Accessibility links

وڵاتانی G-7 بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا لەگەڵ سەرۆکی وڵاتەکە کۆدەبنەوە


ژاپۆن ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت G-7، کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئەو ئۆکرانیا ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی پشتگیری خۆیان بۆ وڵاتەکە نیشان بدەن.

بەرپرسێکی حکومەتی ژاپۆن کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ئەندامانی کۆمەڵەی حەوت، دەیانەوێت پەیامێکی ڕوون بگەیەنن لە پشتیوانی کردنی ئۆکرانیادا.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، نیگەرانی ئەوە هەبووە کە سەرنجی جیهان تەنها لەسەر شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بێت، بەڵام بەو دیدارە ئۆنلاینە پەیامێکی بەهێز بۆ پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا دەنێردرێت.

بەرپرسەکە ئەوەی ئاشکرا کردووە کە کۆمەڵەی حەوت بڕیاریداوە سزای توند بەسەر ڕووسیادا ڕابگەیەنێت بەهۆی هێرشەکانی بۆسەر ئۆکرانیا، بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەخستووەتە ڕوو.

وڵاتانی گرووپی حەوت کە بریتین لە ژاپۆن، ئەمەریکا، کەنەدا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و یەکێتی ئەوروپا، لە مانگی پێنجدا ڕایانگەیاند بازاڕیان سنووردار دەکەن لەگەڵ ڕووسیا لەسەر درێژەپێدانی شەڕەکە.

هەروەها چاوەڕوان دەکرێت لەو کۆبوونەوەیەدا ئەندامانی G-7 باس لە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی ژیری دەستکرد(AI) یش بکەن.

کۆشکی سپی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە کۆبوونەوەکە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بەڕێوەدەچێت.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG