Accessibility links

ئێران لەسەر غەززە هەڕەشەی داخستنی دەریای ناوەند دەکات

گەورەترین کەشتی فڕۆکە هەڵگر لە جیهاندا، کەشتی یو ئێس ئێس جیڕاڵد ئاڕ فۆردی ئەمەریکایی،-دەریای ناوەند
گەورەترین کەشتی فڕۆکە هەڵگر لە جیهاندا، کەشتی یو ئێس ئێس جیڕاڵد ئاڕ فۆردی ئەمەریکایی،-دەریای ناوەند

دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران بڵاویکردەوە فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندووە دەتوانرێت دەریای ناوەند دابخرێت ئەگەر ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بەردەوام بن لە ئەنجامدانی "تاوان" لە غەززە، بەبێ ئەوەی ڕوون کردنەوە بدات لەسەر ئەوەی چۆن ئەوە ڕوودەدات.

ئێران پشتیوانی لە حەماس دەکات دژی ئیسڕائیل و ئەمەریکای تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە ئیسڕائیل و " تاوانەکانی لە غەززە."

دەزگای هەواڵی تەسنیم لە زاری جەنەڕاڵ محەمەد ڕەزا نەقدییەوە بڵاویکردەوە "بەمزووانە داخستنی دەریای ناوەند و تەنگەی جبل طارق و ڕێڕەوەکانی دیکە دەبینن." نەقدی فەرماندەی هەماهەنگیکارە لە سوپای پاسدارانی ئێران.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا حوسییەکانی یەمەن کە بە هەمان شێوە ئێران پشتیوانییان لێدەکات هێرشییان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا، ئەوەش وەکو تۆڵەیەک لە هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە. ئەم هێرشانەش وایکردووە هەندێک لە کەشتییەکان ڕێڕەوەکانییان بگۆڕن.

ڕۆژی هەینی کۆشکی سپی وتی ئێران " بە قووڵی بەشدار بووە " لە پلانی ئۆپەراسیۆنەکاندا دژی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا.

ئێران هیچ دەستڕاگەیشتنێکی ڕاستەوخۆی بۆ دەریای ناوەند نییە و ڕوون نییە سوپای پاسداران چۆن دەتوانێت هەوڵی داخستنی بدات، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی نەقدی باسی لە " لە دایکبوونی هێزی بەرهەڵستکاری زیاتر و داخستنی ڕێڕەوە ئاوییەکانی دیکە " کرد.

دەزگاکە لە زاری نەقدییەوە بڵاویکردەوە " دوێنێ کەنداوی فارس و تەنگەی هورموز بوونە خەوێکی ناخۆش بۆ ئەوان، ئەمڕۆش لە دەریای سوور گیرییان خواردووە."

تەنها گروپی چەکداریی کە لەسەر دەریای ناوەند بن و لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێبکرێت حیزبوڵای لوبنان و گروپە چەکدارییەکانی ناو سوریان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG