سەرچاوەیەکی لە دەزگای دادوەری رۆژی چوارشەممە رایگەیاند دادوەرەکانی فەرەنسا فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا، ماهر ئەسەدی برای و دوو بەرپرسی باڵای دیکەی حکومەتی سوریا دەرکردووە لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی قەدەغەکراو لە دژی هاووڵاتیانی سڤیل لە سوریا.
مازن دەروێش، پارێزەر و دامەزرێنەری سەنتەری سوریا بۆمیدیا و ئازادی ڕادەربڕین کە دۆزەکەی لە فەرەنسا پێشکەشکرد، دەڵێت ئەمە یەکەمجارە فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی بۆ بەرپرسانی باڵای سوریا دەربچیت لەسەر پرسی هێرش بە چەکی کیمیایی بۆ سەر غۆتە کە لە ساڵی 2013دا ئەنجام درابوو و زیاتر لە هەزار کەس تیایدا گیانیان لەدەستدا.
حکومەتی سوریا نکوڵی لەوە دەکات کە هەرگیز جەکی کیمیایی بەکارهێنابێت، بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی دەریخستووە کە حکومەتی سوریا لە هێرشێکی مانگی چواری 2017دا مادەی گازی دەماری سارینی بەکارهێناوە و چەندین جاریش گازی کلۆری وەک چەک بەکارهێناوە.
سەرۆکایەتی سوریا و وەزارەتی ڕاگەیاندنی سوریا دەستبەجێ هیچ لێدوانێکیان لەم بارەیەوە نەداوە.
دەروێش بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، "سەرۆک بەرپرسیارە لە زۆرێک لە تاوانەکان لە سوریا - بەڵام لە بەکارهێنانی ئەم جۆرە چەکە بە تایبەتی - گازی سارین - مەحاڵە بەسەر ئەودا تێپەڕ بووبێت و ئاگادار نەبووبێت."، ئاماژەی بەوەشکرد کە ڕەزامەندی سەرۆک وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان دەبێت هەبووبێت.
فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی وڵاتێک لە دەمی سەرۆکایەتیدا دەگمەنە، چونکە بەگشتی پارێزبەندی لە لێپێچینەوە هەیە. بەڵام ئەو پارێزبەندییە یاسا نێودەوڵەتیەکان ناگرێتەوە کاتێک سەرۆکی دەوڵەتێک بە تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی یان جینۆساید تۆمەتبار دەکرێت.
لە ئێستادا دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان دوو فەرمانی دەستگیرکردنی لە دژی سەرۆکی دەوڵەتان هەیە، یەکێکیان لە دژی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و یەکێکی دیکەشیان لە دژی عومەر بەشیر، سەرۆکی پێشووی سودان.