرزان بەکاربهێنن و بە شێوەیەکی نایاسایی نهۆمی زیادە دابنێن.
پۆلیسی تورکیا نزیکەی 200 کەسی بەهۆی گوایە خراپی دروستکردنی بیناسازی دەستگیرکرد.
ڕەخنەگرانی ئەردۆغان دەڵێن زۆربەی کۆمپانیا سەرەکییەکانی بیناسازی و خانووبەرەی تورکیا لە ماوەی 21 ساڵەی حوکمڕانی ئەودا پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ئاکەپەی دەسەڵاتداردا دروستکردووە.