Accessibility links

سزای بڵاوکردنەوەی ئاڵای تورکیا بۆ نەوەکەی شێخ سەعید هەڵدەوەشێتەوە


سەندیکای پارێزەرانی ئامەد ڕۆژی هەینی، 29ی مانگی دوازدە ڕایگەیاند سزای 30 ڕۆژ بڵاوکردنەوەی ئاڵای تورکیا لە سۆشیال میدیا بۆ نەوەیەکی شێخ سەعید پاش داوای پێداچوونەوە بۆ سزاکەی، هەڵوەشێنراوەتەوە.

سەندیکای پارێزەرانی ئامەد بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی دادگای لە تۆڕی ئێکس ڕاگەیاند و نووسیوێتی "بڕیارەکە سەبارەت بەو کەسەی کە لە ماوەی (30 ڕۆژ)دا دەبێت هەموو ڕۆژێک ئاڵای تورکیا لە ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیا بڵاوبکاتەوە، لە ئەنجامی پاڵپشتی یاسایی پارێزەرەکەمان و بەدواداچوونەکانمان هەڵوەشێنرایەوە."

ڕوشەن فرات، کە نەوەى شێخ سەعیدە، مانگی یەکی ئەمساڵ لە ناوچەی خنووسی سەر بە پارێزگای ئەرزەرۆم بە تۆمەتی ئەوەی بانگەشە بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سۆشیال میدیا کردووە، دەستگیرکرا.

فرات کە دانیشتووی خنووسە، جارێک لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیا وێنەیەکی لە بەردەم ئاڵای هەرێمی کوردستاندا گرتووە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردووەتەوە.

جارێکی تریش بە هۆی بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە کە لە کۆنگرەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بڵاوبووەتەوە، تاوانبار کراوە.

دوای حەوت ساڵ لە بڵاوبوونەوەی ئەو پۆستانە لە فەیسبوک، فیرات لە ساڵەکانی 2015 و 2016 دەستگیرکرا و ئەو دوو وێنەیە وەک بەڵگەی پڕوپاگەندە بۆ پەکەکە لە دادگا پێشکەشکران.

لە دادگای خنووس داواکاری گشتی داوای کرد فرات بە 2 ساڵ و 7 مانگ سزا بدرێت.

دادوەرەکان هەروەها بڵاوکردنەوەی ئاڵای تورکیا لە سەرجەم ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیا بۆ ماوەی 30 ڕۆژ وەک سزا بەسەر ڕۆشەندا سەپاندبوو.

بەڵام دوای ماوەیەک دادگاکە بڕیار ئەدات ڕوشەن فرات ئازادبکات بەو مەرجەی هەفتەی 3 جار لای پۆلیس واژۆ بکات و بۆ ماوەی 30 ڕۆژیش تورکیا بەجێنەهێڵێت.

ئەو دادگایە ڕایگەیاندبوو "ئەگەر ڕوشەن فرات بۆ ماوەی 30 ڕۆژ ئاڵای تورکیا لە ئیکس(تویتەر) و فەیسبووک و ئینستاگرام بڵاونەکاتەوە و هەفتەی 3 جاریش نەچێتە بنکەی پۆلیس و واژۆ نەکات، ئەوا دووبارە دەستگیر دەکرێتەوە".

دوای بڕیارەکەی دادگا فرات ناچار بوو دەستبکات بە بڵاوکردنەوەی ئاڵای تورکیا لە هەژمارەکانی سۆشیال میدیا.

پارێزەرانی فرات داوایان لە لیژنەی باڵای دادوەران و داواکارانی گشتی تورکیا کرد بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لە دژی ئەو ئەندامانەی دادگا کە ئەو بڕیارەیان داوە.

بڕیاری دادگا بۆ بڵاوکردنەوەی ئاڵای تورکیا بوو بە جێگای ڕەخنەی توند و ناڕەزاییەتی بەرفراوانی خەڵکی کوردستانی لێکەوتەوە و هەزاران کورد "ئاڵای کوردستان"یان لە سۆشیال میدیا بۆ پشتیوانی لە فرات بڵاوکردەوە.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وەک دەزگای مافی مرۆڤی تورکیا (TIHV) بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاندووە ئەو بڕیارە دژی مافەکانی مرۆڤە.

هەروەها ڕاگەیەندراوە کە فرات ئێستا تەنها هەفتەی جارێک دەچێتە بنکەی پۆلیس بۆ واژۆکردن، بەڵام قەدەغەی گەشتکردنی هێشتا بەردەوامە و وەک خۆی ماوەتەوە.

سەرچاوەکان/ سەندیکای پارێزەرانی ئامەد، بەشی تورکی دەنگی ئەمریکا

XS
SM
MD
LG