Accessibility links

ڕێکخراوی ئایندە: تەنها لە 10 ساڵی ڕابردوودا سەدا 50ی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان لەناوچوون


دیار جەمال

سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات لەوەی کە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستاندا "جدین" و تەنها لەماوی 10 ساڵی ڕابردوودا نیوەی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان لەناوچوون.

مەعرووف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بە پێی بەدواداچوونەکانمان، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو دا لە کۆی دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوی دارستان، لە 50% ڕووبەرەکان لەناوچوون بەهۆی گۆڕانکاری کەشوهەوا و ئاگر و چالاکییە سەربازییەکانی تورکیا و ئێران."

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەند هەنگاوێکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانەکان لە ژینگەی هەرێمی کوردستاندا گرتۆتە بەر، لە نێوانیاندا قەدەغەکردنی دار بڕین.

لە مانگی 5ی ساڵێ 2021 حکومەتی هەرێم لە بەیاننامەیەکیدا ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر بە "داربڕین و زیانگەیاندن بە سروشتی هەرێمی کوردستان" لە لایەن هێزەکانی تورکیاوە و وتی بە فەرمی ئاگاداری حکومەتی تورکیای کردووەتەوە کە کۆتایی بە داربڕین لە ناوچە سنوورییەکان بهێنن "کە جێگەی قبولکردن نییە."

بەڵام سەرەڕای هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ پارێزگاری لە سەوزایی و سیستەمی ژینگە، ڕێکخراوەکانی چاودێر دەڵێن گۆڕانکارییەکان لە ژینگەی هەرێمی کوردستان بەردەوامن و ڕێوشوێنەکان بەگوێرەی پیویست نین.

سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە داوادەکات مەترسیەکانی سەر ژینگە لە هەرێمی کوردستان بەهەند وەربگیرێن، بەتایبەت وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی و سەرزەوی.

سەبارەت بە کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاو لە هەرێمی کوردستان، مەعرووف مەجید بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند، "لە زۆربەیشوێنی هەولێر دوای 700 مەتر قۆلی ناگات بەئاو. هەروەها گرتن یاخود کەمکردنەوەی ئاوی زێی بچکووک و زێی گەورە و ڕووباری سیروان کاریگەری خراپی دروستکردووە."

وتیشی، "ژمارەی دانیشتوانی هەرێم نزیکەی شەش ملیۆن کەسە، کەچی زیاتر لە دوو ملیۆن و 150 هەزار ئۆتۆمبیلی تایبەتی تێدایە، لەکاتێکدا هێڵی گشتی گواستنەوەی کەمە ئەمەش یەکێکە لە گرفتە ژینگەیەکان، لەلایەکی ترەوە زۆربوونی پاشماوەکان و چارەسەرنەکردنیان بەشێوەیەکی زانستی

ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ 30-11-2023 کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی ژینگە بەناوی COP 28 لە دوبەی پایتەختی ئیمارات دەستیپێکرد و تا دوانزە ڕۆژی تر بەردەوام دەبێت و دەبێتە 28هەمین خولی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی کەشوهەوا کە هەموو ساڵێک بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەدەچێت.

هەرێمی کوردستان لە چوار چێوەی عێراقی فیدراڵ بەشداری لە کۆنفرانسەکە کردووە، بەئامانجی ئەوەی بتوانێت ئەو کێشانەی هەیە بیانخاتە ڕوو و بڕیاریان لەبارەوە بدرێت تا لەڕێگای ئەو سندوقە نێودەوڵەتیەی دانراوە چارەسەری ڕیشەیان بۆ بکرێت.

جگە لەبەرپرسانی عێراق، هەریەک لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم و 45 بەرپرس لە دام و دەزگا فەرمیەکانی حکومەتی هەرێم بەشداریان لە کۆنفرانسەکە کردووە.

هەڤاڵ ئەحمەد سەرۆکی بەشی گۆڕانی کەشوهەوا لە دیوانی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان بەشداربووینە لە کۆنفرانسی COP28 و زۆر ئامانجامان هەیە بتوانین پێی بگەین و پلانی خۆمان بخەینە ڕوو، چونکە لەڕاستیدا بابەتی خۆگونجاندن لەگەڵ کەش و هەوا بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە."

هەڤاڵ ئەحمەد کە یەکێکە لە بەشداربووانی کۆنفرانسەکە وتی، "سەرنجمان لەسەر سێ تەوەری سەرەکیە ئەویش بریتین لە کشتوکاڵ و ئاو و ئیکۆ سیستەم، هەروەها پرۆژەمان هەیە بۆ ئەم سێ بابەتە تا کێشەی ئاو و کەم ئاوی چارەسەر بکرێت، هەروەها پرۆژەمان هەیە بۆ کشتوکاڵ و دارستانەکان."

باسی لەوەشکرد، "لەکۆنفرانسی COP28 سندوقێک هەیە، تا پاڵپشتی ئەو وڵاتانە بکرێت کە گۆڕانی کەش و هەوا کاریگەری زۆری لە سەریان بووە، بۆ ئەوەی پاڵپشتی دارایی بکرێن و کێشەکانیان چارەسەر بکرێن."

بەگوێرەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا قەیرانێکی بەپەلەی جیهانییە کە سنووری وڵاتان تێدەپەڕێنێت و پێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتی و هەوڵی یەکگرتووی هەمووان هەیە، بە هەموو تاکەکان و هەموو تەمەن و پسپۆڕی و وڵاتێکەوە.

ئیمارات دەستنیشان کراوە بۆ میوانداریکردنی ئەم کۆنفرانسە نیودەوڵەتییە کە 198 وڵات و ڕێکخراو کۆدەکاتەوە. هەروەها پێشبینی دەکرێت زیاتر لە ٧٠ هەزار کەس بەشداریی کۆنفرانسەکە بکەن.

ئەرکێکی سەرەکی کۆنفرانسی لایەنەکان بریتییە لە پشکنینی ڕاپۆرتە نیشتمانییەکان و داتاکانی دەردانی گازی ژەهراوی کە لەلایەن وڵاتانی بەشداربووەوە پێشکەش دەکرێن، کە زانیاری سەرەتایی لە سەر کارەکانی هەر وڵاتێک و ئەو پێشکەوتنانەی کە بەدەستی هێناوە بەرەو گەیشتن بە ئامانجە گشتییەکانی ڕێککەوتننامەکە دەدەن.

بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەساڵی 2017 بڵاویکردووەتەوە، عێراق لەڕووی خراپی گۆرانی کەش و هەواوە لە ڕیزبەندی پێنجەمی وڵاتانی جیهاندا بووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ ئاستەکەی گەشتووەتە چوارەم و ئەمەش بەمەترسیەکی گەورە دادەنرێت.

مەعرووف مەجید بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " ئەم کۆنفرانسە پێدەچێت دەرفەتێکی باش بێت بۆ عێراق تا کێشەکانی لەوێ بخاتە ڕوو. بەپێی ئامارەکان عێراق لە ئێستادا لەڕووی گرفتە ژینگەیەکان لەڕیزبەندی سێ بۆ چوارەمین وڵاتانی جیهاندایە، کە گۆڕانی کەش و هەوا کاریگەری لەسەر دروستکردووە، ئەمەش پێویستی بەهاوکاریەکی نێو دەوڵەتییە. ئامانجی کۆنفرانسەکەش ئەوەیە هاوکاری ئەو وڵاتانەی تێدا دەکرێت کە کێشەیان هەیە."

XS
SM
MD
LG