Accessibility links

هێرشێکی مووشەکی دەکرێتە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق


ناوەندی فەرماندەیی ئەمەریکا (CENTCOM) بڵاویکردەوە، ڕۆژی چوارشەممە موشەکێک بنکەی ئاسمانی عەین ئەسعەدی لە عێراق کردووەتە ئامانج، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزی ئەرکی هاوبەش شوێنی هێرشەکەی دەستنیشانکردووە زانیارییەکانی داوە بە هێزە ئاسایشییەکانی عێراق کە گەیشتوونەتە شوێنەکە بۆ لێکۆڵینەوە کردن.

سوپای ئەمەریکا ئاماژەی بەوە نەکردووە چ کەس یان لایەنێک دەستی لە هێرشەکەدا هەبووە، بەڵام لەم دواییانەدا ملیشاکانی سەر بە ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە ئەمەریکاییەکان لە عێراق و سوریا زیاد کردووە.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، بەپێی بەڵگەنامە و داتاکانیان، 7 ی مانگی دە و پەرەسەندنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە زیادیان کردووە.

ڕاوانگەکە دەشڵێت ئەو گرووپە چەکدارانەی کە ئێران پشتیوانیان لێدەکەن، لە چوارچێوەی "تۆڵەی غەززە"دا بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر بنکەکانی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و لە 19ی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا 60 هێرشی زەمینی و ئاسمانیان کردووە.

هێرشەکەی سەر عەین ئەلئەسەد پاش سەردانەکەی ڤیکتۆریا نۆلان جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بوو بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە.

لە کۆبونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی باس لەو بابەتە کراوەو و سودانی جەختی کردووەتەوە لەوەی "حکومەتی عێراق بە ڕژدی وابەستەیە بە پاراستنی سەقامگیریی ئاسایش لە وڵاتەکەدا و هەروەهاش پاراستنی نێردە دیپلۆماتییەکان و بنکەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان."

XS
SM
MD
LG