Accessibility links

چوار کورد بۆ تێپەڕاندنی سزاکانیان لە ئێران ڕەوانەی زیندان دەکرێن


چوار هاووڵاتی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی جەلال ئەمینی، کازم مام ئیسماعیل، حوسێن ئەحمەدی و یونس مەحمودزادە ڕۆژی سێشەممە 12ی مانگی دوانزە بۆ جێبەجێکردنی سزاکەیان ڕەوانەی زیندانی شاری بۆکان کران.

رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە جەلال ئەمینی سزای 30 مانگ، کازم مام ئیسماعیل 12 مانگ، حوسێن ئەحمەدی 26 مانگ و یونس مەحمودزادە 30 مانگ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندراوە و ڕۆژی سێ شەممە بۆ تێپەڕاندنی سزاکانیان ڕەوانەی زیندانی بوکان کراون.

هەروەها تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە هەواڵێکدا بڵاویکردوەتەوە ئەو چوار هاووڵاتییەی خەڵکی بۆکان لە مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردوودا سەرەتا لە لایەن لقی 101ی دادگای تاوانەکانی بۆکانەوە بە تۆمەتی "چالاکی دژی ئاسایشی نیشتمانی" و "ئەندامبوونیان لە یەکێک لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکاندا" سزای زیندانیکردنی زۆرتریان بەسەردا سەپێندراوە، بەڵا دواجار لەسەر داوای ئەو چوار کەسە بۆ پێداچوونەوە بە سزاکانیاندا، سزاکەیان کەم کراوەتەوە بۆ ئەو ماوە ئاماژە پێکراوە.

ئەم چوار هاووڵاتییە لە مانگی هەشتی ساڵی 2022 لە شاری بۆکان لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی ئەو شارەوە بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ پژاک دەستبەسەر کران و گواسترانەوە بۆ بنکەی پۆلیسی ئاسایش و پاش چەند هەفتەیەک لێپرسینەوە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی بوکان تا کاتی کۆتایهاتنی پڕۆسەی دادگاییکردنیان ئازاد کرابوون.

XS
SM
MD
LG