Accessibility links

زانایان هۆشداری لەمەڕ وشکەساڵییەکی قورس لە ئێران، عێراق و سوریا دەدەن


زانایان ڕۆژی چوارشەممە 8ی ئەم مانگە ڕایانگەیاند کە بە پشتبەستن بە پێوانە و لێکۆڵینەوەکانیان، پێدەچیت ساڵی 2023 وەک گەرمترین ساڵ لە مێژوودا تۆمار بکرێت.

وشکەساڵی دیارترین دەرئەنجامی گەرمبوونی ئەم هەسارەیەیە کە بژێوی ژیانی خەڵکی لە هەموو جیهاندا ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە کردووەتەوە. گەرمبوونی جیهان و وشکەساڵی کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر وڵاتانی ناوچەکەش داناوە کە بە بەشێک لە وشکترین و کەم ئاوترین ناوچەکانی جیهان دادەنرێن.

زانایان لە ڕێکخراوی بەڵگەنامەی کەشوهەوای جیهانی World Weather) Attribution) دەڵێن سێ ساڵ داتای پلەی گەرمی و بارانبارینیان شیکردوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە گۆڕانی کەشوهەوا گاریگەری هەبووە لەسەر بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و ئەمەش وایکردووە وشکەساڵی لە بەشێک لە سوریا و عێراق لانیکەم 25 هێندە زیاتر ببێت و لە ئێرانیشدا 16 هێندە بەرەو هەڵکشان بڕوات.

دکتور مەنسور سوهرابی، پسپۆڕی بواری ژینگە لە ئاڵمانیا بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "وشکە ساڵی بە هۆی باران بارینی کەمەوە تەنها یەکێک لە جۆرەکانی وشکەساڵییە کە بە ئینگلیزی پێیدەوترێت میتێرۆلۆجیکاڵ (meteorological) و چەند جۆری دیکەی وشکەساڵیمان هەیە، بۆ نموونە وشکەساڵی ھایدرۆلۆجیکاڵ (hydrological) هەیە کە بە هۆی کەمکردنی ئاوەکانی ژێر زەوی و کانیاوەکانەوە دروست دەبێت کە لە ئەنجامی خراپ بەڕێوەبردنی پرسی ئاوەوە لە لایەن بەرپرسان و خەڵک لە وڵاتانی ناوچەکەدا ڕوودەدات."

دەشڵێت "بۆ نموونە لە ئێران وشکەساڵی ھایدرۆلۆجیکاڵ بووەتە دیاردەیەکی باو، بە شێوەیەک کە لە ئەنجامی خراپ بەڕێوەبردنی پرسی ئاو لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، ئاستی ئاوەکانی ژێر زەوی ئێران ڕووبەڕووی کورتهێنانی کەڵەکەبووەتەوە، بە شێوەیەک کە لە ئێستادا وڵاتەکە نزیکەی 200ملیار مەتر سێجا ئاوی بن زەوییەکەی دابەزییوە و ئەمەش خۆی دەبێتە هۆی ڕووچوونی زەوی لەو ناوچانەدا."

لێکۆڵینەوەکەی ڕێکخراوی بەڵگەنامەی کەشوهەوای جیهانی کە هاوکارییەکی ئەکادیمییە بە بەشداری چەندین زانکۆ لە جیهاندا، باس لەوە دەکات کە وشکەساڵی لە ساڵی 2020وە دەستی پێکردووە و کاریگەریی وێرانکەری مرۆیی لێکەوتووەتەوە. لێکۆڵینەوەکە دەشڵێت تا مانگی نۆی ساڵی 2022، وشکەساڵی تەنها لە سوریا، نزیکەی دوو ملیۆن کەسی ئاوارە کردووە و لە ساڵی 2023شدا نزیکەی 12 ملیۆن کەسی دیکەی لەو وڵاتەکەدا ڕووبەڕووی قەیرانی دابینکردنی خۆراک کردوەتەوە.

زانایانی گروپی بەڵگەنامەی کەشوهەوای جیهانی ڕایانگەیاندووە دوای پشکنینی داتاکانی شێداری و پلەی گەرمی لە سوریا، عێراق و ئێران لە نێوان ساڵانی 2020 تا هاوینی ساڵی 2023 بۆیان دەرکەوتووە هەرچەندە ئەو سێ وڵاتە ئاماژەپێکراوانە لەو ماوەیەدا باران بارینێکی کەمیان بە خۆیانەوە بینیوە، بەڵام بەردەوامی بەهەڵمبوونی ئاوەکان و دەرچوونی ئاو لە ڕووەکەکان کە بە ئینگلیزی گێتەیشنی ((Guttation پێدەوترێت، هۆکاری دیکەی سەرەکی وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمییە لەو وڵاتانەدا.

دکتور سوهرابی دەڵێت دروستکردنی بەنداو هۆکارێکی سەرەکییە لە بە هەڵمبوونی ئاو کە لە ئیستادا بووە بە پێشبڕکێی نێوان وڵاتانی ناوچەکە و لەم ساڵانەی دوایشدا ڕەنگی سیاسی وەرگرتووە و پێدەچێت قەیرانی ژینگەیی و کارەساتی مرۆیی گەورەی لێبکەوێتەوە.

ئەو دەڵێت "لە ئەورووپا بزووتنەوەیەک لە ژێرناوی "ڕزگارکردنی ئاوەکان لە بەند" رێکخراوە بۆ نەمانی بەنداوەکان و ئەمەش دەریدەخات کە چەندە بەنداوەکان لەڕووی ژێنگەییەوە کارێکی هەڵە و زیانبەخشە."

تورکیا لە ژێر ناوی پرۆژەیەکدا بەناوی پڕۆژەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ لەسەر بەشی سەرەوەی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات دەستی کردووە بە دروستکردنی 22 بەنداو و 19 وێستگەی کارەبا و سەدان کیلۆمەتر کەناڵی ئاودێری کردن و تاکو ئێستاش لەو 22 بەنداوە،19 بەنداوی لەسەر ڕووبارەکە دروستکردووە.

رووباری فورات کە سەرچاوەکەی لە چیاکانی تۆرۆسی تورکیاوەیە و بە نێو سوریادا تێدەپەڕێت تا دەگاتە عێراق و پاشان لە پارێزگای بەسرەی باشوری عێراق لەگەڵ ڕووباری دیجلە لە ڕووباری عەربدا یەکدەگرن تا دەچێتە نێو کەنداوەی فارسەوە.

زۆرێک لە شرۆڤەکاران یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی ئەم بەنداو دروستکردنانە لە لایەن تورکیاوە دەگێڕنەوە بۆ کەڵک وەرگرتنی تورکیا بۆ سەپاندنی سەرەوەی خۆی لە دانوستان و ململانێ ناوچەییەکاندا.

دکتور سوهرانی دەڵێت "بەنداوی ئیلیسو و ئاتاتۆرک نزیکەی 54 ملیار مەتر سێجا ئاو کۆ دەکاتەوە کە ئەمەش پیشاندەری مەترسیداربوونی ئەو سیاسەتەیە کە تورکیا لە مەڕ پرسی ئاو گرتویەتییە بەر."

لە لێکۆڵینەوەکەی بەڵگەنامەی کەشوهەوای جیهانی باس لەوە کراوە کە بەهۆی گەرمبوونی جیهانەوە پێشبینی دەکرێت وشکەساڵی قورس لە هەر دەیەدا جارێک لە عێراق و سوریا و دووجاریش لە ئێران ڕووبدات.

لەساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بەرپرسانی عێراق باسیان لەوە کردوە کە بە هۆی بەنداوەکانی ئێران و تورکیاوە، زۆرێک لە ناوچەکانی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی وشکەساڵی بوونەتەوە و خەڵکی ئەو ناوچانە ناچار بوون شوێنەکانیان بە جێبهێلن.

لێکۆڵینەوەی بەڵگەنامەی کەشوهەوای جیهانی لە سەروبەندی کۆبوونەوەی گرنگی ئەمساڵی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا بڵاودەکرێتەوە کە بڕیارە لە 30ی مانگی یازدە تا 12ی مانگی دوانزدە لە دوبەی بەڕێوەبچێت.

دکتور مەنسور سوهرابی دەڵێت " کورتبینی مرۆڤ بە گشتی سەبارەت بە داهاتوو و دواتریش بەرژەوەندخوازی خاون کۆمپانیا گەورەکانی نەوت و بازرگانییەکان و بەرپرسانی وڵاتان بەشێک لەو هۆکارە سەرەکییەکانن کە بوونەتەوە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی ژینگەیی و کەش و هەوا و پێناچێت بەمزوانەش هەنگاوی جددی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بگیرێتەبەر."

XS
SM
MD
LG