Accessibility links

ئێران نکوڵی دەکات لەوەی پەیوەندی بە هیچ هێرشێکی دژ بە هێزەکانی ئەمەریکاوە هەبێت


ڕۆژی سێشەممە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نیمچە فەرمی ئێران لە زاری ئەمیر سەعید ئیروانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاویکردەوە، وڵاتەکەی دەستی لە هیچ چالاکیەک و هێرشێکدا نەبووە دژی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا.

لە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و گرووپی چەکداری فەلەستینی حەماس لە 7ی مانگی دە، ئەمەریکا گرووپی حوسییەکانی یەمەنی هاوپەیمانی ئێرانی بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرش لە ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمەتبار کرد.

ئەمەش لە کاتێکدایە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سوریا چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا.

ڕۆژی دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، واشنتن "هەموو هۆکارێکی هەیە بۆ ئەوەی باوەڕی بەوە هەبێت کە ئەم هێرشانە لەلایەن حوسییەکانەوە لە یەمەن ئەنجامدراون، بەڵام بە تەواوی لەلایەن ئێرانەوە کارا بووە".

لەم هەفتەیەدا سێ کەشتی بازرگانی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان لە باشووری دەریای سوور هێرشیان کرایە سەر. حوسییەکان دانیان بەوەدا ناوە کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر ئەو شوێنانەی کە بە وتەی خۆیان دوو کەشتی ئیسرائیلین لە ناوچەکەدا.

هەروەها ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لێدوانەکانی حکومەتی بەریتانیای ڕەتکردەوە کە ڕایگەیاندبوو ئێران بەرپرسیارە لە هەر هێرشێک کە لەلایەن ئەو گروپە چەکدارانەی کە ئێران پشتیوانیان لێدەکات ئەنجام بدرێت و بە "بێ بنەما و بێ بنیاتنەر" ناوبرد.

کەنعانی گوتیشی "وەک پێشتر بە ڕوونی باسمان کرد، گرووپە خۆڕاگرییەکان فەرمان لە تاران وەرناگرن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانەکانی جەنگ و جینۆساید کە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام دراون."

سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مایکڵ مککاڵ ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور بە هەڕەشەیەکی "ڕژد بۆ سەر ئاسایشی دەریایی و بازرگانی جیهانی" ناودێر کرد و داواشی کرد حکومەتی ئەمەریکا وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بدات.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG