Accessibility links

بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی: یەک دۆلارمان نەداوەتە ئەو کەسانەی لە حزبەکانی ترەوە هاتوونەتە ناو پارتی


بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ژمارەیەکی زۆر ئەندام و لایەنگری یەکێتی لەکەرکوک پەیوەندییان بە پارتییەوە کردووەو حزبەکەی "یەک" دۆلاری بەهیچ کەسێک لەوانە نەداوە.

هاوکات سەرکردەیەکی یەکێتی نیشتمانی ڕەتیدەکاتەوە هیچ بەرپرسێکی حزبەکەی پەیوەندی بە پارتییەوە کردبێت و دەڵێت، دوو کاندید و سەدان ئەندام و لایەنگری پارتی پەیوەندییان بە یەکێتییەوە کردووە.

محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پارتی یەک دۆلاری بە هیچکام لەو کەسانە نەداوە کە لە حزبەکانی ترەوە پەیوەندییان پێوەکردووین. کادیرو ئەندامانی حزبەکانی تر بۆیە پەیوەندی بە پارتییەوە دەکەن، پارتی خاوەنی کوردە و کاتێک پارتی بۆ کەرکوک گەڕایەوە، خەڵکی کەرکوک گوتیان، کورد گەڕاوەتەوە."

لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، میدیاکانی پارتی و یەکێتی گرتەی ڤیدیۆیی سەدان کەسیان بڵاوکردەوە، گوایە ئەندام و لایەنگری ئەو دوو حزبە بوون و سەنگەریان بۆ حزبەکەی تر گۆڕیووە.

میدیای یەکێتی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی دوو کاندیدی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بڵاوکردەوە. ئەو دوو کاندیدە بەفەرمی کشانەوەی خۆیان لە لیستی پارتی و پەیوەندیکردنیان بەیەکێتییەوە ڕاگەیاند. هاوکات بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش پەیوەندیکردنی کارگێڕمەڵبەندێکی یەکێتی و ستافەکەیان بە پارتییەوە ئاشکراکرد.

حەسیبە عەبدوڵا سەرکردەی یەکێتی لەکەرکوک، ڕەتیکردەوە هیچ بەرپرسێکی حزبەکەی پەیوەندی بە پارتییەوە کردبێت.

حەسیبە عەبدوڵا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تا ئێستا دوو کاندید و سەدان ئەندام و لایەنگری پارتی هاتوونەتە ناو یەکێتی، بەڵام هیچ کادیرێکی یەکێتی سەنگەری بۆ لای پارتی نەگۆڕیووە."

ئەو وتیشی، "یەکێتی هیچ ئیمتیازێکی بەکەس نەداوە، خەڵک لە موزادەیەی پارتی بێزاربوو، بۆیە ئەو حزبە بەجێدەڵێن."

دیاردەی سەنگەر گۆڕی لە نێو ئەندامانی حیزبەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە نێوان پارتی و یەکێتی، نوێ نییە بەڵکو لە هەموو خولەکانی هەڵبژاردنەکان دووبارە دەبێتەوە.

ئەم دیاردەیە لە کەرکوک ڕەخنەی بەدوای خۆیدا هێناوە و بەشێکی هاوڵاتیان دەڵێن یەکێتی و پارتی لەشاری کەرکوک سەرقاڵی ململانی و هێرشکردنە سەر یەکترین، لەکاتێکدا هەردوولایان بانگەشەی بەهێزکردنەوەی پێگەی کورد و ڕکابەری پێکهاتەکانی تر دەکەن.

بەڵام بەرپردەکەی پارتی ئەم دیاردەیە بە ئاسایی ناودەبات.

محەمەد کەمال دەڵێت، " لە ئەمەریکاش لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دا ململانێکان دەگەنە ئاستی قسەی ناخۆش، ئەمە حاڵەتێکی سروشتییە. لەکاتی پڕوپاگەندەشدا خەڵکانێک لای ئێمەوە دەچنە لای حزبی ترو خەڵکی حزبی تریش دێتە لای ئێمە، ئەم مەسەلە دوای بانگەشەی هەڵبژاردن کپ دەبێتەوە."

پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕۆژی 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 کەرکوکی بەجێهێشت و لە سەروبەندی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دا بۆ کەرکوک گەڕایەوە.

ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک و گێڕانەوەی بارەگاکانی، دەرچوونی هێزە عێراقییەکان لە شاری کەرکوک و ئاساییکردنەوەی دۆخی پارێزگاکە مەرجی گەڕانەوەی پارتی بوو بۆ ئەو شارە.

سەبارەت بەوەی تا چەند ئەو داواکارییانەیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە جێبەجێکراون، کە کردبوویانە پێشمەرج بۆ گەڕانەوە بۆ کەرکوک، بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی، دەڵێت، "هەندێک لە بارەگاکانمان چۆڵکراون و ئاڵای کوردستان بەسەر بارەگاکانمان دەشەکێتەوە."

دەشڵێت، "گەڕانەوەی ئەو بارەگایانەی حەشد داگیری کردوون و گۆڕینی پارێزگاری کەرکوک ئەو کارانەن هەنگاوی بۆ دەنێین. شتەکان لەشەوو ڕۆژێکدا جێبەجێ نابن، دەبێت بە لەسەرخۆیی ئەنجامیان بدەین."

بەڵام حەسیبە عەبدوڵای سەرکردەی یەکێتی پێیوایە هیچکام لە مەرجەکانی پارتی بۆ گەڕانەوە بۆ کەرکوک جێبەجێ نەکراون، لەکاتێکدا 6 ساڵە "موزایەدەی شکۆ" بەسەر خەڵکدا دەکەن.

حەسیبە عەبدوڵا دەڵێت، "گەڕانەوە بۆ کەرکوک بە شکۆوە کە پارتی بانگەشەی بۆ دەکرد، دەبووایە سێ هەزار پێشمەرگەیان بهێنایەتەوە چونکە شکۆ یانی هێز، کەچی بەلاوازی گەڕانەوە. هەر ئەمەش هۆکاری نیگەرانی لایەنگرانیان و پەیوەندیکردنیانە بە یەکێتییەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:24 0:00

XS
SM
MD
LG