Accessibility links

 
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت دواکەوتنی ڤیزای ئەمەریکا وایکردووە نەتوانێت لە کۆبوونەوەیەکی UN لەسەر غەززە بەشداری بکات

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت دواکەوتنی ڤیزای ئەمەریکا وایکردووە نەتوانێت لە کۆبوونەوەیەکی UN لەسەر غەززە بەشداری بکات


وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند ناتوانێت بەشداری بکات لە کۆبوونەوەیەکی سەرەکی سەبارەت بە غەززە لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک و هۆکارەکەشی بۆ دواکەوتنی ڤیزای ئەمەریکا بۆ شاندەکەی گەڕاندەوە.

بڕیار بوو حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە نیویۆرک بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس.

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند "ئەمەریکاییەکان کاتژمێر 1:00ی بەیانی ڤیزەیان بۆ من و هەموو هاوەڵەکانم پەسەند کردووە."

ئاماژەی بەوەشکرد، دواکەوتنەکە بەو مانایە بوو کە "مەحاڵە" شاندی ئێرانی بتوانێت لە کۆبوونەوەکەی، کە بڕیارە کاتژمێر 14:30 بە کاتیی جیهانی بەڕێوە بچێت بەشداری بکات.

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ڕایگەیاند، سەرەڕای ئامادەنەبوونی، ئێران "هەموو هەوڵەکانی" بۆ درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە دەخاتە گەڕ.

گروپی حەماسی چەکداری فەلەستینی بڕیارە درەنگانی ڕۆژی چوارشەممە بەشی شەشهەمی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە بەرامبەر زیندانییە فەلەستینییەکان ئازاد بکات پێش ئەوەی ئاگربەستی شەش ڕۆژە ڕۆژی پێنجشەممە کۆتایی پێبێت.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو گرووپە چەکدارە ڕایگەیاند، حەماس کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، ئامادەیە ئاگربەستەکە بۆ چوار ڕۆژی دیکە درێژ بکاتەوە.

XS
SM
MD
LG