سەرۆکایەتی تورکیا ڕایگەیاند، سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێشی ڕاگەیاندووە، پێویستە ئیسرائیل لە دادگا نێودەوڵەتییەکان لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت لەسەر ئەو تاوانانەی لە غەززە ئەنجامی داوە کە بە تاوانی جەنگ ناوی بردووە.
ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە دەستپێکرد، کە بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستی غەززە زیاتر لە 15 هەزار کەس لەو هێرشەدا کوژراون.
هێرشەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە حەماس لە حەوتی مانگی دە هێرشی کردە سەر باشووری ئیسرائیل و نزیکەی 1200 کەسی کوشت و 240 کەسیشیان بە بارمتە گرت، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پێش کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر غەززە کە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە بەڕێوەبچێت، ئەردۆغان و گۆتێرێش باسیان لە "چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە سەبارەت بە هێرشە نایاساییەکانی ئیسرائیل" هەروەها گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە و هەوڵەکان بۆ ئاشتییەکی بەردەوام.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات لە نیویۆرک.
تورکیا بە توندی ڕەخنەی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە گرتووە و داوای ئاگربەستێکی دەستبەجێی کرد، تا ڕێگە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان خۆش بکات.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز