Accessibility links

ژنان لە تورکیا دەیانەوێت مافەکانیان لە دەستووردا بپارێزن


لە تورکیا مشتومڕەکان لەسەر دەستووری نوێ لەلایەن ڕێکخراوەکانی ژنانەوە لە نزیکەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت. ژنان دەیانەوێت بە ژیانێکی سەردەمیانە و ئازاد ڕێگری لە کوشتنی ژنان بکەن.

ئەنکەرە و ئەستەنبوڵ دەبنە یەکەم شار کە دەست بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک چالاکی لەو بارەیەوە بکەن.

پلاتفۆڕمی" با واز لە کوشتنی ژنان بھێنین" ڕۆژی یەکشەممە لە شاری ئەستەنبوڵ گردبوونەوەیەک بە ناوی "با بە شێوەیەکی سەردەمیانە و ئازادانە بژین و واز لە کوشتنی ژنان بھێنین" سازدەکات.

لە ئەنکەرە، ڕێکخراوەکانی ژنان لە هەوڵی پاراستنی مافەکانیاندان لە دەستووردا. پلاتفۆرمی ژنان بۆ یەکسانی (EŞİK) یەکێکە لەو ڕێکخراوانە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لە کردنەوەی پەرلەمانی تورکیا لە 1ی مانگی دە باسی لە دەستووری نوێ کرد. بەڵام پلاتفۆرمی ژنان بۆ یەکسانی دژایەتی ئەم گۆڕانکارییە دەکات.

بێرین سۆنمێز ئەندامێکی ڕێکخراوی ئێشەک، هۆکاری دژایەتیکردنی هەموارکردنەوەی دەستوور بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت "هیچ کەڵک لە دەستووری ئێستا وەرناگیرێت و مافی ژنان لەلایەن ئەم حکومەتەوە پێشێل کراوە."

سۆنمێز دەشڵێت "دەمانەوێت ڕێز لە دەستوور بگیرێت و مافی ژنان بپارێزرێت".

ڕێککەوتنی ئەستەنبوڵ لە ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە هەڵوەشێنرایەوە. بەهۆی ئەمەوە ژنان باوەڕیان بە دەسەڵات نەماوە.

پارێزەر یەڵدا کۆچاک کە لە بواری مافەکانی ژنان کاردەکات هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەستەنبوڵ وەک ڕەمزێک لە دژی مافەکانی ژنان وەسفی دەکات و دەڵێت "ئەم دەسەڵاتە باسی گۆڕینی دەستوور دەکات، بەڵام ئەو مافانەی کە ژنان لە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکەدا بەدەستیان هێنابوو، لە ژنان سەندرانەوە".

کوشتنی ژنان لە تورکیا بێ وەستان بەردەوامە. پلاتفۆرمی ئێمە واز لە کوشتنی ژنان دەهێنین، لە مانگی دە بڵاویکردەوە، 18 ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون و 19 ژنیش بە مردوویی دۆزراونەتەوە، واتە کۆی گشتی 37 ژن کوژراون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:22 0:00

XS
SM
MD
LG