Accessibility links

نێرگز قادر: گەر لێپێچینەوە لەگەڵ وەستا رەسوڵ نەکرێت لە خۆ کاندیدکردن دەکشێمەوە


نێرگز قادر
نێرگز قادر

کاندیدێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکوک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، لەلایەن پاسەوانەکانی وەستا رەسوڵ، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی یەکێتیەوە هێرش کراوەتە سەر خۆی و براکانی و بە کلکە دەمانچە لێیاندراوە. هەڕەشەی کشانەوەش لە لیستەکە دەکات، گەر لێپێچینەوە بەرامبەر بەو فەرماندە سەربازییە نەکرێت.

نێرگز قادر، کاندیدی یەکێتی لە هاوپەیمانێتی "کەرکوک هێز و ئیرادەمانە" بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەمڕۆ پێنجشەمە، ڕۆیشتم بۆ نێو هێزەکانی پشتیوانی دوو لە ناو فەرماندەیی بۆ سلێمانی بە مەبەستی کۆبوونەوە، لەوکاتەدا پێشمەرگە لێم کۆبوونەوە و وێنەیان لەگەڵ دەگرتم، قەرەباڵغی دروستبوو، وەستا رەسوڵ هاواری لێهەستاو داوای کەمکردنەوەی قەرەباڵغییەکەی کرد."

ئەو وتیشی، "گوێ لە وەستا رەسوڵ نەگیرا و پێشمەرگەکان لە دەورم بوون، وەستا رەسوڵ پێیوتم، 'نەڕۆیت تەقەت لێدەکەم.' وتم، 'ئەو تەقانەت لە 16ی ئۆکتۆبەر بکردایە.' لەوکاتەدا کێشە لەنێوان پاسەوانەکانی وەستا رەسوڵ و پێشمەرگەکان دروستبوو، براکانم نێوەنگیرییان کرد."

نێرگز قادر ژنە ڕاگەیەندکارێکی یەکێتی نیشتمانییە لەشاری کەرکوک. ئەو ماوەی چەند ساڵێکە لە ڕاگەیاندنی ئەو حزبە لەکەرکوک کاردەکات.

بەپێی وتەی کاندیدەکەی یەکێتی، بە کلکە دەمانچە "خراپ" لە براگەورەکەی دراوە، وتی "خۆشتم بە کلکە دەمانچە لە پشتم درا."

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە وەستا رەسوڵەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.

لای خۆیەوە ڕەوەند مەلا مەحمود، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تەنها ئەوەندە ئاگادارم، نێرگز قادر ڕۆیشتووە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ پێشمەرگە. پێشمەرگە داوای وێنەگرتنیان گردبوو. وەستا رەسوڵ داوایکردبوو دەست بەکۆبوونەوە بکرێت."

بە پێی زانیارییەکان، کێشە کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە نێو بارەگای هێزەکانی پشتیوانی دوو لە سلێمانی ڕوویداوە. دوای ڕووداوەکە، لە ئەکاونتی کاندیدە ژنەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک پۆستێک لەسەر کێشەکە بڵاوکراوەتەوە بەڵام دواتر سڕاوەتەوە.

نێرگز قادرگلەیی کرد و وتی، "بەشێوەیە پاداشتی سێ مانگ ماندوو بوون درایەوە، کە شەوو ڕۆژم خستووەتە سەر یەک تا دوو دەنگ زیاتر بۆ یەکێتی بهێنم؟ چاوەڕوانی لێپێچینەوەم لەگەڵ وەستا ڕەسوڵ، گەر لێپێچینەوەی لەگەڵ نەکرێت لە خۆ کاندیدکردن دەکشێمەوە."

بڕیارە ڕۆژی 18/12ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت و لە کەرکوک لایەنەکان لەسەر 15 کورسی ئەنجومەنی پارێزگا رکابەری بکەن.

کورد لە کەرکوک بە چەند لیستێک دادەبەزێت، کە بریتین لە لیستێکی یەکێتی و هاوپەیمانەکانی لە نێوان شوعی، پارتی و هاوپەیمانەکانی، هێزە ئیسلامییەکان یەکگرتوو و کۆمەڵ، وە نەوەی نوێ.

XS
SM
MD
LG