Accessibility links

هێزەکانی ئیسرائیل بۆ گەڕان بە دوای چەکدارانی حەماس هەڵمەتێک بۆ ناو نەخۆشخانەیەکی غەززە ئەنجام دەدەن


سەربازانی ئیسرائیل بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە هەڵیانکوتایە سەر نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە و بەدوای چەکدارانی حەماسدا دەگەڕان. چەند خولەکێک پێش هەڵمەتەکە کاربەدەستانی وەزارەتی تەندروستییان ئاگادار کردبووەوە.

هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند، " لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری و پێویسی ئۆپەراسیۆنێک، هێزەکانی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی وردلە دژی حەماس لە ناوچەیەکی دیاریکراو لە نەخۆشخانەی شیفا ئەنجام دەدەن". داواشیان لە هەموو چەکدارانی حەماس کرد خۆیان ڕادەست بکەن.

بەرگری ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکای لە "تیمی پزیشکی و عەرەبی زمانەکان پێکهاتوون، کە مەشقی دیاریکراویان ئەنجامداوە بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەم ژینگە ئاڵۆز و هەستیارە، بە مەبەستی ئەوەی هیچ زیانێک بە هاووڵاتیانی مەدەنی نەگات".

بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی تەندروستی غەززە، دکتۆر مونیر ئەلبوڕش، بە تەلەفزیۆنی کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل هەڵیانکوتایە سەر دیوی ڕۆژئاوای نەخۆشخانەکە.

پێشتر ئەمەریکا پشتگیری لە قسەکانی ئیسرائیل کرد کە حەماس نەخۆشخانەکان وەک بنکەی چەکدارەکانی بەکاردەهێنێت. ئیسرائیل دەڵێت شیفا ناوەندێکی فەرماندەیی لە ژێرەوەیە، ئەمەش شتێکە کە حەماس دیسان ڕەتیکردەوە.

حەماس دەڵێت نزیکەی 650 نەخۆش و 5 بۆ 7 هەزار مەدەنی فەلەستینی پەنایان بۆ گۆڕەپانی نەخۆشخانەکە بردووە.

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند نەخۆشخانەکانی غەززە "دەبێت بپارێزرێن" لەکاتێکدا هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە بەئامانجگرتنی بنکە تەندروستییەکانی ناوچەکە بەهۆی ئەو دەنگۆیانەی کە حەماس بۆ خۆشاردنەوەی بەکاری دەهێنێت.

کاردانەوەکەی سەرۆک بایدن لەسەر ئەو هەواڵانە بوو کە باس لە خراپتربوونی قەیرانەکان دەکەن لە نەخۆشخانەی ئەلشیفا، ناوەندی پزیشکی سەرەکی شاری غەززە، کە چەند ڕۆژێک بوو لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە گەمارۆدرابوو و بەهۆی کەمی سووتەمەنی و خۆراک و ئاوەوە خزمەتگوزارییەکان لە ئەلشیفا ڕاگیرابوون.

XS
SM
MD
LG