Accessibility links

ساڵح نیکبەخت بە نوێنەرایەتی بنەماڵەی ژینا ئەمینی، خەڵاتی ساخارۆڤ وەردەگرێت


ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی ساخارۆڤ بە ژینا ئەمینی و بزوتنەوەی "ژن،ژیان،ئازادی" ڕۆژی سێشەممە 12ی مانگی دوانزە لە پەرلەمانی ئەوروپا لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بەرێوەچوو.

ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی وەک نوێنەری ئەو بنەماڵەیە لەگەڵ دوو ژنێکی دیکە وەک نوێنەرانی بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە پەرلەمانی ئەوروپا خەڵاتی ساخارۆڤیان وەرگرت.

بنەماڵەی ژینا 8 ی ئەم مانگە لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕێگرییان لێکرا بۆ گەشتکردنیان بۆ فەرەنسا بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتەکە و دەست بەسەر پاسپۆرتەکانیاندا گیرا.

موژگان ئێفتخاری دایکی ژینا لە وتارێکدا کە لەلایەن بەڕێز نیکبەختەوە خوێندرایەوە، ڕایگەیاندووە، "بە پێچەوانەی هەموو پێوەرێکی یاسایی و مرۆیی، دەرفەتی بەشداریکردنیان لە رێوڕەسمەکەدا لێ زەوت کراوە" و گوتی " ناوی کچەکەی بۆتە ڕەمزی ئازادی و خەونی ئازادی لە شوێنی لەدایکبوونی خۆیەوە لە کوردستان بە هەموو ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا بڵاوکردەوە."

ڕۆبێرتا مێتسولا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا لە وتارێکدا لە ڕێوڕەسمی خەڵاتکردندا، ناڕەزایی خۆی سەبارەت بەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێگری لە گەشتی بنەماڵەی ژینا ئەمینی بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە کردووە، راگەیاند و گوتی "ئەمە شتێکە کە خەڵکی ئێران رۆژانە ڕووبەڕووی دەبنەوە."

مێتسولا گوتیشی "لەگەڵ ئەوەشدا بەڵام ئازایەتی و خۆڕاگری ژنانی ئێران لە خەبات کردنیان بۆ دادپەروەری و ئازادی و مافی مرۆڤ ناوەستێت و دەنگی ژنانی ئێران بێدەنگ نابێت."

کەمێک پێش مەراسیمی خەڵاتکردنەکە، لە پەرلەمانی ئەوروپا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بەو خەڵاتە بەڕێوەچوو کە تێیدا ساڵح نیکبەخت باسی لە قەدەغەکردنی گەشتکردنی بنەماڵەی ژینا و گوشارەکانی دیکەی حکومەت لە دژی ئەو بنەماڵەیە و هەروەها کێشەی نەبوونی ئازادی و نەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین و کێشە ئابوورییەکانی لە ئێران کرد.

کۆماری ئیسلامی جگە لە گوشارخستنەسەر بنەماڵەی ژینا، گوشارەکانیشی لە دژی پارێزەری ئەو بنەماڵەیە زیاد کردووە.

ماوەیەک پیش ئیستا ساڵح نیکبەخت لە دادگای ئینقلابی ئیسلامی تاران بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژ بە حکومەت" بە یەک ساڵ زیندانیکردن سزا درا.

پەرلەمانی ئەوروپا 19ی مانگی دە خەڵاتی مافی مرۆڤی یەکێتی ئەوروپا (ساخارۆڤ)ی بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێران بەخشی. خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادی بیرکردنەوە و بیروڕا، کە بە بڕی 50 هەزار یۆرۆیە، بەرزترین خەڵاتە کە ساڵانە لە لایەن یەکێتی ئەورووپاوە دەدرێتە چالاکوانانی مافی مرۆڤ یان کۆمەڵێک چالاکی لە پێناو مافەکانی مرۆڤدا.

سەرچاوە/فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG