کۆمەڵەی مافی مرۆڤی لقی دیاربەکر ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان لە شار و ناوچە کوردییەکانی تورکیا ڕاگەیاند.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە 1ی مانگی یازدەی ساڵی 2022وە تا 1ی مانگی یازدەی ساڵی 2023، لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا کە دەکاتە ناوچە کوردستانیەکان، 37 ژن لە ئەنجامی توندوتیژییەکانی ناو خێزانەکاندا کوژراون و گیانلەدەستدانی 34 ژنیش جێگای گومانە.
هەروەها لە ماوەی ساڵێکدا 7 ژن لە شارە کوردییەکانی تورکیا خۆیان کوشتووە و 8 ژنیش لە ئەنجامی توندوتیژی کۆمەڵایەتی کوژراون و 16 ژنیش بریندار بوون.
بەپێی ئاماری پلاتفۆرمی وەستاندنی کوشتنی ژنان (KCDP) لە ماوەی ساڵێکدا 357 ژن لە تورکیا کوژراون و بەپێی داتاکانی ئەو ماڵپەڕە، ژمارەی ئەو ژنانەی لە ماوەی 15 ساڵدا کوژراون، گەیشتوەتە 6374 ژن.
ئەسلی پاسینلی، داکۆکیکاری مافی ژنان و بەڕێوەبەری کۆمەڵەی پشتیوانی لە مافەکانی ژنان (DAKAH-DER) لە دیاربەکر دەڵێت "پیاوان لە لایەن سیاسەتەکانی حکومەتەوە پاڵپشتی دەکرێن و بۆیە کاتێک ژنێک داوای تەڵاق دەکات، دەکوژرێت".
دەشڵێت "سیاسەتی کۆنەپەرستانە، بێکاری و نەبوونی دەوڵەتێکی کۆمەڵایەتی هۆکاری سەرەکی پەرەسەندنی توندوتیژییەکانن لە تورکیا لە دژی ژنان."
پاسینلی دەڵێت " زۆرجار توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان یان کوشتنیان لە سەر دەستی نزیکترین ئەندامانی بنەماڵەکانەوە ڕوودەدات، وەک باوک و برا یان هاسەری ژنەکە."
ئەو داکۆکیکارەی مافی ژنان دەشڵێت "لەو وڵاتانەی کە ئایین باڵادەستە، ڕۆڵی ژن منداڵ دروستکردن و خزمەتکردنی مێرد و خێزانەکەیەتی، نەک داواکردنی مافەکانی خۆی".
ناوبراو چالاکی مەدەنی بە گونجاوترین ڕێگە دەزانێت بۆ خەبات لە پێناو دەستبەرکردنی مافی ژنان و دەڵێت "سیاسەتی کۆنەپەرستانە لە پەرەسەندندایە و دوێنێ وەزارەتی کاروباری خێزان لە تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە دەیانەوێت کار بکەن بۆ ئەوەی ژنان بتوانن لە ماڵەوە کاربکەن، بە واتایەکی تر دەیانەوێت ژن لە ژیانی کۆمەڵایەتی دوور بخەنەوە و لە چوار دیواری ماڵەکانیاندا قەتیسیان بکەن."
چالاکوانانی مافەکانی ژنان پێیان وایە دۆخی ژنان بە گشتی ل تورکیا بە تایبەت دوای کشانەوەی تورکیا لە "ڕێککەوتننامەی ئەستەنبوڵ" یان "کۆنفرانسی ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ ڕێگریکردن و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان" بەرەو خراپتربوون ڕۆیشتووە.
ئەردۆغان کشانەوەی تورکیای لەو پەیماننامەیە لە ساڵی 2021 بە فەرمی راگەیاند.
پەیماننامەکە وڵاتانی واژۆکاری پابەند دەکرد بە لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان و هەروەها پابەندی دەکردن بە بەرەوپێشبردنی یەکسانی جێندەری لە ڕێگەی یاسادانان و پەروەردەوە.
ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنانی کورد لە تورکیا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا
- Xecican Farqin