Accessibility links

مامۆستایەکی ئایینی کورد لە ئێران سزای 16 مانگ زیندانیکردن دەدرێت


لەدرێژەی فشارەکانی حکومەت بۆ سەر کەسایەتییە ئایینیە کوردەکان، مامۆستا حسێن عەلیمورادی، بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی زانستە ئایینیەکانی لە شاری سنە، لەلایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانییەکانی شاری هەمەدان بە 16 مانگ زیندانیکردن سزا دەدرێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا بڵاویکردوەتەوە کە ئەو مامۆستا ئایینییە کوردە بە تۆمەتەکانی "چالاکی دژی ئاسایشی نیشتمانی" و "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" لەلایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانییەکانی شاری هەمەدان بە کۆی گشتی 16 مانگ زیندانیکردن سزا دراوە.

شایانی باسە ئەو مامۆستا ئایینیە پێشتر سەرەتاکانی مانگی چواری ئەمساڵ لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی "تێکدانی ڕای گشتی" لەلایەن هەمان دادگاوە سزای 2 ساڵ زیندانیکردنی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرابوو.

لە یاسای سزادانی ئیسلامی ئێراندا، سزای زیندانیکردنی هەڵپەسێردراو جۆرێکە لە سزا کە ئەگەر کەسی سزادراو لە ماوەی دیاریکراودا تاوانێکی ئەنجام نەدا، ئەوا سزاکەی هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام ئەگەر بە پێچەوانەوە و بە ڕای حکومەت ئەو کەسە تاوانێکی لەو ماوە دیاریکراوەدا ئەنجام بدات، ئەوا سزای زیندانیکردنە هەڵپەسێردراوەکەی جێبەجێ دەکرێت.

گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر کەسایەتییە ئایینیە کوردەکان بە تایبەتی دوای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ڕابردووی ئەو وڵاتە زیادی کردووە و تاکو ئێستا چەندین کەسی ئائینی سزای قورسی لەسێدارەدان و زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

قاسم ئابستە زیندانی ئاینیی کوردی خەڵکی مەهاباد دوایین کەس بوو کە سەرەتاکانی ئەم مانگە لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج لەسێدارەدرا.

هەر لەم چوارچیوەیەدا ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە شەش زیندانی کورد کە لە سەر پرسی ئایین سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، مەترسی جێبەجێکردنی سزاکانیان لە ئارادایە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندووە خێزانی یەکێک لەو شەش زیندانییە ئایینیە بە ناوی ئەیوب کەریمی کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، ڕۆژی شەممە، 25ی ئەم مانگە بۆ دوا بینینی ناوبراو بانگهێشتی زیندانی قزڵحەساری شاری کەرەج کراون و هەر ئان و ساتێک مەترسی لە سێدارەدانی ئەو زیندانییە و زیندانییەکانی دیکەش لەئارادایە.

XS
SM
MD
LG