Accessibility links

تورکیا 32 کەس بە تۆمەتی هاوکاریکردنی داعش دەستگیر دەکات


ئاژانسە هەواڵییەکانی تورکیا رۆژی هەینی بڵاویانکردەوە کە هێزەکانی ئاسایشی ئەو وڵاتە 32 تۆمەتباری پەیوەندیدار بە داعشیان لە ناوچە جیاجیاکانی تورکیا دەستگیرکردووە کە گوایە پلانیان هەبووە هێرش بکەنە سەر کنیشت و کڵێساکان و باڵیۆزخانەی عێراق.

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕۆژی هەینی 29ی مانگی دوانزە ڕایگەیاند هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە 9 پارێزگا، 29 کەسیان دەستگیرکردووە کە گومانیان لێدەکرێت پەیوەندییان لەگەڵ گروپی چەکداری داعش هەبێت.

وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندووە "تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان خۆیان ئامادە کردبوو بۆ هێرشکردنە سەر کڵێسا و کنیشتی جووەکان."

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی سەر بە دەوڵەتی تورکیا بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئەمنییەکان ڕایگەیاند کە لەو ئۆپەراسیۆنەدا سێ تۆمەتباری دیکەی پەیوەندیدار بەوانەوە دەستگیرکراون. بەگوێرەی ئەو ئاژانسە، ئەو سێ کەسە ئەندامی باڵای داعش بوون و یەکێکیان بەنیازبووە هێرش بکاتە سەر باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنکەرە.

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ وردەکاری زیاتری لەبارەی تۆمەتباران و ئۆپەراسیۆنەکەوە نەخستوەتەڕوو.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، 22ی مانگی دوازنزەش وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند بەرپرسانی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە 32 هەرێمی وڵاتەکە، 304 کەسییان بە گومانی پەیوەندییانەوە بە ڕێکخراوی داعشەوە دەستگیرکردووە.

ڕێکخراوی داعش چەندین هێرشی لە تورکیا ئەنجام داوە، لەوانەش، لە 1 ی مانگی ساڵی 2017 دا هێرشییان کردە سەر یانەیەکی شەوانە لە ئیستەنبوڵ کە بەهۆیەوە 39 کەس کوژران.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG