Accessibility links

چارەنووسی پرۆسەی خوێندن لە بەشێکی هەرێمی کوردستان


وا دوو مانگ بەسەر دەستپێکردنەوەی پرۆسەی نوێی خوێندن تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان و کۆیە خوێندن دەستیپێنەکردووەتەوە بەهۆی بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە لە ئەنجامی بێ موچەیی. هەر ئەوەندەش نا بەڵکو خوێندکارانیش دەستییان کردووە بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی، بە تایبەت خوێندکارانی پۆلی دوانزە، بەهۆی بوونی تاقیکردنەوەی وەزاری کە پرسیارەکان لە هەرێمی کوردستان ناوەندییە و هەمان پرسیاری خوێندکارانی سنووری هەولێر و دهۆکیان بۆ دێتەوە کە دوو مانگە دەستیان بە خوێندن کردووە.

دەپرسین؟
ئایا چارەسەر چییە بۆ پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ لەو ناوچانە، بە تایبەت بۆ پۆلی نۆ و دوانزە؟
ئەگەر پرۆگرامی خوێندن کەمبکرێتەوە زیان بە پاشەڕۆژی خوێندن لە ڕووی زانستییەوە بە خوێندکاران ناگەیەنێت؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژی تاوتوێی پرسی چارەنووسی پرۆسەی خوێندن لە بەشێکی هەرێمی کوردستان دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:

1- مامۆستا عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان.

2- مامۆستا بەرهەم مستەفا، ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:49:30 0:00

مامۆستا عەتا ئەحمەد:
"نزیکەی 60 هەزار مامۆستا بایکۆتی پڕۆسەی خوێندنییان کردووە، هەروەها نزیکەی 600 هەزار خوێندکار بێ بەش بوون لە پڕۆسەی خوێندن و 3 هەزار قوتابخانە دەرگاکانیان داخراوە، ئەوەش هەمووی بەهۆی بێ باکی حکومەتی هەرێمە کە ناکرێت دوو مانگە بایکۆت بێت، بەڵام حکومەت بەخەیاڵیدا نەیەت و باکی پێی نەبێت. بەڵێ ئێمەش دەڵێین پرۆسەی خوێندن لەبەردەم هەڕەشەدایە، بەڵام ئەوەش هەموو هۆکارەکە حکومەت و وەزارەتی داراییە کە ئامادە نین گوێ لە مامۆستایان بگرن و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکەن."
"ئێمە سێ هەفتە لەمەوبەر وەک یەکێتی مامۆستایان کە ڕێکخراوێکی ڕێگە پێدراوین و نوێنەرایەتی زۆرینەی مامۆستایان دەکەین یاداشتێکمان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی بەپەلەی پڕۆسەی خوێندن، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا حکومەت نەهاتووە بڵێ یەکێتی مامۆستایان (ناماقوڵیتان کرد) قسەکەی ئێوەم ڕەتکردەوە، کارەساتەکە ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم زۆر نابەرپرسانە مامەڵە دەکات لەکاتێکدا ئێمە ڕێکخراوێکی فەرمین و بەفەرمی یاداشتمان ئاڕاستە کردوون کەچی وەڵاممان نادەنەوە، هەست دەکەیت ئەڵێی ئەم حکومەتە حکومەتی ئەم دەڤەرە نییە و حکومەتی شوێنێکی ترە، تا ئێستا نەمانبییووە نوێنەر بنێرەت بۆ گفتوگۆ بڵێ فەرموو ئێوە 10 داواکاریتان هەیە من پێنج جێبەجێ دەکەم."

"قوتابیان قوربانی یەکەمن لەم بایکۆتە، بەتایبەت ئەوانەی پۆلی نۆ و دوانزە، بۆیە گرنگە قەرەبووی خوێندکاران بکرێتەوە هەم بەکەمکردنەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندن وە هەم بە درێژکردنەوەی ساڵی خوێندن، هیچ چارەسەرێکی تر نییە، ئەگەر ئێستا حکومەت بێت بەدەممانەوە، خۆ ئەگەر نەهات بەدەممانەوە ئەوا وەک مامۆستا بەرهەم وتی، ساڵێکی خوێندن دەفەوتێت و دەبێتە پەڵەیەکی ڕەش بە ناوچەوانی حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە وەک پەڵە ڕەشەکانی تری ڕابردووییان."

"ئێمە لە ماوەی دوانزە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە پەنجا جار داوای بینینی سەرۆکی حکومەتمان کردووە، لەکاتی ئاسایی پێش بایکۆت و کێشەی موچە، تەنها بۆ ئەوەی کێشەی پڕۆگرامی خوێندن و پێشنیار و بابەتی پەروەردەیی بخەینەڕوو، بەڵام بەداخەوە هیچ سەرۆکێکی حکومەت ئەم ڕێکخراو و سەندیکای مامۆستایانە ببینێ، هەر بەڕاستی پەنجا جار زیاتر داوامانکردووە لەچەندین ڕێگەوە، لەڕێگای وەزیر، ڕاوێژکارانی ەرۆکی حکومەت، حزبەکان و مەکتەب سیاسییەکان هەموو ڕێگەیەکمان گرتۆتەبەر نە ئەم سەرۆک حکومەتە نە هی پێشتر ئامادەنەبوون بمانبیننن یەکجار، ئەمەش واتای بێ نرخی پەروەردە و خوێندن دەگەیەنێت لایان وە خۆیان بەگەورەتر لە خەڵک و مامۆستایان دەبینن، لە ڕۆژی جیهانی مامۆستایان و لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانیش کە بە بەیاننامە پیرۆزبایمان لێدەکەن بۆ موجامەلە و خۆڵکردنە چاوی خەڵکە و ڕاست ناکەن لەگەڵماندا، تەنانەت وەزیرەکانیش ڕاست ناکەن، باشە هیچی تێدەچێت وەزیری پەروەردە تێلفۆنێک بۆ ئێمە بکات کە سی ساڵە لە سلکی پەروەردەدا خزمەت دەکەین، وەزیریش ئێمە نابینێ تەنها ئەو کەسانە دەبینێ کە موجامەلەی خۆی دەکەن، نەک ئێمە و مانان کە ناڕازین و شتە ڕاستەکانی پێدەڵێیین و موجامەلەی ناکەین و خۆپیشاندان دەکەین و ڕەخنە دەگرین چارەی ئێمەی ناوێت، کە دەستبەکاربووە کە چوین بۆ پیرۆزبایی لە ئۆفیسەکەی بینیومە ئەگەرنا نەمبینیوەتەوە تەنها لەبەر ئەوەی ڕەخنە دەگرین و ڕاستییەکان دەڵێین، هەرکات ڕەخنەشمان گرتووە مەناعەتی نەبووە سزامان بدات."


مامۆستا بەرهەم مستەفا:
"خۆپیشاندانی مامۆستایان هی ئەمساڵ نیە، بەڵکو هی ئەو ساڵەیە کەبەناوی ئابوری سەربەخۆوە موچەیان لەبەغدادەوە بڕی، لەو ساڵەوە ئێمە ساڵانە خۆپیشاندان دەکەین، دوای ئەوە بەرپرسان تەنانەت لەگەڵ خەڵک و ڕاگەیاندنەکان ڕاستگۆ نییە، چونکە داواکاری ئێستای ئێمە بەتەنها موچە نیە، بەڵکو بۆ نمونە گەڕانەوەی پلە بەرزکردنەوەیەیە کە ئەمە حکومەتی عێراق ڕاینەگرتووە، بەڵکو حکومەتی هەرێم ڕایگرتووە ئەم قسانەی حکومەت کە داواکاری ئێمەی لە موچدا بچوککردۆتەوە و دەڵێت موچە لە بەغدادەوە نایەت و خۆ هەر هی مامۆستایان نییە، بۆ خۆدزینەوەیە هەروەک چۆن ئێستا بۆ اەم بەرنامە هیچ بەرپرسێک ئامادەنەبووە بێت و بۆ خۆدزینەوە پاساوی هێناوەتەوە، کە ئەمە پیشەی هەمیشەییانە بەڕاستی."

"بۆیە ئەم جارە بایکۆتمان کردووە دەمانەوێت ئەنجامی هەبێت، هیواخواز نین کە ساڵێکی خوێندن بفەوتێت، بەڵام ئەوەشمان لەبەرچاو گرتووە کە ساڵێکی خوێندن بفەوتێت، چونکە ئەمە دوو ڕووی مێژوویی هەیە، ڕوویەکیان، هەڵوێستی مامۆستایانە کە بایکۆتییان کرد و بەڕووی حوکمەتێکی بێ خەمدا چونەوە، ڕووی دووەم ، ڕوویەکی شەرمهێنەرە بۆ حکومەت کە بێ باک بوو بەرامبەر سوتانی ساڵێکی خوێندن."

"ئێمە هەڵبژاردنێکمان لە یەکێتی مامۆستایان لە پێشە، کاتێک دێتە سەر پۆستەکان ئەم حزبە دەسەڵاتدارانە دێن کە زۆرترین کادیرە پیشەییەکانی سەر بەخۆیان بن، بەڵام کاتێک دێتە سەرئەوەی کە دەمانەوێت قسە بکەین و بیانبینین ئەوان ئامادەنین گوێمان لێبگرن، چونکە پڕۆسەی پەروەردە کاری لە پێشینەی گرنگی ئەوان نیە، وە لەبەرئەوەی یەکێتی مامۆستایان فرە ڕەنگە، دەترسن لەوەی مامۆستایانی دەرەوەی خۆیان بچن پەیامە ڕاستەقینەکە بدەن بە گوێیاندا دوور لە قسەی ناڕاست و جوانکردن بۆیان."

"ئینجا لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ئەمڕۆش، کە دەبینین لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایان یا ڕۆژی جیهانی مامۆستاین سیاسی و سەرکردەکان دەبینین پەیامی پیرۆزبایی دەنێرن و دەڵێن،ئێمە قەرزاری مامۆستایانین، کەچی تا ەم دەقەیەی قسەی تێدا دەکەم قەرزەکەیان نەداوینەتەوە، ئەو پەیامانەش تەنها بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکە، ئەگەر خۆیان بەقەرزاری مامۆستایان بزانیایە دەهاتن بایەخییان بەکەرتی پەروەردە دەدا و ساڵانە 50-60 قوتابخانە بکاتەوە، گوزەرانی مامۆستایانی باش دەکرد، کەچی دەبینین گوزەرانی مامۆستایان چۆنە، وە ئەو قوتابخانەشی دەکرێنەوە حکومەت نسیانکاتەوە بەڵکو یا خاوەن پڕۆژە دەیکاتەوە یا کەسانی خێرخوازن."

"دوای ئەوە حکومەت چ پێویستی بەوە هەیە لەگەڵ ئێمەی مامۆستایان دابنیشێت و گوێمان لێبگرێت چونکە خۆ پەروەردە سەرچاوەی داهات نیە بۆ ئەوان ئەوان بیر لەداهاتی پارە دەکەنەوە، نەک ئەوەی کە پەروەردە بۆ بونیادی کۆمەڵگا و نەوەی دواڕۆژ لە داهاتی ماددی گرنگە ، چونکە مەعریفە بۆ ئەوان گرنگ نیە، داهاتی خاڵە سنورێک سەد قوتابخانە دێنێت، قایمکردنی کورسی خۆیان ژیانی هەزاران مامۆستا دێنێت."

"من لەگەڵ داواکاری خوێندکارانم بۆ کەمکردنەوەی پڕۆگرامی خوێندن چونکە بۆ نمونە ئێستا داواکاری مامۆستایان جێبەجێبکرێت و بگەڕێینەوە خوێندن دوو مانگی پڕۆسەی خوێندن ڕۆیشتووە کە ئەم دوو مانگە دوو مانگی گەرموگوڕی پڕۆسەی خوێندنە، چۆن ئێمەی مامۆستایان قوربانی دەستی دەسەڵاتێکی بێ باکین قوتابیانیش بەهەمان شێوە قوربانی ئەو دەسەڵاتەن."


XS
SM
MD
LG