Accessibility links

ئەیوب کەریمی زیندانی ئایینی کورد لە سێدارە درا و پێنج تۆمەتباری دیکەی کورد مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە


ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕادەگەیەنن ئەیوب کەریمی بەندکراوی ئایینی کورد لەگەڵ 6 بەندکراوی دیکە، کە تا ئێستا ناسنامەکانیان نادیارە، لە زیندانی قزڵحەساری شاری کەرەج لە سێدارە دراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران و تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و چەندین ڕێکخراوی دیکە ڕایانگەیاندووە ئەو زیندانییە کوردە لە کاتێکدا لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە گواسترابووە بۆ ژووری تاکەکەسی، ڕۆژی چوارشەممە، 29ی مانگی یازدە دوای 14 ساڵ زیندانیبوونی لە قزڵحەساری شاری کەرەج لەگەڵ شەش زیندانی دیکەدا لەسێدارەدرا.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان دەڵێت ئەیوب کەریمی لەگەڵ 6 هاووڵاتی دیکەی کورد بە ناوەکانی ئەنوەر خزری، کامەران شێخە، خەسرەو بەشارەت، داود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی و قاسم ئابستە لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا ساڵی 2020 بە تۆمەتی کوشتنی مەلا عەبدولڕەحیم تینا، ئیمامی مزگەوتی خولەفای ڕاشیدینی مەهاباد" و هەروەها بە تۆمەتەکانی "چالاکی دژی ئاسایشی نیشتمانی"، "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" و "ئەندامبوون لە گروپە سەلەفیەکان"دا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو.

لەدوای قاسم ئابستە، ئەیوب کەریمی دووهەم تۆمەتباری ئەو دۆسیە هاوبەشە بوو کە سزای لەسێدارەدانەکەی ڕۆژی چوارشەممە جێبەجێکرا. قاسم ئابستە 5ی مانگی یازدە لە هەمان زینداندا لە سێدارە درا و تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان دەڵێت مەترسی لەسێدارەدانی 5 تۆمەتبارەکەی دیکەی ئەو دۆسیەیە زۆرە.

بە پێی هەواڵی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، ئەو 7 زیندانییە کوردە لە ساڵی 2009 لە شارەکانی سەقز و مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران و بۆ چەندین مانگ لە ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران ڕووبەڕووی قورسترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بوونەتەوە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لێیان.

ئەو 7 زیندانییە کوردە لە یەکەم دانیشتنی دادگا لە ساڵی 2016 سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا و دواتر دوای ئەوەی پارێزەری دۆسیەکەیان ناڕەزایەتی سەبارەت بە سزاکەیان دەربڕی، دۆسیەکەیان ڕەوانەی دادگای باڵا کرا و لە ساڵی 2017 بڕیاری لەسێدارەدانەکەیان هەڵوەشایەوە.

بەڵام دوای ئەوەی دۆسیەی ئەو حەوت زیندانییە جارێکیتر ڕەوانەی دادگایەکی شۆڕشی تاران کرا، هەر حەوتیان لە مانگی سێی ساڵی 2018 جارێکی تر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرایەوە و لە کۆتایشدا سزاکەیان لە ساڵی 2020 لە لایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پەسەندکرا.

ئەو زیندانیانە چەندین جار لە ڕێگەی نووسینی نامەوە لە زیندان باسیان لەو ئەشکەنجانە کردبوو کە لە کاتی لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ڕووبەڕوویان بووەتەوە.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ماوەیەک پێش ئیستا لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی "بە ڕێژەیەکی ترسناک" خەریکی لەسێدارەدانە و ژمارەی لەسێدراەدراوان لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵ بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 30% زیادیکردووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش هەروەها ماوەیەک پێش ئێستا ڕایگەیاند کە ئەمساڵ زیاتر لە 600 کەس لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە سێدارەدراون کە بەرزترین ئامارە لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا.

XS
SM
MD
LG