یۆنان و تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و نەخشە ڕێگایەکیان داڕشت بۆ دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێی پەیوەندی نزیکتر لە نێوان هەردوو هاوپەیمانی ناتۆ بەڵام دوژمنی مێژوویی.
لە سەردانە مێژووییەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بۆ یۆنان، هاوبەشە کۆنەکان ڕێککەوتن لەسەر پەیڕەوکردنی پەیوەندی باش و دراوسێیەتی، هێشتنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندیکردن بە کراوەیی، ڕێوشوێنی دروستکردنی متمانەی سەربازی بۆ نەهێشتنی گرژییەکان و زیادکردنی بازرگانی و کارکردن لەسەر ئەو پرسانەی کە وایکردووە ناکۆکن بن، بەتایبەتی لە دەریای ئیجەدا.
ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆک وەزیرانی یۆنان لە ئەسینای پایتەخت وتی" هیچ کێشەیەک لە نێوانماندا نییە کە چارەسەر نەکرێت. تا ئەو کاتەی سەرنجمان لەسەر وێنە گەورەکە بێت، و لە کۆتاییدا وەک ئەوانە نەبن کە لە دەریا دەپەڕنەوە و لە ڕووباردا دەخنکێن".
دیداری میتسۆتاکیس و ئەردۆغان زیاتر لەوەی پێشبینی دەکرا درێژەی کێشا و میتسۆتاکیس ئەردۆغانی بە "تەیبی ئازیز" ناو دەبرد. ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکات لە ئەنکەرە پێشوازی لە میتسۆتاکیس بکات.
هاوپەیمانانی ناتۆ دەیانەوێت قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دووقۆلی لە پێنج ملیار دۆلارەوە بۆ 10 ملیار دۆلار زیاد بکەن، هاوکات ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، هەردوو وڵات دەتوانن سوود لە کۆبوونەوە ئاست بەرزەکان وەربگرن کە ساڵانە بەڕێوەدەچن.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز