Accessibility links

چالاکوانێکی کوردی سەندیکای کرێکاری بە 4 ساڵ زیندانیکردن سزا دەدرێت


فەواد فەتحی چالاکوانی کرێکاری
فەواد فەتحی چالاکوانی کرێکاری

فەواد فەتحی چالاکوانی کرێکاری خەڵکی سنە کە دانیشتووی تارانە، لە دادگای ئینقلابی ئیسلامی تاران بە 4 ساڵ زیندانیکردن سزا دەدرێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی سەندیکای ئازادی کرێکارانی ئێران، جیا لە سزای 4ساڵ زیندانیکردن بۆ ئەو چالاکوانە، سزای قەدەغەکردنی چوونەدەرەوەی وڵات بۆ ماوەی دوو ساڵ، قەدەغەکردنی ئەندامێتی لە گرووپ و ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بۆ ماوەی دوو ساڵ و دوورکەوتنە لە تاران و دەوروبەری ئەو شارە بۆ ماوەی دووساڵ بەسەر ئەو چالاکوانە کوردەدا سەپێنراوە.

فەواد فەتحی بە تۆمەتەکانی ئەندامێتی لە گرووپەکانی دژە حکومەت و چالاکی کردن دژی ئاسایشی نیشتمانی و پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت تۆمەتبار کراوە.

ئەو چالاکوانەی مافەکانی کرێکاران سەرەتاکانی مانگی یازدەی ئەمساڵ لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و بۆ زیندانی ئێڤین گوازرایەوە.

دامودەزگاکانی ئاسایش و دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران بەزۆری ئەو جۆرە تۆمەتانە لە دژی چالاکوانانی کرێکاری، خانەنشینان و مامۆستایان بەکار دەهێنن و لە ئێستاشدا ژمارەیەک لە چالاکوانانی بەرگریکار لە مافەکانی کرێکاران و مامۆستایان بە هەمان تۆمەت زیندانی کراون.

هەفتەی ڕابردووش ئازاد خانچەزەڕ، چالاکوانی سەندیکای کرێکاری خەڵکی شاری مەریوان، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام ڕایگەیاند دادگای تێهەڵچوونەوەی پارێزگای کوردستان بە تۆمەتی پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت سزای 6 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاندووە.

سزای زیندانیکردنی ئەو چالاکوانەی سەندیکای کرێکاری لە هەلومەرجێکدا پشتڕاستکراوەتەوە کە باس لەوە دەکرێت تووشی شێرپەنجەی سییەکان بووە و پێویستە بە زووترین کات دەست بە پرۆسەی وەرگرتنی چارەسەر بکات.

XS
SM
MD
LG