Accessibility links

ڕۆڵی ئێران لە شەڕی غەززە


وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 27 ی مانگی دوانزە ڕایگەیاند ئەو هێرشەی حەماس لە 7 ی مانگی دە کردییە سەر ئیسرائیل یەکێک بووە لەو کردەوانەی ئەنجامدراون بۆ تۆڵەسەندنەوە کوشتنی قاسم سولەیمانی. بەڵام هەر زۆری نەبرد حوسەین سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ قسەکانی وتەبێژەکەی ڕەتکردەوە و وتی هێرشەکەی 7 ی مانگی دە بە تەواوی فەلەستینییەکان ئەنجامیان دابوو بەبێ هیچ پشتیوانییەکی دەرەکی. ئەم دوو لێدوانە جیاوازەی سوپای پاسدارانی ئێران کۆمەڵێک پرسیاری بەدوای خۆیاندا هێنا.

کام لەو دوو کاربەدەستەی سوپای پاسداران ڕاست دەکەن؟
ئێران هەتا چەند لە ڕووی سەربازییەوە یارمەتی حەماسی داوە؟
هەتا چەند ئێران ڕۆڵی هەیە لەو هێرشانەی گروپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی عێراق و حزبوڵای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن لە دژی ئیسرائیل و ئەمەریکا دەیکەن؟
ئایا ئیسرائیل و وڵاتانی هاوپەیمانان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کام لێدوانانە وەردەگرن و شوێنەروارەکانیان لەسەر ئێران چی دەبێت؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاوتوێی پرسی ڕۆڵی ئێران لە شەڕی غەززەدا دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:
1- مامۆستا فازڵ قەرەداغی، نووسەر.
2- دکتۆر عەدالەت عەبدوڵڵا، نووسەرو مامۆستای زانکۆ، توێژەر لە ناوەندی ئەکادیمیی توێژینەوەی نیشتمانی.
3- مامۆستا حسێن ڕابی، چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆی سلێمانی.

please wait

No media source currently available

0:00 0:49:30 0:00


مامۆستا فازڵ قەرەداغی:
"ئەم دوو لێدوانە جیاوازەی ئێران، هەرچەندە ناکرێت بڵێین یەکەم لێدوانیان بوترێت بەو جۆرە نییە، چونکە ئەوە وتەبێژە و لەخۆوە قسە ناکات، بەڵام زیاتر دەکرێت وەک پەیامێک لێکبدرێتەوە بۆ ئیسرائیل کە ئێران دەستی لە چالاکییەکەی حەماس هەبووە، لێدوانی دووەمیش بۆ نێوەندە جیهانییەکەیە هەتا شوێنەواری سیاسی نەکەوێت لەسەر ئێران، چونکە ئەوە دەکاتە دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتێکی تر کە ناوەندی نێودەوڵەتی ئەمە قبوڵ ناکات، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ڕاستی و ناڕاستی لێدوانەکان نییە، هێندەی ئەوە گرنگە کە ئەمە گەیاندنی پەیامەکەیە بە ئیسڕائیل کە بەڵێ پەیامەکەیان گەیشتووە و بە ئیسڕائیلیان وت ئاگاداربن هیچ شتێک نەکەن بەرامبەرمان وەک ئەوەی 7ی ئۆکتۆبەرمان لەدەست دێت بەرامبەرتان، وە لێدوانی دووەمیش بۆ ئەوەی لە ناوەندی جیهانی تووشی بەرپرسیارێتی نەکات و بڵێ ئەوەتا لێدوانی یەکەم بەوەی ئێران لە پشت چالاکییەکەی 7ی ئۆکتۆبەرەوە بووە بە درۆمان خستەوە بە لێدوانی دووەم."

"بە بۆچونی من بزووتنەوەی حەماس جیاوازتر لە هەموو بزوتنەوە جیهادییەکانی تر کاردەکەن و هیچ کەسی بێگانە قبول ناکەن لە ناوخۆی خۆیان لەبەر بابەتی سیخوڕی نەکردن بە سەریانەوە یان دروستکردنی جیاوازی لە نێوانیان، جگە لەوەش حەماس زۆر لەوە زیرەکتر و وریاترن بێن وڵاتێکی وەک ئێران یان وڵاتانی تر ئاگادار بکەنەوە پێش وەختە لە چالاکییەکی وا گەورە و گرنگ، ڕەنگە میسر یان لایەنێکی تر شتێکی کەمی زانیبێت، بەڵام بە ئەندازەی گەورەییەکەیان نەزانیبوو بێگومان."

دکتۆر عەدالەت عەبدوڵڵا:
"هەمیشە ئێران هەوڵی داوە کە ئەوە پیشان دەدات ڕاستەوخۆ دەستی هەبووە لەسەر هێرشەکەی سەر ئیسڕائیل بە دیاریکراوی هێرشی سەر ئۆردوگا جووە نشینەکان، بۆیە ئەو لێدوانەی ئێران جۆرێکە لەو تەڵە سیاسیەی کە ویستراوە ئێران تێی بکەوێت، بێگومان وەکو ڕێگایەک تەماشای دەکرێت بۆ چۆنیەتی تێوەگلانی ئێران لەو هێرشانەوە لەسەر زمانی خۆی، ئەگەر لێدوانی دووەم کە پێچەوانەبوو بە دوایدا نەهاتایە خراپ لەسەر ئێران دەکەوت، بەڵام ئێرانیەکان زۆر وریایانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکەن، لە هەموو دۆخێکدا دەیانەوێت خۆیان بەدور بگرن لە دروستکردنی هەر گومانێک لەسەر ئەوەی ئێران ڕۆڵی ڕاستەوخۆی هەبووبێت لە بەرپاکردنی ئەو جەنگە دژ بە ئیسڕائیلییەکان، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوەش ناشارێتەوە کە پشتگیری و هاوکاری حەماس دەکات، بەڵام ڕەتیدەکاتەوە ڕاستەوخۆ دەستی لە هێرشەکانی 7ی مانگی ئۆکتۆبەر هەبووبێت بۆسەر ئیسڕائیل."

مامۆستا حسێن ڕابی:
"ئیسرائیل خۆی باش دەزانێت کە ئێران ڕاستەوخۆ دەستی لە هێرشەکەی حەماسدا هەبووە، بەڵام ئەوەی هەتا ئێستا دەستی ئیسرائیلی گرتووە ئەمەریکایە کە نایەوێت شەڕەکە گەورەتر بێت، ئەم لێدوانەی ئێران لەلایەک غیرەتدان بوو بە خەڵک و گروپەکانی خۆی بەوەی ڕاستە ئیسرائیل سەرە گەورەکانی ئێران دەکوژێت، بەڵام ئێران دەسەڵاتی هەیە و دەتوانێت کردەوەی وەها بکات، لەلایەکی تریشەوە پەیامێک بوو بۆ ئیسڕائیل کە دەتوانێت لە ناوچەکانی ترەوە لە نابلوسەوە هەمان شت دووبارە بکاتەوە و هێرش بکاتەوە سەر ئیسڕائیل، ئیسڕائیل لەمە باش تێگەیشتووە و هەستاوە بە چۆڵکردنی ئەو ناوچانە، بە ڕای من غەززە تەواو بوو، کۆتایی هات، شەڕەکە بەرەو باکور دەڕوات و ئێرانیش بووە مەقاشی دەستی ڕووسیا بۆ ئەوەی حەماس بەکاربهێنێت هەتا چاوی دنیا لەسەر ئۆکرانیا لابچێت، وە لە لەیەک کێشەی هاوکاریکردنی ئۆکرانیا دروست ببێت وەک ئەوەی ئێستا دەبینین ئەو هاوکارییەی ئەمەریکا لە کۆنگرێس وەستاوە، بۆیە هەتا ئێستا سوودمەندی یەکەم لەم شەڕەی غەززە پوتین و ڕووسیایە بە تەنها، ئەوەی 7ی ئۆکتۆبەر حەماس کردی هۆلۆکۆستی بیری ئیسڕائیل خستەوە کە بەبێ هیچ جیاوازییەک ئەوەی هاتە بەردەستی حەماس کوشتیان، بەڕای من شەڕەکە تازە دەستیپێکردووە غەززە تەواو بووە و فرۆشراوە چ لەلایەنی میسر، سعودیە، ئەردەن، تەنانەت قەتەریشەوە."

XS
SM
MD
LG