Accessibility links

ئایا دادگای فیدراڵی کێشەکانی هەرێمی کوردستان یەکلایی دەکاتەوە؟


لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ساڵی 2014، لایەنە سیاسیەکان و هاووڵاتیان و مووچەخۆران، بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکانیان و وەرگرتنەوەی مافەکانیان، لە دادگاکانی کوردستان سکاڵاکانیان تۆمارناکەن و پەنا دەبەنە بەر دادگای فیدراڵ و لەوێ سکاڵا تۆماردەکەن.

ڕۆژی یەکشەممە دادگای فیدڕاڵی یەکێک لە سکاڵاکانی بۆ مانگی داهاتوو دواخست، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن ژمارەیەک مامۆستا، فەرمانبەر و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراقەوە لەسەر سەرۆکی حکومەتی هەرێم و وەزیری دارایی تۆمار کرابوو.

دکتۆر غالیب محەمەد، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لە سکاڵاکە داوای ئەوەمانکردووە کە "پلە بەرزکردنەوە" ی فەرمانبەران و مامۆستایان لە 2014ەوە ڕاگیراوە، ئەمەش وایکردووە مووچە خۆران مانگانە 100 تا 200 هەزار دینار مانگانە زیانیان پێبگات، بۆیە داوامانکردووە ئەو بابەتە بە ڕێگایەکی یاسایی چارەسەربکرێت."

دکتۆر غالب وتیشی،" ئێمە ئەگەر بزانین دادگاکانی کوردستان بێ لایەنن و لایەنە چاودێرییەکانی کوردستان بێ لایەنن لەکاتی سکاڵاکاندا، ئەوە پێویست ناکات ڕووبکەینە بەغدا و سکاڵا تۆماربکەین، دەچووینە هەولێر یاخود دهۆک یان سلێمانی و لەوێ سکاڵامان تۆماردەکرد. بەم شێوەیە بۆ ئێمە و دەسەڵاتدارانیش باشبوو، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتدارەکان هەموویان کۆنترۆڵکردووە و خستوویانەتە ژێر دەستی خۆیانەوە بۆیە ناچارم لە شوێنێکی تر سکاڵا تۆماربکەم، کە ئەویش دادگای فیدراڵیە."

هەر لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، لەبری سکاڵا تۆمارکردن لە دادگاکانی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە 23ی مانگی شەشی 2023 جوڵانەوەی نەوەی نوێ وەک هێزێکی سیاسی لە دادگای فیدراڵی سکاڵای لەسەر حکومەتی هەرێم و وەزیری دارایی هەرێم و حکومەتی ناوەندی تۆمارکرد، بۆ گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

هەروەها لە ڕۆژی 10ی مانگی نۆی 2023 فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد لە ڕۆژانی داهاتوودا لەسەر دواکەوتنی مووچە و پێنەدانی مووچەی مووچەخۆران لە دادگای باڵای فیدڕاڵی سکاڵا لەسەر هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی تۆماردەکات،

پێگەی دادگای باڵای فیدراڵی لە دەستوری عێراقی فیدراڵدا پێگەیەکی گرنگ و هەستیارە کە خاوەن بڕیاری کۆتاییە و چوارچێوەی هێڵە گشتیەکانی دەسەڵات و ئەرک و شێوازی پێکهێنانی لە مادەکانی (92, 93, 94) دەستور ڕوونکراوەتەوە، لە مادەی (13) ی دەستوریشدا ئەو پێگە و باڵایە ڕەنگی داوەتەوە.

دادگای فیدراڵی کراوەتە مەرجەعی بڕیار بەدەست. لە مادەکانی (94) ی دەستوری عێراقدا هاتووە بڕیارەکانی دادگای باڵای ئیتحادی بنەبڕە و پابەندیە بۆ هەموو (دەسەڵاتەکان) بەو مانایەی گەر لەسەر هەر پرسێک ناکۆکی کەوتە نێوان یەکێ لە هەرێمەکان و حکومەتی ئیتحادی ئەوە بڕیاری لەبارەوە دەدات.

سەرچاوەیەک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" دادگای باڵای فیدراڵ دەتوانێت لەسەر پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پاڕێزگاکان و کۆمیسۆن بڕیاری کۆتایی بدات، بەڵام سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆران وا هەموویان سکاڵا دەکەن ناتوانێت هیچ بڕیارێک بدات، هەربۆیە زۆریەک لە سکاڵاکان تا ئێستا کراوە لەسەر حکومەتی هەرێم، دادگای فیدراڵ ڕەتیکردووەتەوە."

بەردەوام لێرە و لەوێ هەندێک لە چاودیرانی سیاسی و بەرپرسانی هەرێم باس لەوە دەکەن، لایەنە سیاسیەکان چ ئۆپۆزسیۆن بن یاخود ئەوانەی لە حکومەتدان یان بەرپرسان، کە سکاڵاکانیان لە دادگاکانی کوردستان تۆمارناکەن و پەنا دەبەنە بەر دادگای فیدراڵ، مەبەستیانە قەوارەی هەرێمی کوردستان لاواز بکەن، یان هەر نەیهێڵن.

شوان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" من ناڵێم خودی ئەوانە مەبەستیانە، بدەن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام خۆی لە ڕاستیدا مووچە خۆران و فەرمانبەرانی ئێمە بەشێوەیەکی تایبەت و هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی لە بابەتی شایستە داراییەکاندا لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە غەدری لێدەکرێت، ئەم غەدرەش بە بەرنامە و بە پلانە، یان "پیلانە" چونکە ئامانجی حکومەتی فیدراڵ لاوازکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و دروستکردنی ناکۆکیە لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، چ لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن یاخود لە نێوان حکومەت و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان."

ئەو ئەندامی پەرلەمانی عێراقە، وتیشی،" بەشێوەیەکی گشتی کۆمەڵێک ئەجیندا هەیە کار لەسەر جێ بەجێکردنی ئەم ئەجیندایانە دەکرێن، هەر لەم ڕووانگەیەوە میدیای گەورە هەیە لەهەرێمی کوردستان، پاڵپشتی حکومەتی عێراق دەکا."

بەشێک لە چاودێرانی سیاسی ڕایان وایە دادگای فیدراڵ، کە لە 9 ئەندامی هەمیشەیی و 3 ئەندامی یەدەگ پێهاتووە و دوو لە ئەندامە هەمیشەییەکانی کوردن، بێ لایەنی خۆی لەدەستداوە و هێندە سەرقاڵی نانەوەی پشێویە لەعێراق، هێندە چارەسەری کێشەکان ناکات.

دلێر عەبدوڵا چاودێری سیاسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەبێ باس لەوەبکەین ڕۆڵی دادگای فیدراڵ لە ئێستادا چییە، بەپێی بۆچوونی من، ئەو ڕۆڵەی کە ئێستا دادگای باڵای فیدراڵی دەیگێڕێت، هەمان ئەو ڕۆڵەیە کە پێشووتر لەسەردەمی بەعسدا دادگای ( سەورە) دەیگێرا، ئەم دادگایە هێندەی کار لەسەر لێدانی نەیارە سیاسیەکانی پێکهاتە شیعەکان دەکات، هێندە بەڕۆڵی خۆی هەڵناسێت، بەیەکلایکردنەوەی ئەو دۆسیە و ئەو کەیسانەی کە ڕووبەڕووی دەکرێتەوە."

دلێر وتیشی،" تێبینیمان کردووە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین سکاڵا لەو دادگایە جوڵێنراوە و زۆربەی ئەو سکاڵایانە لە دژی لایەنە سونەکان بووە، یاخود هەرێمی کوردستان، بەڵام نەمانبینی دادگای فیدراڵی کەیسێک یان سکاڵایەک لە دژی کە لایەنە شیعەکان بکاتەوە، لە هەمانکاتدا دەبینین ئەم وڵاتە زۆربەی لە دەستی لایەنە شیعەکاندایە، لە هەمانکاتدا "لایەنە شیعەکان" هێندەی تێوەگلاون لە گەندەڵی لە بەهەدەردانی سامان و ماڵوێرانی و تێکدانی سیادەی عێراق لایەنەکانی تر ئەو کاریگەریەیان نەبووە، بۆیە بە بۆچوونی من "دادگای فیدراڵ"ی بە ڕۆڵی خۆی هەڵنەستاوە، زیاتر بۆ یەکلایکردنەوە و ئەتوانین بڵێن ڕکابەری سیاسیە لە نێوان لایەنەکاندا بە تایبەت دژایەتیکردنی کورد و سونەیە."

شوان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسۆنی پارتی ئەوەش بە دەنگی ئەمەریکا وت، کە لایەنی سیاسی هەیە پاڵپشتی حکومەتی فیدراڵ دەکا لە ئەنجامی ئەو ململانێ نالۆژیکیەیەی کە لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستاندا هەیە، ئەمە وایکردووە دەرفەت بۆ بەغدا بڕەخسێنێت، فەزایەک دروست بکا تاڕادەیەک توانیوێتی کێشەیەک دروست بکا، حکومەتی هەرێم لە بابەتی مووچەدا بێتاوانە و توانیوێتی وەکو تاوانبار بناسێنیت و دەرگاکانیش بکاتەوە بۆ ئەوەی دیوێکی ناشرین لەسەر حکومەتی هەرێم دروست بکات."

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشکرد ،" کاتی خۆیی دادگای فیدراڵ پێش ئەوەی پەرلەمانی کوردستان لە کار بخات، هەروەها سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێم و ئەنجومەنی دادوەری هەرێم بەیاننامەی ڕەسمیان بووە و تێبینیان لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵ بووە."

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە دەنگی ئەمەریکا دەستی کەوتوون، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان و مووچەخۆران چەندین سکاڵایان لە دژی حکومەتی هەرێم تۆمارکردووە، بەڵام بەشێکیان ڕەتکراونەتەوە و بەشێکی دیکەیان دادگا لە بەرژەوەندی سکاڵاکار بڕیاریداوە، هەروەها چەند سکاڵایەکی تر هێشتا بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەبارەیانەوە نەداوە.

دیار جەمال

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:28 0:00

XS
SM
MD
LG