Accessibility links

چارەسەری دیاردەی سەگی بێ لانە چییە؟


وا چەندین ساڵە سەگی بێ لانە بووەتە دیاردەیەکی بەرچاو لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و بەبێ چارەسەرێکی بنەڕەتی ماوەتەوە، هەرچەندە کۆمەڵێک ڕێوشوێن لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە گیراونەتەبەر. بەردەوام هەواڵی ئەوە دەبیستین سەگ پەلاماری خەڵکی داوە و تەنانەت لە هەندێک ناوچە منداڵان ئەگەر کەسێکی گەورەیان لەگەڵدا نەبێت ناوێرن بچنە بەردەرکی ماڵەکانیان.
دەپرسین:
بۆچی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەم دیاردەیە دانانرێت؟
ڕێکخراوەکانی بەرگری لە ئاژەڵان چۆن دەتوانن هاوکاربن؟
ئایە ئەو سەگانە بوونەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی؟
هەتا چەند ئەو قسەیە ڕاستە زیادبوونی لە ڕادەبەدەری ژمارەی سەگی بێ لانە بووەتە کەمکردنەوەی ژمارەی پێشیلە؟
هۆکاری زیادبوونی ژمارەی سەگی بێ لانە و بڵاوبونەوەیان بە شەقامەکاندا بۆچی دەگەڕێتەوە؟
ئایا شەڵتەر و نەزۆککردنییان هەتا چەند چارەسەرە؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاوتوێی پرسی چارەسەری بنەڕێتی بۆ سەگە بێلانەکان لە هەرێمی کوردستان دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:
دکتۆر ئاواز سەردار، لێپرسراوی ڤێرتنەری بەکرەجۆ.
ئەندازیار ژیار جلال، بەڕێوەبەری ژینگەپارێزی هەولێر .
ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی شارەوانی دهۆک.

please wait

No media source currently available

0:00 0:57:35 0:00

دکتۆر ئاواز سەردار:
"وەکو ئامار ئامارێکمان لا نییە لەسەر ژمارەی سەگی بێلانە، بەداخەوە دیاردەکە ناشارستانی و ناتەندروستە هەم بۆ مرۆڤ و بۆ خودی ئەو ئاژەڵانەش، ماوەی دوو ساڵە شەڵتەرێک بۆ ئەو سەگانە کراوەتەوە کە سەرۆکایەتی شارەوانی سەرپەرشتی دەکات و لایەنی تەندروستی شەڵتەرەکەش بە ئێمە سپێردراوە. هەتا ئەم دەقەیەی قسەی تێدا دەکەم، نە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی، نە لەلایەنی وەزارەتی کشتوکاڵ کە وەزارەتی ئێمەیە، نە لە لایەنی ئەنجومەنی وەزیرانەوە هیچ بودجەیەک بۆ ئەو شەڵتەرە دابین نەکراوە بەداخێکی زۆرەوە، لەسەر کەمپینی خێری ئاژەڵ دۆستان و مرۆڤ دۆستان ئەم شەڵتەرە هاوکاری کراوە، بڕی 1000 ڤاکسین بۆ سەگەکان کراوە، وە 400 نەشتەرگەری نەزۆک کردن بۆ ئەو سەگانە کراوە کە هەموو پێداویستییەکان هەر لەلایەن ئەو کەمپینەوە دابینکراوە."

"نزیکەی 250 نەخۆشی هاوبەش لە نێوان ئاژەڵ و مرۆڤدا هەیە کە مرۆژەڵی هەیە، کە لە نێوان ئاژەڵان خۆیان بڵاودەبێتەوە، دەشگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، من نامەوێت ترس بڵاوبکەمەوە، چونکە هەتا ئێستا نەخۆشییەکی وەها بڵاونەبووەتەوە کە لە سەگەوە بووبێت، بەڵام چەندین نەخۆشیمان هەیە کە لە سەگەوە دەگوازرێتەوە، وەک تورەکەی ئاوی و هاری و گەڕی. بەڵێ بوونی ئەم ژمارە زۆرەی سەگ چەند ناشارستانیە ئەوەندەش ناتەندروستییە، هیوادارم حکومەتی هەرێم بودجە تەرخان بکات بۆ ئەوەی ئەمڕۆ ژمارەکان سنوورداربکرێن، نەک ڕۆژبەڕۆژ بەهۆی زاوزێوە زیاد ببن."

ئەندازیار ژیار جلال:
"زیادبوونی سەگی سەرشەقام نەک لە کوردستان بەڵکو لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیش کۆنترۆڵ ناکرێت، ئەوەی خەڵک لە ئێمەی چاوەڕێ دەکات نەهێشتنی سەگە بە شێوەیەکی تەواوی لەسەر شەقامەکان کە ئەمە بە هیچ جۆرێک پێی ناگەین مەگەر هەڵمەتێکی نامرۆڤانە بکرێت، کۆکردنەوەی سەگەکان و دروستکردنی شەڵتەر بۆیان بۆ سنووردارکردنی ژمارەیانە، نزیکەی دوو مانگە دەستمان بە کۆکردنەوەی سەگ کردووە کە ژمارەیان 3500 سەگە، بەپێی ئامارێکی نافەرمی باس لەوە دەکرێت کە لە نێوان 15 هەزار بۆ 20 هەزار سەگی بێلانە لە ناو شاری هەولێر هەن، بۆیە چارەسەری بنەڕەتی تەنها کۆنترۆڵکردنی ژمارەیانە، ئێمە وەکو حکومەت نامانەوێت بە تەواوەتی ئەو ئاژەڵە (سەگی بێلانە) نەمێنێ، چونکە ئەو سەگانە ئەڵقەیەکی تەواوکەری ژینگەیە، بەبۆنەی ئەو ئاژەڵانەوەیە وایکردووە کە خشۆکەکانی وەک مار و دووپشک و قرتێنەری وەک جرج و مشک سنوورداربوون لە ناو شارەکان، ئەگەر ئەو سەگانە بە تەواوی لە ناو شارەکان نەبینن ئەوا چەند ئاژەڵێکی تر دێنە شارەکان کە زیانیان زۆر زیاترە لە سەگ، لە کاتێکدا کە سەگ لە زۆربەی کاتەکاندا دۆستی مرۆڤن نەک دوژمن."

ئیسماعیل مستەفا:
"وەکو پارێزگای دهۆک هەمان شتی وەک شارەکان ژمارەیەکی زۆر سەگی بێلانە هەیە، بۆیە هەم وەک کۆنترڵکردنیان و هەم کارێکی مرۆڤانە بۆ پاراستنییان بڕیارمان داوە بە دروستکردنی شەڵتەر و پرۆژەمان هەیە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری نەزۆککردنیان."

XS
SM
MD
LG