Accessibility links

سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان: هیوادارم مامۆستایان سکاڵایەکیش لەسەر حکومەتی عێراق تۆماربکەن کە مووچەکانیان نادات


ڕۆژی یەکشەممە 10ی مانگی دوازدەی 2023 ژمارەیەک لە مامۆستایانی پارێزگای هەڵەبجە لە بەرامبەر لێدوانێکی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا کە وتبووی"دەستوەردانی سیاسی لە خۆپیشاندانی مامۆستایان هەیە و "خەڵکی تر" پارەی پاس و هۆتێل و هاتوچۆی نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی بۆ بەغدا لە ئەستۆگرتبێت، سکاڵایەکیان لە دادگای هەڵەبجە لەسەر تۆمارکرد و ئەو لێدوانانەی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانیان ڕەتکردەوە.

موجاهید محەمەد نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" تۆمەتەکانی لێدوانەکەی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕەتدەکەینەوە. بە نوێنەرایەتی (214) مامۆستا لە دادگای هەڵەبجە سکاڵای یاسایمان لەسەر تۆمارکرد، هیچ لایەنێکی سیاسی لەپشتمان نەبووە".

ئەحمەد گەرمیان سەرۆکی یەکیتی مامۆستایانی کوردستان لە ڕۆژی 6ی دوازدەی 2023 و لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند "دابینکردنی پارەی پاس و هۆتێل و هاتوچۆکردن و چوونی هەندێک مامۆستا بۆ بەغدا بە فڕۆکە، ئەمە لە توانای مامۆستا نییە و توانای دارایی خەڵکی ترە دەخرێتە بەردەست، لە سەرەتاوە هەستمان دەکرد لە پرسی داخستنی قوتابخانەکان لەلایەن بەڕێوەبەرەکانەوە، بابەتێک هەیە لەوە گەورەترە کە داخوازی مامۆستا بێت".

ئەندامێکی دەستەی ناڕازی مامۆستایان دەڵێت " هەرلایەنێکی سیاسی خۆی بە خاوەنی خۆپیشاندانی مامۆستایان بزانێت ئەوا سکاڵای لەسەر تۆماردەکەن، مۆڵەتی خۆپیشاندانەکەمان لە مەیدانی تەحریر لە ڕێگەی"چوارچێوەی هەماهەنگی" وەرگرتبوو.

دانا عەبدول ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لە پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی سکاڵا لەسەر سەرۆکی یەکێتی مامۆستانی کوردستان بە ناوی 2 هەزار مامۆستاوە تۆماردەکەین، ئێمە خۆپیشاندانەکەمان وابەستەی هیچ لایەنێکی سیاسی نیە و دەمانەوێت قوت و پارەی مامۆستایان تێکەل بە هیچ بابەتێکی دیکە نەکرێت" .

سەرۆکی یەکیتی مامۆستایانی کوردستان سەبارەت بە تۆمارکردنی سکاڵای مامۆستاکان ڕایگەیاند" ئەوان ئازادن، تەنها هۆکارەکە ئەوەیە من "سەر بەلایەنێکی دیاریکراوم".

ئەحمەد گەرمیانی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند" خەڵک ئازادە چۆن بیردەکاتەوە، ئەو قسانەی من کردوومە پێش من چەند کەس کردوویانە، یەکێک لەوانە وتەبێژی یەکێتی نشتیمانی کوردستان، کە دەڵێت سەردانی یەکیتی مامۆستایان بۆ بەغدا سیاسیە، بەڵام لەبەر ئەوە من لە حزبێکی دیاری کراوی کوردستانم هەر ئەوەیە کێشەکە دەنا هیچی دیکە نیە، هیوادارم سکاڵاش لەسەر حکومەتی عێراق تۆماربکەن کە مووچەکانیان نادات".

لەبەرامبەر دواکەوتنی مووچەی مانگەکانی 9 و 10 و 11 نزیکەی سێ مانگە مامۆستایانی پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بایکۆتی پرۆسەی خوێندنیانکردووە، مامۆستایان لەسەر شەقامن و سورن لەسەر بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:20 0:00

XS
SM
MD
LG