بڕیارەکانی ئەم دوایەیی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لەبارەی کورد و سونەکان موشتومڕی زۆری لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق دروستکردووە. مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری کوردیش دەڵێت بڕیارەکانی دادگاکە بەرگێکی سیاسییان وەرگرتووە و "پێم سەیرە هەرێم بەبڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵەوە پابەند دەبێت، لەکاتێکدا دادگا دەستوریەکە هێشتا دروست نەبووە."
مەحمود عوسمان کە ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عیراقیشە، لە لێدوانێکیدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " دادگای باڵای فیدراڵی بڕیارەکانی هێندەی چوار چێوەی سیاسیان هەیە یاسای نین و کورد دەتوانێت پێیەوە پابەند نەبێت. گەر [کورد] ترسی لە کێشە دروستبوون هەیە، با دروست بێت و چارەسەری یەکجاریان بۆ بدۆزرێتەوە."
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ڕۆژی سێشەممە، 14-11-2023، بە زۆرینەی دەنگی دادوەرەکانی بڕیاری دا بە دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی لە سەرۆکایەتی و ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق.
بڕیارەکە بووە هۆی دروستکردنی هەژانێکی سیاسی لە گۆڕەپانی عێراقدا. حەلبوسی و پارتەکەی ،حزبی تەقەدوم، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییان بە "پێشێلکردنی دەستور" و بە ئامانجگرتنی سیاسی لەقەڵەمدا، وە بڕیاریاندا بە دەست لەکارکێشانەوەی ئەندامانی حزبەکە لە حکومەتی فیدراڵی.
مەحمود عوسمان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دادگای باڵای فیدراڵی مافی ئەوەی نیە لەبارەی سەرۆکی پەرلەمان ئەو بڕیارە بدات، بەڵام داوێتی. لەڕاستدا دادگای باڵا خۆیی بووە بە کێشە، هەر ڕۆژە و بڕیارێک دەدات، زۆر شت دەکات هیچ پەیوەندی بەم دادگایەوە نیە و دادگایەکانی دەستوری نیە."
ڕاشیگەیاند، "ئەم دادگایە لەسەر بنەمای کاتی 'برێمەر' دانراوە. ئەوەی هەیە تائێستا دادگا دەستوریەکە دروست نەبووە. زۆر هەوڵدرا، بەڵام نەیانتوانی دروستی بکەن. لەبەر ئەوە زۆر بڕیار هەیە لەڕاستیدا دەیدا، چوارچێوەی سیاسی زیاتر هەیە، بەنیسبەت کورد و سونەش زۆر ڕوونە."
دادگای باڵای فیدڕالی بەرزترین دەزگای دادوەرییە لە عێراق کە ئەرکی بریتییە لە شیکردنەوەی بڕگەکانی دەستور و بڕیاردان لەسەر دەستووری بوونی یاسا و ڕێساکان. لە بڕیارەکانی پابەندکەرن و ناتواندرێت تانەیان لێبدرێت.
دادگاکە لە 12 ئەندام پێکهاتووە کە بریتین لە سەرۆکی دادگا و جێگری سەرۆک و حەوت ئەندامی سەرەکی و سێ ئەندامی یەدەگ. ئەندامانی دادگاکە لەسەر بنەمای نەتەوە و مەزهەب بە هاوشێوەی پۆستەکانی تری عێراق بەسەر حزب و لایەنە عێراقیەکاندا دابەشکراون.
شیعە سەرۆکایەتی دادگاکە دەکات و زۆرینەیە؛ وە دوو ئەندامە کوردەکەی دەوترێت یەکێکیان لەسەر پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە و ئەوی دیکەیان لەسەر پشکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە.
لە کاتێکدا ئەم دادگایە ڕووبەڕووی ڕەخنە بۆتەوە و حکومەتی عێراق لە ژێر فشاردایە، بەشێک لە چاودێران دەڵێن حکومەتی هەرێمی کوردستان هەلێکی نوێی هاتۆتە پێشەوە تا بتوانێت فشار لە حکومەتی عێراق بکات بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی، بەتایبەت لەسەر پرسی بودجەی هەرێمی کوردستان.
بەڵام مەحمود عوسمان پێیوایە کارتەکانی بەردەم کورد سنوردارن و دەڵێت،" کورد فشار بەچی دەکات؟ بەڵام تەنها دەتوانێت قسە بکات. ئەم حکومەتەی ئێستا هەیە حکومەتی شیعەکانە. داواکاری کورد و سونە جێ بەجێ نابێت، تا پێیان بکرێت بەکەمی جێ بەجێ دەکەن."
ئەو سیاسەتمەدارەی کورد وتیشی، "پێویستە چارەسەرێکی ئەو دادگایە بکرێت و یاسایەکی نوێی بۆ دانبرێت. لەهەمانکاتدا دادگایەک هەبێت دادگای دەستوری بێت و دەسەڵاتی هەبێت ئەو بڕیارانە بدات. بۆیە دووبارەی دەکەمەوە ئەم دادگایە هی ئەو کاتەیە کە بەپێی یاسای کاتی برێمەر دانراوە."
لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دادگای فیدراڵی عێراق بەشێک لە بڕیارەکانی لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە داوە کە گرینگترینیان بریتین لەمانە: لە ڕۆژی 15-2-2022 داگاکە بڕیاریدا بەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێم و هەناردەی نەوتی هەرێم نادەستورییە؛ لە ڕۆژی 30-5-2023 بڕیاریدا بەوەی کە درێژکرنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستورییە؛ وە لە 24-9-2023 بە هەمانشێوە بڕیاری نادەستوری بوونی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی دا.
لە بارەی پابەندبوونی حکومەتی هەرێم بە بڕیارەکان، مەحمود عوسمان وتی، "من هەر لە سەرەتاوە وتوومە نابێت هەرێم بڕیارەکانی دادگای باڵا قبوڵ بکات، بەڵام قبوڵیان کردووە و بێ دەنگ بوونە، لەکاتێکدا دادگا دەستوریەکە بڕیاری نەداوە. دادگا دەستوریەکە کە لە دەستوردا نوسراوە بوونی نیە."
بەبڕوای ئەو سیاستمەدارە، "زۆربەی ئەو بڕیارانەی کە داوێتی لە بارەی کورد و غەیری کوردیش زۆر یاسایی نین و سیاسین. بۆیە دەبوو هەرێم هەر لەسەرەتاوە هەڵوێستێکی وای هەبێت، نەک هەموو شت پەسەند بکات. بەڵام ڕوونە کە هەرێم ڕەوشی چۆنە، هەر حزبە و بەشێوەیەکە و ناکۆکن لەنێوان خۆیاندا لەبەر ئەوە زۆر کارەکانیان لاوازە."
لە مادەی 92ی دەستوری عێراقی ئەوە دیاریکراوە کە دادگای فیدڕڵی لەژمارەیەک دادوەر و شارەزایانی فیقی ئیسلامی و یاسایی پێکدێت، وە لە ڕووی "دارایی و بەڕێوبردنەوە" تەواو سەربەخۆیە. هەر لە مادەکەدا هاتووە کە ژمارەی دادوەرەکان و شێوەی هەڵبژاردنیان و کاری دادگاکەش دەبێت لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دیاری بکرێت، بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق.
بەڵام دادگاکە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی سیاسی لەدەرەوەی پەرلەمان هەڵبژێردراوە.
لەبارەی ئەوەی بۆچی لە دوایی 2003 وە پەرلەمانی عێراق نەیتوانیوە ئەو دادگا دەستوریە هەڵبژێرێت، مەحمود عوسمان وتی، " ئێمە ماوەی چوار ساڵ کە لەپەرلەمان بووین، ئەو بابەتە گفتوگۆی لەبارەوە کرا، کە دادگایەکی دەستوری دابنرێت، خەڵقی یاسای و ئاینی تێدا بێت. چەندین جار گفتوگۆکرا لە پەرلەمان، کەچی پەرلەمان نەیتوانی پەسەندی بکات، چونکە پێویست بوو دوو لەسەر سێ پشتگیری بکات. بەڵام ڕێک نەدەکەوت. لەهەمانکاتدا ناکۆکی هەبوو لەسەر ئەوەی چۆن دەنگ بدرێت و بەچ شێوەیەک. بۆنموونە ئێمەی کورد ڕامان وابوو دەبێت بە دەنگدان، بەکۆی دەنگ بێت یان هەشت لەسەر نۆ بێت، یان بەشێوەیەک بێت کە کورد زوڵمی لێکرا ئیتر بتوانێت ڤیتۆی بکات. قبوڵیان نەکرد. ئیدی مایەوە و نەکرا. کەچی ئەم دادگایەیان دروست کرد بەپێی یاساکەی کاتی برێمەر، ئەو دەسەڵاتەی نیە کە لە دەستوردا نوسراوە."