Accessibility links

تەنها 8 برینداری هەڵەبجە ئامادەن حکومەتی عێراق لە کەربەلا چارەسەریان بۆ بکات


بریندارانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە دڵخۆشبوون کاتێک حکومەتی عێراق چەند هەفتەیەک لەمەوبەر ڕایگەیاند ئەرکی نەشتەرگەرییان لە ئەستۆ دەگرێت. بەڵام هەر زوو بریندارەکان دڵخۆشییان کۆتاییهات کاتێک بۆیان دەرکەوت حکومەتی عێراق دەیەوێت لە یەکێک لە نەخۆشخانە گشتییەکانی باشوری عێراق چارەسەریان بکات نەک لە نەخۆشخانەیەکەی ئاست بەرزی دەرەوەی وڵات.

لوقمان عبدالقادر سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە کە خۆی یەکێکە لەو بەرکەوتانەی کە نەشتەگەری گلێنەی چاوی بۆ دەکرێت لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "خۆشخاڵین کە حکومەتی عێراق هاتووەتە سەرهێڵ بۆ چارەسەرکردنمان، بەڵام ئێمە داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەین ئەو بودجەیەمان کە بۆ تەرخان دەکات بیداتە نوێنەرایەتی عێراق لە ئێران و لەلای پزیشکەکانی خۆمان لە تاران نەشتەرگەریەکەمان بۆ بکات. جێگەی تێڕامانە کە کەیسی بریندارانی چەکی کیمیاوی تەنها مابێتەوە لەسەر 19 بەرکەوتە و بۆ شوێنێکمان بنێرن کە بەگومانین لێیان ."

لەبەرواری 27-8-2023 تمێکی پزیشکی وەزارەتی تەندروستی عێراق کە لە پزیشکانی پێست و هەناو و چاو پێک هاتبوون، سەردانی نەخۆشخانەی چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیاییان کرد لە شاری هەڵەبجە بۆ بینی 64 برینداری چەکی کیمیایی کە بەهۆی نەبوونی بودجەوە نەیان توانیبوو چارەسەر لە دەرەوەی وڵات وەربگرن.

دواتر حکومەتی عێراق بڕیاریدا 19 کەس لەو بەرکەوتانە نەشتەگەری چاندنی گلێنەی چاویان بۆ بکرێت. بەڵام پێچەوانەی خواستی ئەو بریندارانە کە پێیان وابوو نەشتەرگەرییەکان لە دەرەوەی عێراق ئەنجامدەدرێت، حکومەتی عێراق دەڵێت نەشتەرگەرییەکان لە نەخۆشخانەی زەین ئەل عابیدن لە کەربەلا ئەنجامدەدرێن.

ڕۆژی پێنجشەممە، 16-11-2023، دەبوایە ئەو 19 بریندارە بەرەو کەربەلا بەڕێبکەون. بەڵام بەهۆی گومانیان لە ئاستی نەخۆشخانەکە تەنها 8 کەسیان بۆ نەشتەرگەرییەکە ڕۆیشتن.

نیگەرانی بەرکەوتەکانی چەکی کیمیایی لەوەوە سەرچاوەدەگرێت، کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە دەڵێن نەشتەگەریەکە پێویستی بە پسپۆڕی ووردی پزیشکی هەیە و ئەوان وەک بریندارەکان پێشتر لە نەخۆشخانەی باشتر لە تاران نەشتەرگەریان بۆکراوە. دەشڵێن پێویستە ئەرکی چارەسەرکردنەکە هەرنەشتەگەری نەبێت بەڵکو بینینەوەی دوای نەشتەگەری بۆ نەخۆشەکانیش دەستەبەر بکرێت.

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە سەربارەت بە گومانی لە ئاستی نەخۆشخانەکانی باشوری عێراق ڕایگەیاند، "بۆیە دەڵێن پزیشکەکان ئەزموونیان نییە، من چاندنی سپێنەی چاوم کردووە، پزیشکەکە بە منی ووت چاندنەوەکەی گلێنەکەی تۆ سەرکەوتوو نەبووە، من پێم ووت هێشتا من چاندنی گلێنەم بۆ نەکراوە، ئەمە ئەوە دەردەخات هێشتا ئەزموونیان لە کەیسەکەدا نییە."

بەڵام نەخۆشخانەی چارەسەکردنی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە ئەو گومانە ڕەتدەکاتەوە.

عیماد فەیرۆز بەڕێوبەری نەخۆشخانەی چارەسەکردنی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو نەخۆشخانەیەی کە نەشتەرگەریەکەی تێدا ئەنجام دەدرێت، تایبەتمەندە بە چاندنی گلێنەی چاو و ستافێکی پزیشکی لوبنانی و ڕووسی نەشتەگەریەکە دەکەن و گلێنەکانیش لە ئەمریکاوە هاتوون. ئێمە ئەنجام دان و ئەنجام نەدانی نەشتەگەریەکەمان وەک بژاردە خستووەتە بەردەم بەرکەوتەکان."

هۆکاری ئەنجامنەدانی ئەو نەشتەرگەرییە لە هەرێمی کوردستان بریتییە لە نەبوونی پزیشکی پسپۆڕ و کەرەسەتە.

بە ووتەی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە، لە هەرێمی کوردستان تەنها پزیشکێک ئەم نەشتەگەریە ئەنجام دەدات و هەماهەنگیان لەگەڵ کردووە. بەڵام نەبوونی ئامێری پزیشکی و کەرەستەی نەشتەگەریەکە گرفت بووە لەبەردەم ئەوەی لە نەخۆشخانەی چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیماوی نەشتەگەریەکە ئەنجام بدرێت.

حسێن عەلی پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی چاو لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "وەک ستافی پزشیکی، هاوڕێیەتی نەخۆشەکان دەکەین بۆ نەخۆشخانەی زەین ئەل عابدین. نەخۆشخانەکە تایبەتە بە نەخۆشیەکانی چاو و لە ماوەی ڕابردوودا نزیکەی 300 نەشتەگەری بۆ چاندنەوەی گلێنەی چاو لە نەخۆشخانەکە ئەنجام دراون و دوای نەشتەگەریەکەش بەرکەوتەکان دەبینرێنەوە."

حەمەمین بابە حەسەن یەکێک لەو بەرکەوتانەی کە بۆ نەشتەگەریەکە بە ڕێکەوت لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، " ئێمە لە ڕابردوودا لە تاران نەشتەگەری چاندنی گلێنەی چاومان بۆکراوە، بەڵام بودجەیان بۆ تەرخان نەکردین سەردانی پزیشکەکان بکەینەوە، ئەوەش وایکرد چەند کەسێکمان کوێر بوون. ئێمە دەستخۆشی لە حکومەتی عێراق دەکەین کە دەمانبات بەڵام پێویستە دوای نەشتەگەریەکەش ببینرێنەوە لەلایەن پزیشکەکانەوە."

بەهۆی کیمیبارانکردنی هەڵەبجە لە 16-3-1988 بە چەکی کیمیاوی نزیکەی 5 هەزار هاووڵاتی گیانیان لە دەستداوە و 10 هەزار هاووڵاتی دیکەیش برینداربوون. بەشێک لە بریندارەکانی بەدەست نەخۆشیەکانی چاوە گیرۆدە بوون .

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:14 0:00

XS
SM
MD
LG