Accessibility links

کەتائیب حزبوڵای عێراق سزاکانی ئەمەریکا بە گاڵتەجاری ناو دەبات


میلیشیای کەتائیب حزبوڵای عێراق کە کوتلەیەکی چەکداری بەهێزە و پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ئێراندا هەیە، بەهۆی هێرشەکانیان لە دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا، ئەمەریکا سزای بەسەر ئەو گروپەدا سەپاند، ڕۆژی شەممە ئەو گروپە لە وەڵامی سەپاندنی سزاکاندا ڕایگەیاند؛ ئامانجی ئەم جۆرە سزایانە دوژمنکاری زیاترە.

ئەمەریکا ڕۆژی هەینی سزای بەسەر چەند ئەندامێکی کەتائیب حزبوڵڵای عێراق و میلیشیا شیعەکانی دیکەی سەر بە ئێران و سکرتێری گشتیی گروپەکەدا سەپاند و تۆمەتباری کردن بە پەیوەندیان بەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانیان لە عێراق و سوریا.

ئەمەریکا؛ ئێران و گروپە میلیشیاکانی پشتیوانیان لێدەکات تومەتبار دەکات بە زیاتر لە 60 هێرش بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی لە ناوەڕاستی مانگی 10ەوە تا ئێستاکە، لەکاتێکدا بەهۆی گرژییە ناوچەییەکان کە لە دوای شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە دەستیپێکردووە، لانیکەم 59 سەربازی ئەمەریکایی لەو هێرشانەدا بریندار بوون، هەرچەندە ئێستا هەموو ئەو سەربازانە گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان.

ئەبو عەلی عەسکەری، کە بەرپرسێکی ئەمنییە لە گروپەکەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرام ڕۆژی شەممە بەیاننامەیەکی بڵاویکردەوە و تیایدا سزاکانی ئەمەریکا بە " گاڵتەجاڕانە" ناودێردەکات و دەڵێت ئەو ڕێوشوێنانە کاریگەرییان لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی گروپەکە نابێت.

لە بەیاننامەکەیاندا هاتووە کە "هێرشەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بە باشی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە دژی دوژمنان و زیان گەیاندن بە ڕیزەکانیان و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانیان یان سەرلێشێواندن و سەرقاڵکردنیان، بەپێی ستراتیژێک بۆ دەرپەڕاندنی دوژمن."

لە نێو ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە کەتائیب حزبوڵڵای لوبنانەوە هەیە کە ڕۆژی هەینی کرایە ئامانجی سزاکانی ئەمەریکا ئەندامێکی دەستەی بڕیاردەری سەرەکی گروپەکە و بەرپرسی کاروباری دەرەوەی ئەو گروپە و فەرماندەیەکی سەربازی کە وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران کاریان کردووە بۆ ڕاهێنانی چەکدارەکانیان.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گروپی میلیشیای کەتائیب سەید ئەلشوهەداء و سکرتێری گشتی ئەو گروپە ئەبو عەلا ئەلوەلائی وەک تیرۆریستە جیهانییەکان لە لیستی تیرۆردا دەستنیشان کردووە.

لە بەیاننامەیەکدا کە درەنگانێکی ڕۆژی هەینی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرام بڵاویکردەوە، ئەبو عەلا ئەلوەلائی سزاکانی بە "مەدالیای شەرەف" وەسف کردووە.

ئەمەریکا 900 سەربازی لە سوریا هەیە، هەروەها 2500 سەربازی دیکەشی هەیە لە عێراق، لە ئەرکێکدا کە بە ئامانجی ڕاوێژکردن و هاوکاریکردنی هێزە ناوخۆییەکان کە هەوڵی ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش دەدەن.

گروپە میلیشیاییەکان لە عێراق هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر بنکەکانی ئەمەریکایان بەستووەتەوە بە پشتیوانی واشنتن بۆ ئیسرائیل لە شەڕی دژی حەماس لە غەززە و دەڵێن پێویستە ئەمەریکا دەسبەرداری پشتگیریکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بێت ئەگەر دەیەوێت هێرشەکانی دەکرێنە سەر هێزکانیان بوەستێنرێن.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG