ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە ئێوارەی ڕۆژی هەینی 8ی مانگی دوانزە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی لە شاری هەولێر کردووەتە ئامانج.
لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا هاتووە هێرشەکە زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و تەنها لە ڕووی داراییەوە زیانی دروستکردووە.
ئەنجومەنی ئاسایش سەرەڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکە، حکومەتی فیدراڵی عێراق بە بەرپرسیار دەزانێت لە ڕاگرتنی ئەو جۆرە هێرشانە کە بە گوتەی ئەو ئەنجومەنە لەلایەن "گرووپە لەیاسادەرچووەکان"ەوە ئەنجامدەدرێت.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ لایەنێک بەپرسیارێتی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ. هێرشەکەی سەر هەوڵیر چەند کاتژمێرێک لە دوای هێرشەکەی سەر بالێوزخانەی ئەمەریکا دێت کە ڕۆژی هەینی بە چەند موشەک هێرش کرایە سەری.
هێرشەکان بە رێگای فڕۆکە بێفڕۆکەوان و موشەکەوە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە گروپە میلیشیاکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن لە عێراق و سوریا چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر پێگە و هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.
هێرشەکان دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس پەرەیان سەندووە و بە گوتەی بەرپرسانی پنتاگۆن لە 7 ئۆکتۆبەرەوە تاکو ئێستا لانیکەم 78 جار هێرش کراوەتە سەر ئەو هێزانەی ئەمەریکا کە لە عێراق و سووریا جێگیرن.
سەرچاوە/ بەشێک لە زانیارییەکان لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە وەرگیراون.