Accessibility links

پەرلەمانی تورکیا بایکۆتی بەرهەمەکانی کۆکاکۆلا و نەستەلە دەکات


بەگوێرەی بەیاننامەیەکی فەرمی و سەرچاوەیەک کە ناوی ئەو دوو کۆمپانیایەی دەستنیشان کردووە، ڕۆژی سێشەممە پەرلەمانی تورکیا بەرهەمەکانی کۆکاکۆلا (KO.N) و نێستڵ (NESN.S)ی لە چێشتخانەکانی لابردووە وەک پاڵپشتییەک بۆ غەززە و ناڕەزایی بەرامبەر بە ئیسرائیل لە میانی شەڕەکەی غەززەدا.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز پەیوەندی بەو دوو کۆمپانیایەوە کرد بەڵام دەستبەجێ هیچ لێدوانێکیان لەوبارەیەوە نەدا.

ئەنجوومەنی باڵای نیشتمانی تورکیا بەبێ ئەوەی ناسنامەی ئەو کۆمپانیایانە ئاشکرا بکات ڕایگەیاند "بەرهەمی ئەو کۆمپانیایانە کە پاڵپشتی ئیسرائیل دەکەن، لە چێشتخانە و کافتریا و چایخانەکانی ناو پەرلەمان نافرۆشرێن."

دەشڵێن "نوئمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمان بڕیارەکەی داوە بە مەبەستی "پشتیوانیکردن لە هەستیاری گشتی سەبارەت بە بایکۆتکردنی بەرهەمەکانی ئەو کۆمپانیایانە کە بە ئاشکرا پشتگیری خۆیان بۆ تاوانەکانی جەنگی ئیسرائیل و کوشتنی خەڵکی بێتاوان لە غەززە ڕاگەیاندووە".

سەرچاوەیەکی پەرلەمانی ڕایگەیاندووە؛ خواردنەوەی کۆکاکۆلا و نیسکافێ و بەرهەمەکانی نەستلە تاکە براندەکانن کە لە لیستی مینیوەکاندا لابراون، دەشڵێت بڕیارەکە بۆ وەڵامدانەوەی "ناڕەزایەتییەکی گەورەی گشتی دژی ئەم کۆمپانیایانە" بووە بەهۆی پشتگیریکردنیان لە ئیسرائیل.

نە بەیاننامەکەی پەرلەمان و نە سەرچاوەکە دیاریان نەکردووە کە چۆن کۆکاکۆلا و نەستەلە پشتگیری لە هەوڵە جەنگییەکانی ئیسرائیل دەکەن.

لەکاتێکدا مانگی ڕابردوو کۆمپانیای نەستەلە (NESN.S) ڕایگەیاند کە وەک "خۆپارێزی" یەکێک لە کارگەکانی بەرهەمهێنانی لە ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی کاتی داخستووە و بوو بە یەکەم کۆمپانیای زەبەلاحی بەرهەمە بەکاربەرەکان وەک هەڵوێستێک وەڵامدانەوەی خۆی بەرامبەر شەڕەکە ڕابگەیەنێت.

چالاکوانانی تورکیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناوی هەردوو کۆمپانیاکەیان لە پۆستەکانی سۆشیال میدیا دانابوو، ئەوان داوای بایکۆتی کاڵای ئیسرائیلی دەکەن و ئەو کۆمپانیا ڕۆژئاواییانەی کە بە پشتگیری ئیسرائیل دەزانن ناوی هەردوو کۆمپانیاکەیان هێناوە.

ئەم هەنگاوەی پەرلەمانی تورکیا لە یەکەم هەنگاوەکانی حکومەت یان ڕێکخراوێکی گەورەدایە کە براندە جیهانییە گەورەکانی کردە ئامانج بەهۆی شەڕی یەک مانگەی نێوان ئیسرائیل و گروپی چەکداری فەلەستینی حەماس.

لە شوێنێکی دیکەشدا، سەندیکای کرێکارانی بارهەڵگرتن و گواستنەوەی بەندەری بەرشەلۆنە (port stevedores) وەک هەڵوێستێک لە بەرامبەر شەڕی غەززە ڕەتیکردەوە هیچ کەلوپەل و کەرەستەیەکی سەربازی باربکات و دابگرێت، هاوکات سەندیکاکانی گواستنەوەی بەلجیکا ڕەتیانکردەوە هەر مامەڵەیەک لەگەڵ ئەو کەرەستە سەربازییانەدا بکەن کە ڕەوانەی ئیسرائیل دەکرێن.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG