Accessibility links

لە وەڵامی قسەکانی ئەردۆغان دژ بە ئیسرائیل، نەتانیاهۆ دەڵێت تورکیا کە جینۆسایدی دژی کورد دەکات بۆی نییە ئامۆژگاری ئێمە بکات


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەدۆلف هیتلەردا نییە و هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر غەززە بە مامەڵەی نازییەکان لەگەڵ جووەکاندا بەراورد کرد.

تورکیا ئەندامی ناتۆ کە پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکات بۆ کێشەی ئیسرائیل و فەلەستینییەکان، ڕەخنەی لە هێرشی ئاسمانی و زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە گرت و بە "دەوڵەتی تیرۆر" ناوی برد و ڕایگەیاند کە دەبێت سەرکردەکانی لە دادگا نێودەوڵەتییەکان دادگایی بکرێن.

ئەردۆغان لە لێدوانە توندەکانی بەردەوام بوو و گوتی تورکیا پێشوازی لەو ئەکادیمی و زانایانە دەکات کە ڕووبەڕووی گۆشەگیری دەبنەوە بەهۆی بۆچوونەکانیان سەبارەت بە ململانێی غەززە، ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتانی ڕۆژئاوایی کە پشتیوانی ئیسرائیل دەکەن، هاوبەشن لەو کردارەی کە بە تاوانی جەنگ ناودێری کرد.

ئەردۆغان گوتیشی "پێشتر قسەی ناشرینیان لەسەر هیتلەر دەکرد، تۆ چ جیاوازییەکت لەگەڵ هیتلەردا هەیە؟ ئەوان وامان لێدەکەن بیری هیتلەر بکەین، ئایا ئەوەی ئەم نەتانیاهۆیە دەیکات کەمترە لەوەی هیتلەر کردوویەتی؟ کەمتر نییە،"

گوتیشی "ئەو لە هیتلەر دەوڵەمەندترە، پشتیوانیش لە ڕۆژئاوا وەردەگرێت. هەموو جۆرە پشتیوانییەکی لە ئەمەریکاوە دەکرێت. ئایا چییان بەو هەموو پشتیوانییە کرد؟ زیاتر لە 20 هەزار خەڵکی غەززیان کوشت."

نەتانیاهۆ ش وەلامی قسەکانی داواتەوە و دەڵێت "پێویستە سەرۆک کۆماری تورکیا دوا کەس بێت ئیسرائیل نەسیحەت بکات."

نەتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت "ئەردۆغان کە جینۆساید لە دژی کورد ئەنجام دەدات، خاوەنی ژمارەی پێوانەیی جیهانییە لە زیندانیکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی دژایەتی دەسەڵاتەکەی دەکەن، دوا کەسە کە بتوانێت باسی ئەخلاق بۆ ئێمە بکات."

سەرەڕای ڕەخنەکانی لە ئیسرائیل، تورکیا پەیوەندییە بازرگانییەکانی پاراستووە، ئەمەش کاردانەوەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و ئێرانی بەدوای خۆیدا هێناوە. ئانکەرە دەڵێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، پاش ئەوەی گروپی چەکداری فەلەستینی حەماس هێرشێکی کوشندەی کردە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە 1200 کەسی کوشت پاش ئەوەیش ئیسرائیل بە هەڵمەتی ئاسمانی و زەمینی وەڵامی دایەوە و لەو کاتەوە شەڕ بەردەوامە.

تورکیا بە پێچەوانەی هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی و هەندێک لە وڵاتە عەرەبییەکان، وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە حەماس ناڕوانێت.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG