Accessibility links

دکتۆر جەبار قادر: تورکیا شەڕی غەززەی قۆزتووەتەوە تا ئەوەی دەیەوێت بیکات بەبێ ئەوەی هەست بە  کاردانەوەیەکی نێونەتەوەیی بکرێت


دکتۆر جەبار قادر
دکتۆر جەبار قادر

هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا هەروادێ زیاتر دەبن و زیانێکی زۆری گیانیش تۆمارکراون.

دکتۆر جەبار قادر، پسپۆڕی کاروباری سیاسی و ئاسایشیی تورکیا لەوبڕوایەدا نییە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و حکومەتەکەی لە ڕێی ئەو هێرش و کردە لەشکریانەوە بتوانن ئامانجەکانی خۆیان بپێکن، بەڵام وەک دەڵێت "دەتوانن کێشەی گەورە دروست بکەن بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها لە باشوری کوردستانیش، چونکە زیانێکی زۆر لە ژیانی خەڵک و لە ژێرخانی ئابوری ناوچەکان دەدەن و زیانێکی زۆریش دەدەن لە هەموو ئەو دەزگایانەی خزمەتگوزاریی گشتی پێشکەش دەکەن."

پێشتر زۆرێک لە چاودێر ئاماژەیان بەوە کردووە ئانکەرە سوودێکی زۆری لە قەیرانی غەززە بینیوە؛ دکتۆر جەبار هاوڕایە و دەڵێت "بەڵێ، تورکیا قەیران و شەڕی غەززەی قۆزتووەتەوە تا ئەوەی دەیەوێت بیکات بەبێ ئەوەی هەست بە کاردانەوەیەکی نێونەتەوەیی بکرێت دژ بەو هێرش و پەلامارانەی تورکیا دەیانکاتە سەر باشور و ڕۆژئاوای کوردستان، بەبێ ئەوەی هەڵوێستێکی ڕژد وەربگیرێت."

لە مێژووی کۆماری تورکیادا لەشکر گرنگییەکی تایبەتی هەیە، وەک دکتۆر جەبار ئاماژەی پێدەکات، خەڵک وەها ڕاهێندراون کە ئەرکەکانی سوپا ئەرکی پیرۆز ببینن و لەهەر کوێیەکیش ئەو ئەرکانە بەجێبگەیەنێت بەلایانەوە گرنگ نییە.

بەهۆی هێرش و کردە لەشکرییەکانی تورکیاوە دەکرێت بگوترێت ڕۆژانە ژمارەی جیاواز لە سەربازەکانی تورکیا دەکوژرێن، بەڵام ئایا ئەو زیانە گیانیانە چەندێک کاریگەرییان دەبێت بەسەر ڕێبازە ئاسایشییەکانی خودی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیاوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە هێشتا بە تەواوەتی نەزانراوە؛ بەڵام دکتۆر جەبار قادر لەوبڕوایەدایە وەک دەڵێت "ئەڵبەت کەسوکاری ئەوانەی دەکوژرێن لەو شەڕانەدا، ناڕەزاییان دەبێت، بەڵام لە ماوەی نزیکەی 40 ساڵی ڕابردوودا کە هێزەکانی تورکیا لە شەڕدان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان و ڕێکخراوە کوردییەکاندا؛ هەڵوێستێکی ئەوتۆ نەبینراوە لەلایەن خەڵکەوە چونکە ئەو هێزە کوردیانە بە هەڕەشە و بە دوژمنێکی گەورەش لەسەر تورکیا دادەنرێن، هەربۆیە خەڵکی تورک لەو وڵاتەدا بە هەر شێوەیەک بێت پشتیوانی خۆیان بۆ لەشکری تورکیا دەردەبڕن."

تورکیا و یەکێتی ئەوروپا و هەروەها ئەمەریکا، پارتی کرێکارانی کوردستان بە ڕێکخراوێکی تێرۆریست ناودێر دەکەن.
ئانکەرە نەک هەر پەکەکە، بەڵکو جودابیران و چالاکوانان و ڕۆژنامەوانانی کوردیش لە تورکیادا بە یاساکانی دژە تێرۆر دادگایی دەکات و هەر بەو یاسایانەش سزای زیندانی کردنیشیان بەسەردا دەسەپێنێت.
ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکان دەکەن، لە ڕاپۆرتەکانیاندا جەختێکی زۆر دەکەنەوە لەو پێشێلکاریانەی دەسەڵاتدارانی تورکیا دەیکەن بەرامبەر بە کورد و کەمایەتییەکانی تری ناو تورکیا وەک عەلەوییەکان.

لە ئێستادا لەناو تورکیادا، ئاماژە بە ڕۆڵی خڵوسی ئاکار، وەزیری پێشووی بەرگری تورکیا دەکرێت و ڕەخنەیەکی زۆریشی لێدەگیرێت بەتایبەتی لەلایەن ژەنەراڵە خانەنشینەکانەوە لەسەر ئەو ڕێبازە لەشکریانەی گرتبوونیەبەر بۆ هێرشکردنە سەر کورد لە عێراق و لە سوریاشدا.

هەر لەم یەک دوو هەفتەیەی ڕابردوودا، ئورکون ئوزڵەر، ژەنەراڵی خانەنشین، لە لێدوانێکیدا لەسەر یەکێک لە تەلەفزیۆنەکانی تورکیا وتی "خڵوسی ئەو هێزانەی ناردووە بۆ ئەو ناوچانە و ئێمە باجەکەی دەدەین."

ئەم ژەنەراڵە خانەنشینە لە لێدوانەکەیدا جەختی کردووەتە لەوەی وەک دەڵێت "بە نیوەی ئەو هێزانەی نێردراون بۆ ئەو ناوچانە، دەتوانم سنورەکانی تورکیا بپارێزم."
دکتۆر جەبار قادر دەڵێت زۆر جار ئەو ژەنەراڵە خانەنشینانە قسەیان کردووە و کۆمەڵێک نهێنییان ئاشکرا کردووە و باسیان لەوەش کردووە ئەو ستراتیژیەتە سەربازییەی ئێستا جێبەجێدەکرێت، ئامانجەکان ناپێکێت.

دکتۆر جەبار دەڵێت " ژەنەراڵە خانەنشینەکان دەڵێن ئەگەر خۆیان سەرپەرشتی ئەو ستراتیژەتەیان بکردایە ئەوا دەیانتوانی کارێکی باشتر بکەن."

دکتۆر جەبار قادر دەشڵێت ئەو ژمارانەی زیانە گیانییەکانی ژەنەراڵە خانەنشینەکان باسی دەکەن بەشێکە لەو شەڕە دەروونییەی لە چەند ڕەهەندێکەوە دەکرێت لە نێوان تورکیا و کورد، هەروەهاش ژەنەراڵە خانەنشینەکان و دامەزراوەی لەشکریی ئێستای تورکیا.

XS
SM
MD
LG