سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، کە ماوەی چەند مانگێکە نیگەرانەو وەزارەتەکەی بەجێهێشتووە، دەگەڕێتەوە نێو وەزارەت و وەکو وەزیری پێشمەرگە دەست بەکاردەبێتەوە.
سەرچاوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە بۆ سەر کارەکەی پەیوەندی بە خواستی هاوپەیمانان و ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتی و ئاڵۆزی بارودۆخی ناوچەکەوە هەیە."
ڕۆژی 1ی مانگی 11ی ساڵی 2023، ئەلینا ڕۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبوویەوە. ئەوکات بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، پێکەوە گفتووگۆیان لەسەر دۆخی سیاسی هەرێم، عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، جەختیشیان لەسەر بەردەوامی هەوڵە نیشتمانییەکان کردووەتەوە لە پێناو تێپەڕاندنی بەربەستەکان و زاڵبوون بەسەر ئاڵەنگارییەکان دا.
سەرچاوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت،"بافڵ تاڵەبانی و باڵیۆزی ئەمەریکا لە دانیشتنەکەی ڕۆژی 1 ی مانگی 11 دا، پرسی گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگەیان بۆ سەر کارەکەی باسکردووە."
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم لە پشکی یەکێتی، ماوەی چەند مانگێکە بەهۆی نیگەرانییەکانی لە حزبەکەی وەزارەتەکەی بەجێهێشتووەو دەوام ناکات، سەرباری ئەوەی دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە، بەڵام دەست لەکارکێشانەوەکەی قەبوڵ نەکرا.
ڕۆژی 7 ی مانگی 11ی 2023، مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە هەولێر کۆبوونەوە، دواتر هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتی، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی سەرۆک و جێگری حکومەت کۆبوونەوەیەکی چوار قۆڵییان ئەنجام دا.
جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زانیارییەکانی لە بارەی گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە بۆ سەر کارەکەی بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستکردەوە.
جەبار یاوەر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لەکۆبوونەوەی چوار قۆڵی نێوان بافڵ تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی دا، بڕیاری گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە دراوە."
ئەو وتیشی،"لایەنی هاوپەیمانان و بەتایبەت ئەمەریکا داوای گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگەیانکردووە. پاشان بەردەوامی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە پێویستی بە ئامادەبوون و واژوی خودی وەزیری پێشمەرگە هەیە."
کاتێک لە ڕۆژی 11ی مانگی 3ی ساڵی 2023، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا، سەردانی شاری هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم دا کۆبوویەوە، یەکێتی ڕێباز بیرکۆتی وەکو کاندیدی وەزیری پێشمەرگە بردە نێو کۆبوونەوەکەوە، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری درێژکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، شکستی بە دانانی وەزیری نوێی پێشمەرگە هێنا.
بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، ڕازی بووە بە گەڕانەوەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و دەست بەکاربوونەوەی لە پۆستەکەی و بەردەوامیدان بە ئیش و کارەکانی.