Accessibility links

هاوڵاتییەکی خەڵکی بۆکان دوای دەستگیرکردنی لەلایەن ناوەندە ئاسایشییەکانی ئێرانەوە، ماوەی ساڵێکە بێسەروشوێنە


بەشێک لە ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە عوسمان مامە، هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان لە ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا بێسەروشوێنە و باسیان لە ئەگەری گیانلەدەستدانی لە ژێر ئەشکەنجەدا کردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، عوسمان مامەی تەمەن 55 ساڵ، لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەکەی لە شاری بۆکان، لایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەر کراوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی بنەماڵەی عوسمان مامە نووسیویەتی ساڵێک بەسەر دەستگیرکردنی عوسمان مامە تێدەپەڕێت و تا ئێستاش بنەماڵەکەی نەیانتوانیووە هیچ هەواڵێکیان سەبارەت بەو هاووڵاتییە کوردە دەستکەوێت. سەرچاوەکە بەو ڕێکخراوەیەی ڕاگەیاندووە "له ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا و دوای دەستگیرکردنی عوسمان مامە، بنەماڵەکەی چەندین جار لە لایەن دەزگا ئاسایشییەکانی حکومەتەوە لە بۆکان بانگهێشت کراون بۆ لێکۆڵینەوە و هەڕەشەیان لێکراوە."

دەشڵێت "دەزگا ئاسایشییەکان هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە چارەنووسی عوسمان مامە بە خێزانەکەی نەداوە، بەڵام لە میانەی لێپرسینەوەکاندا ئاماژەیان بە کۆمەڵێک وێنە و ڤیدیۆی ناو مۆبایلی ئەو زیندانییە کردووە و گوتویانە هەوڵی دۆزینەوە و فرۆشتنی کەلووپەلە دێرینەکانی داوە."

پێشتریش ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە پشتبەستن بە قسەی کەسوکاری ئەو زیندانییە، ڕایگەیاندبوو کە بنکە ئاسایشییەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات و ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران بەرپرسی دۆسیەی ئەو هاووڵاتییە کوردەن و لە لایەن ئەو دوو دەزگا ئەمنییەوە دەستگیر کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عوسمان مامە وەک کرێکار لە شوێنێکی بەخێوکردنی مریشک لە هەرێمی کوردستان کاری کردووە.

هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاندبوو دامودەزگاکانی حکوومەت چەندین جارهەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو زیندانییە کردووە بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی بێسەروشوێنکردنی. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو و فراوان هەوڵی بێسەروشوێنکردن و ئەشکەنجەدانی ڕەخنەگران و کەسانی ناڕازی دەدات.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندووە لە ئێستادا لانیکەم 7 چالاکی سیاسی دیکەی کورد بە ناوەکانی ئیدریس فەقیهی، پژمان فاتحی، محەمەد فەرامەرزی، موحسن مەزلوم، وەفا ئازەربار، وەریشە مورادی و پەخشان عەزیزی لە لایەن دەزگا ئاسایشییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و بێسەروشوێنن و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان نییە.

XS
SM
MD
LG