Accessibility links

دادگایەکی ئامەد بڕیار لەسەر دۆسێی ڕۆژنامەوانێکی کورد دەدات


دۆسیەی ڕۆژنامەنووسی کورد عەبدولڕەحمان گۆک ڕۆژی سێشەممە لە دادگای پێنجهەمی تاوانە قورسەکانی ئامەد دانیشتنی لەسەر کرا.

ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە لە خولی دووهەمی دانیشتنی دادگا، کە بە تۆمەتی ئەندامی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دادگایی دەکرێت، ئازاد کرا، بەڵام دادگا چوونەدەرەوەی گۆکی لە وڵات قەدەغەکردووە بەوپێیەی دۆسێکە هێشتا دانەخراو و دادگاییکردنی بەردەوام دەبێت.

عەبدولڕەحمان گۆک، سەرنوسەر و فۆتۆگرافەری ئاژانسی میزۆپۆتامیا (MEHA)، لە 25ی مانگی چوار لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندا لەگەڵ 193 کەسی دیکە دەستگیرکرا.

ئومیت ئەکبییک کە دانی بەو تۆمەتانەدا ناوە کە لەسەری دەستگیرکرابوو و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی لاوانی هەدەپە بووە، گەواهی لەسەر 600 کەس داوە و گۆکیش لەسەر گەواهیدانەکەی ئەو دەستگیرکراوە.

لە کۆتا دانیشتندا، دانپێدانەرەکە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بەشداری کردووە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە ساڵی 2020دا عەبدولڕەحمان گۆکی لە کۆمپانیای بەرهەمهێنانی PEL بینیوە.

دەزگای PEL دەزگایەکی بەرهەمهێنانی میدیایی کوردییە.

بەڵام، گۆک وتی، "من کارمەندی ئاژانسی میزۆپۆتامیام. باوەڕم وایە ئەو من ناناسێت و گەواهیدان لەسەر من بە نووسراوی خراوەتە بەردەمی".

هەفتەی ڕابردوو ئەم گەواهیدەرە بەشداری لە دۆسیەی سەلچوک میزراکلی سەرۆکی شارەوانی ئامەد کرد و بە پشتبەستن بە تۆمەتەکانی، سەرۆکی شارەوانی ئامەد سزای 9 ساڵ و 4 مانگ و 15 ڕۆژ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

هەروەها پارێزەرانی گۆک دەڵێن ئەکبییک گەواهیدەرێکە کە بۆ پۆلیس کاردەکات و نابێت دادگا باوەڕ بە تۆمەتەکانی بکات.

گۆک بە وێنەکانی کاتی کوشتنی گەنجێکی کورد، کەمال کورکوت دەناسرێتەوە.

کورکوت بۆ بەشداریکردن لە نەورۆزی ساڵی 2017 لە مەلەتییەوە هاتبووە ئامەد و لە بازگەی پۆلیس لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.

پارێزگاری دیاربەکر لە ساتە سەرەتاییەکاندا ڕایگەیاند کە ئەو گەنجە تیرۆریستێکی خۆکوژ بووە، بەڵام بەهۆی وێنەکانی گۆکەوە دەرکەوت کە خوێندکارە، کەسێکی مەدەنییە و پۆلیسیش بە مەبەست تەقەیان لێکردووە.

شایەنی باسە ئەو پۆلیسەی کورکوتی کوشت دادگایی کرا، بەڵام سزا نەدرا.

گۆک لە میانی دانیشتنی دۆسیەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی وێنەکانییەوە لەسەر کوشتنی کورکوت فشاری لەسەر بووە، هەروەها لەسەر ڕووماڵکردنی کوشتنی کورکوت سزا دەدرێت.

دانیشتنی سێهەمی دۆسیەی گۆک لە 12ی سێی 2024 بەڕێوەدەچێت.

XS
SM
MD
LG