Accessibility links

مامۆستایەکی ئاینیی کورد لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای زیندانی بەسەردا دەسەپێندرێت


ئیبراهیم سەلیمی
ئیبراهیم سەلیمی

مامۆستایەکی ئاینیی کورد لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێ سال زیندانی کردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕێکخراوەکانی کە پشت بە چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستن ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاند مامۆستا ئیبراهیم سەلیمی، خەڵکی پیرانشار لەلایەن لقی دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئاینیی لە شاری ئورمییە سزای سێ ساڵ زیندانی کردنی بەسەردا سەپێندراوە.

بە پێی ڕاپۆرتەکان سەلیمی، وتارخوێنی مزگەوتی چواریار نەبی لە پیرانشار بە تۆمەتی پشتیوانی لە بزووتنەوەی"ژن، ژیان ئازادی" و پشتگیریکردن لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو دەستگیرکراوە.


بە پێی زانیارییە ئەم مامۆستا ئاینییە کوردە سوننەیە، لە 31ی مانگی یەکی ساڵی 2023 لەلایەن وەزارەتی ئیتڵاعاتەوە لە پیرانشار بانگکراوە بەهۆی واژۆکردنی لەسەر بەیاننامەیەک بۆ پشتیوانی کردنی لە خۆپێشاندانەکانی دژ بە حکومەت کە بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینی کچە کوردی خەڵکی سەقز لە دەمی دەستبەسەری پۆلیسدا هاتە ئاراوە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەش دەکەن لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا، هیچ ڕێگەی پێنەدرا دەستی بە پارێزەر ڕابگات و خێزانەکەی سەردانی بکەن.


پاشان لە 20 ی مانگی دوو بۆ ماوەیەکی کاتیی لە زیندانی ناوەندی ئورمییە بە کەفالەتی نزیکەی 10 هەزار دۆلار (500 ملیۆن تمەن) ئازاد کرا.

جێی باس لە ماوەی ڕابردوودا ئەمە چەندین جارە حکومەتی ئێران مامۆستایانی ئاینیی دەستگیربکەن، تەنها لە ماوەی ئەم مانگەدا بە پێی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ، چوار مامۆستای ئاینیی دیکەی خەڵکی پیرانشار لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئاینیی لە ئورمیە سزا دراون.

XS
SM
MD
LG