سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند تورکیا پلانەکان بۆ دروستکردنی ناوچەی پارێزراو لە دوای شەڕی غەززە ڕەتدەکاتەوە، چونکە وەک بێڕێزی لە بەرامبەر فەلەستینییەکان دەیبینێت.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز هەفتەی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئیسرائیل پلانەکانی بۆ ناوچەی پارێزراو گەیاندووەتە چەند دەوڵەتێکی عەرەبی و تورکیا.
ئەردۆغان لە کۆنگرەیەی ڕۆژنامەوانیدا لە میانی گەشتەکەیدا لە دۆحە، وتی حوکمڕانی و داهاتووی غەززە لە دوای شەڕەکە تەنها لەلایەن فەلەستینییەکانەوە یەکلایی دەکرێتەوە.
نووسینگەی ئەردۆغان لە زاری سەرۆکەوە نووسیویەتی "تەنانەت مشتومڕ لەسەر ئەم پلانە (ناوچەی پارێزراو) بە بێ ڕێزی دەزانم بۆ خوشک و برا فەلەستینیەکانم، بۆ ئێمە ئەمە پلانێک نییە کە بتوانرێت مشتومڕی لەسەر بکرێت، یان گفتوگۆی لەسەر بکرێت".
ئەنکەرە ڕەخنەی توندی لە هەڵمەتی سەربازی ئیسرائیل لە غەززە گرتووە و پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین دەکات و میوانداری بەشێک لە ئەندامانی تاقمی چەکداری فەلەستینی حەماس دەکات. بە پێچەوانەی زۆربەی هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ و بەشێک لە دەوڵەتە عەرەبییەکان، وەک گرووپێکی تیرۆریستی تەماشای حەماس ناکات.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز