Accessibility links

دوو لاوی کورد لە شاری سنە لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستگیر دەکرێن


ڕۆژی دووشەممە لاوێکی کورد بە ناوی مورتەزا محەمەدی و ئیبراهیم مەحەمەدی برای لە شاری سنە لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی ئێرانەوە دەستگیرکراون.

بە گوێرەی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ نزیکەی کاتژمێر 7 ی بەیانی بە کاتی ناوخۆو، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مورتەزا محەمەدی لە گەڕەکی حەسەناوای شاری سنە، پاش تەقەکردن لە ماڵەکەی دەستگیریان کردووە و بردوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.

هەنگاو دەڵێت کاتێک ئیبراهیم محەمەدی برای مورتەزا بۆ بەدواداچوونی دۆسێکەی سەردانی دادگای کردووە، ئەویش دەستگیرکراوە و براوە بۆ شوێنێکی نادیار. هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو دوو برایە ڕانەگەیەندراوە، بەڵام مورتەزا محەمەدی لە میانەی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئێران کە بە شۆڕشی ژینا ناسرا، دەستگیرکرابوو.

ڕێکخراوی هەنگاو دەڵێت ژمارەیەک وێنەی پێگەیشتووە کە تیایدا دەردەکەوێت دەرگا و پەنجەرەی ماڵی مورتەزا شکاوە لە ئەنجامی دەستڕێژی هێزەکانی ئیتڵاعات.

دەشڵێت هێزەکانی ئیتڵاعات دەستیان بەسەر مۆبایلەکانی تەواوی ئەندامەکانی ئەم خێزانەدا گرتووە و ڤیدیۆی کاتی دەستبەسەرکردنیشیان تۆمار کردووە.

هاوکاتی دەستگیرکردنەکەی مورتەزا لە گەڕەکەی حەسەناوا، هێزەکانی ئیتڵاعات ماڵی دایک و باوکیشیان لە گەڕەکی حاجیاوای سنە گەمارۆ دابوو و خاڵی پشکنینیشیان لە گەڕەکەکە دانابوو.

XS
SM
MD
LG