Accessibility links

ئەمەریکا و سوید ڕێککەوتنی هاوکاری ئاسایشی واژۆ دەکەن


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند واشنتن ڕێککەوتنی هاوکاری بەرگری لەگەڵ سویددا واژۆ کردووە.

ڕێککەوتنەکە لە 5ی مانگی 12 لەلایەن لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا و پاوڵ جۆنسۆن هاوتا سویدییەکەیەوە واژۆ کرا.

بەگوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئامانج لەم ڕێککەوتنە فراوانکردنی هاوکارییە ئاسایشییەکان و زیادکردنی هاوکارییەکانە بۆ ئۆپەراسیۆنەکان و بەهێزکردنی ئاسایشی هەردووبەری دەریای ئەتلانتیک.

لە بەیاننامەکەدا باس لەوە کراوە سوید هاوبەشێکی بەهێزی ناتۆیە و هاوپەیمانییەکە بە بەشداریکردنی هێندەی تر بەهێزتر دەبێت.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، پێش ئەوەی سوید بە فەرمی بەشداری ناتۆ بکات، ڕێککەوتنەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام وردەکاری ڕێککەوتنەکە نەخراوەتەڕوو.

پاوڵ جۆنسۆن، وەزیری بەرگری سوید لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاند، هیوادارن لە داهاتوویەکی نزیکدا ببنە ئەندامی ناتۆ.

دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو ڕووسیا دەستی بە داگیرکردنی ئۆکرانیا کرد، سوید و فینلاند داوایان لە ناتۆ کرد بۆ ئەوەی ببنە ئەندامی هاوپەیمانییەکە.

ئەندامێتی فینلاند پەسەند کراوە، بەڵام سوید هێشتا چاوەڕێی ڕەزامەندی تورکیا و هەنگاریایە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز، دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG