Accessibility links

10 ساڵ دوای کوژرانی کاوە گەرمیانی، هاوسەرەکەی دەڵێت بکوژەکەی "هەموو شتێکی بۆ ئاشکرا کردین"


وێنەیەکی دایک و هاوسەری کاوە گەرمیانی لەسەر گۆڕەکەی کاوە گەرمیانی
وێنەیەکی دایک و هاوسەری کاوە گەرمیانی لەسەر گۆڕەکەی کاوە گەرمیانی

دە ساڵ دوای کوژرانی کاوە گەرمیانی، هاوسەرەکەی دەڵێت لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ڕازینین و کەسی تاوانبار لە زیندان ئامادەیی دەربڕیوە بڕواتەوە بۆ بەردەم دادوەر بۆ خستنەڕووی "هەموو بەڵگە و زانیارییەکان."

شیرین ئەمین، هاوسەری ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەرچەندە لە کاتی سزادانیدا ڕەتیکردەوە هیچ کەسێکی لەگەڵدابووبێت لەو کاتەی کاوەی تیرۆر کردووە، بەڵام کاتێک بکوژەکەمان لە زیندان بینی، پێی وتین، "لە کاتی تاوانەکەدا برایەکیشم لەگەڵبووە و هەندێک بەرپرس تاوانەکەیان پێ ئەنجامداوین."

ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی سەرنوسەری گۆڤاری ڕایەڵ، لە شەوی 5ی مانگی 12ی ساڵی2013، لە بەردەم ماڵی باوکیدا لە شاری کەلار درایە بەر دەستڕێژی گولە و گیانی لەدەستدا.

بنەماڵەکەی دەستبەجێ کوژرانی کاوە گەرمیانییان بۆ کارە ڕۆژنامەوانییەکانی گێڕایەوە و دواتر سکاڵایان لەسەر سێ کەس تۆمارکرد کە بریتیبوون لە توانا حسێن (توانا خەلیفە) و زاخۆ ئەحمەد و هەروەها فەرمادەی باڵای سەربازی دێرینی یەکێتی، مەحمود سەنگاوی.

لە بەرواری 26-10-2014 دادگای کەلار توانا حسێنی وەک تاوانباری کەیسەکە دیاریکرد و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرد و دواتر دادگای تێهەڵچوونەوە سزاکەی کەمکردەوە بۆ بەندکردنی تاهەتایی. لە ئێستادا لە گرتووخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی زیندانییە.

بەڵام دادگا دوو تۆمەتبارەکەی تری ئازاد کرد "بەهۆی نەبوونی بەڵگە" لەسەر تۆمەتەکانیان.

بنەماڵەی کاوە گەرمیانی دوای 10 ساڵ لە ڕووداوەکە، دەڵێن کە دڵنیان لەوەی تەواوی تاوانبارەکان سزانەدراون.

هاوسەری ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی ڕۆژی سێشەممە، 5-12-2023، بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند، لەگەڵ پارێزەرەکەی دووجار بکوژی کاوە گەرمیانیان لە زینداندا بینیووە و وردەکاری تاوانەکەی بۆ ڕوونکردوونەتەوە. پێیڕاگەیاندوون کە لەکاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا برایەکیشی لەگەڵ بووە و شۆفێری بۆ کردووە.

شیرین ئەمین وتی، "بکوژی کاوە گەرمیانی پێیوتین، براکەم کە لەکاتی تاوانەکەدا لەگەڵم بووە، دواتر لەسەر ڕێگەی کەلار-کفری کوژراوە و تاوانەکە خراوەتە ئەستۆی داعش، لە کاتێکدا ئەوانەی هانیانداین بۆ کوشتنی کاوە، گومان لەوان دەکەم براکەمیان کوشتبێت."

لە شەوی 21 ی مانگی 9 ی ساڵی 2021، (ج،خ) برای ئەو کەسەی لەسەر کوشتنی کاوە گەرمیانی لە زینداندایە، لەسەر ڕێگەی نێوان کەلار-کفری کوژرا. ئەوکات هێزە ئەمنییەکان داعشیان بە ئەنجامدانی تاوانەکە تۆمەتبار کرد.

عومەر خەلیفە، برای توانا خەلیفە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تۆمەتی کوژرانی کاوە گەرمیانییان خستووەتە ئەستۆی براکەم و لەزینداندایە. ناو و ناوبانگمان شێوێندراوە."

ئەو ڕەتیکردەوە براکەی تری کە لەسەر ڕێگەی نێوان کەلار- کفری کوژراوە دەستی هیچ کەس و لایەنێکی لە پشتەوە بێت و وتی، "براکەی ترم داعش کوشتی."

هاوکات کاوە لەتیف، پارێزەری دۆسیەی ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی بەڕێوەبەری گرتووخانەکەی سلێمانی و لەسەر داوای تاوانبارەکە خۆی، لەگەڵ کەسوکاری شەهید کاوەدا تاوانبارەکەمان بینی و لە ژوورێکی تایبەتدا قسەمان لەگەڵ کرد."

کاوە لەتیف وتیشی، "تاوانبارەکە وتی لەکاتی تاوانەکەدا براکەم لەگەڵ بووە. براکەم کوژراوە و گومانم لەوە هەیە داعش کوشتبێتی. تەنانەت وێنەی چەکێکی پیشانداین، وتی تاوانەکەمان بەم چەکە ئەنجامداوە."

هاوسەری کاوە گەرمیانی داوا لە دەسەڵاتدارانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەکات، پێداچوونەوە بە دۆسیەکەدا بکەن و جارێکی تر لێکۆڵینەوە لەگەڵ تاوانبارەکەدا بکەنەوە، "چونکە گەر لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت دەستی پشت تاوانەکە ئاشکرا دەکات."

شیرین ئەمین، وتی، "کاتێک کاوە تیرۆر کرا، قوباد تاڵەبانی هاتە ماڵمان و بەڵێنیدا ڕێگە بگرێت لە پینەوپەڕۆکردنی دۆسیەکە، بۆیە داوای ئاشکرا کردنی دەستی پشت تاوانەکە دەکەین."

هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا بۆ زانینی هەڵوێستی یەکێتی لەسەر وتەکانی شیرین ئەمین بێ ئەنجام بوون.

لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی ڕاگەیاندن لە مەکتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاری یەکێتی، ئامادەنەبوو لەسەر ئەم پرسە لێدوان بدات و وتی،"من ئاگاداری وردەکاری مەسەلەکە نیم."

پێشتر یەکێتی بە فەرمی ئیدانەی ڕووداوی کوشتنەکەی کردووە و داوای لە دەزگا ئەمنێکانی ناوچەکە کردووە "کەهەوڵەکانی خۆیان چڕبکەنەوە بۆ دەستگیرکردنی بکوژانی کاوە گەرمیانی."

XS
SM
MD
LG