Accessibility links

سەرچاوەیەک بۆ دەنگی ئەمەریکا: حەشدی شەعبی لە کەرکوک بۆردومانکراوە و کوژراو و برینداریان هەیە


سەرچاوەیەکی نزیک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، هێزێکی سەربە حەشدی شەعبی لە نزیک ناوچەی وادی شای لە باشوری کەرکوک لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆردومانکراون. تا ئێستا 10 چەکداری حەشد کوژراون و ژمارەیەک چەکداری تریش برینداربوون.

سەرچاوە نزیکەکە لە حەشدی شەعبی کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای وت،"ئەمەریکا لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە بە ئەنجامدانی بۆردومانەکە تۆمەتبار دەکرێت."

جەختکردنەوەی بەرپرسانی حەشدی شەعبی لەسەر بۆردومانکردنی هێزەکانیان لە سنوری وادی شای لەلایەن ئەمەریکاوە لەکاتێکدایە، دەزگای هەواڵگیری عێراقیش لە ڕاگەیەنراوێکدا جەختی لەسەر بۆردومانکردنی چەکدارانی داعش کردووەتەوە لەهەمان ناوچە.

دەزگای هەواڵگیری سەربازی عێراق، دەڵێت،"لە ئەنجامی بۆردومانکردنی حەشارگەیەکی داعش لە وادی شای، ژمارەیەک تیرۆرست کوژراون و برینداربوون."

میدیاکانی نزیک لە حەشدی شەعبیش، جەختیان لەسەر بۆردومانکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەسنوری کەرکوک کردووەتەوەو ژمارەی چەکدارە کوژراوەکانی حەشدی شەعبییان بە 5 چەکدار مەزەندە کردووە.

ئاژانسی مەعلومەی نزیک لە حەشدی شەعبی بڵاویکردووەتەوە، لە هێرشێکی ئەمەریکادا لە سنوری کەرکوک، ژمارەیەک چەکداری حەشدی شەعبی گیانیان لەدەستداوەو برینداربوون.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە شاری کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هێزەکانی حەشدی شەعبی بانگەشەی ئەوە دەکەن لەلایەن ئەمەریکاوە بۆردومانکراون، بەڵام هێشتا ڕاستی و دروستی و چۆنیەتی ڕووداوەکە بۆ ئێمە ڕوون نەبووەتەوە."

XS
SM
MD
LG