Accessibility links

بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرش دەکرێتە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر


دەزگای دژە تیرۆری کوردستان ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی هەولێر.

دژە تیرۆر لە ڕاگەیاندنەکەیدا دەشڵێت هێرشەکە لە کاتژمێر 4 و سێ خولەکی پاش نیوەڕۆ ئەنجام دراوە، بەڵام ئاماژەی بە زیانی گیانی نەکردووە.

هەر پاش هێرشەکە گروپی چەکداری مقاوەمەی ئیسلامی کە گرووپێکی شیعەیە، بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ.

گرووپەکە لە کەناڵی تەلەگرامی خۆیەوە ئاماژەی بەوە کردووە هێرشەکەیان کردووەتە سەر بنکەی هەریر و دەڵێت "وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو کوشتنکارییەی قەوارەی زایۆنی بەرامبەر بە کەسوکارمان لە غەززە دەیکات، موجاهیدەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بنکەی هەریریان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە چەند درۆنێک کردووەتە ئامانج و بەردەوام دەبین لە کردنە ئامانجییان."

بەڵام هێرشەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕوویداوە نەک بنکەی هەریر، بنکەی هەریر نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دوورە.

دەنگی ئەمەریکا هەوڵی دا پەیوەندی بکات بە فڕۆکەخانەی هەولێر بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران چەندین جار بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانانیان لە هەریر و عەین ئەسەد کردووەتە ئامانج.

ڕۆژی چوارشەممەی 20ی مانگی 12 موشەکێک بنکەی ئاسمانی عەین ئەسعەدی لە عێراق کردە ئامانج، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

هێرشەکەی سەر عەین ئەلئەسەد پاش سەردانەکەی هەفتەی ڕابردووی ڤیکتۆریا نۆلان جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بوو بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە.

لە کۆبونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی باس لەو بابەتە کراوەو و سودانی جەختی کردووەتەوە لەوەی "حکومەتی عێراق بە ڕژدی وابەستەیە بە پاراستنی سەقامگیریی ئاسایش لە وڵاتەکەدا و هەروەهاش پاراستنی نێردە دیپلۆماتییەکان و بنکەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان."

XS
SM
MD
LG