Accessibility links

یەکێتی بۆ VOA: ئێمە ئاگامان لە رێککەوتنی گواستنەوەی غازی کۆرمۆر نییە بۆ کەرکوک


وتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند حزبەکەی ئاگاداری هیچ جۆرە ڕێککەوتنێک نییە لەسەر غازی کۆرمۆر لەگەڵ حکومەتی عێراقدا.

سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ گواستنەوەی غازی کۆرمۆر بۆ کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان یەکێتی و پارتی ئەم مەسەلە باسکرا، یەکێتی و پارتی ئاگاداری رێککەوتن نین و ئەم مەسەلە پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمەوە هەیە. بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش دڵنیاییدا ئاگاداری مەسەلەکە نین بەو شێوەی باسدەکرێت."

ئەحمەد پیرە، گوتیشی، " ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و دانا غاز بەو جۆرەیە، نابێت ئەم مەسەلانە لەدەرەوەی یاسا مامەڵەیان پێوە بکرێت، دەبێت هەر شتێک کرا لەچوارچێوەی یاسا بێت و حکومەتی هەرێم ئاگای لێیبێت."

لێدوانەکانی گوتەبێژەکەی یەکێتی لە کاتێکدایە کە سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەڵێت کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ژێر کۆنترۆڵی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندایە و دەبێت ئەو حزبە ئاگاداری هەر جۆرە ڕێککەوتنێک بێت لەگەڵ عێراق لەبارەی غازی ئەو کێڵگەیەوە.

رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ژێر کۆنترۆڵی یەکێتیدایە، هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ عێراق کرابێت بۆ گواستنەوەی غاز لەو کێڵگەیەوە بۆ کەرکوک دەبێت ئەو حزبە ئاگاداربێت."

ڕۆژی یەکشەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، پرۆژەی بۆری گواستنەوەی غازی کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەی کارەبای کەرکوک کۆتایی هاتووە، بۆرییەکە 16 ئینچەو ڕۆژانە (100 مقمق) غازی هەیە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، لە وەڵامدا ڕایگەیاند، تا ئێستا بڕی غازی پێویست بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین نەکراوە، کۆمپانیای داناغازیش بۆی نییە بە بێ ڕەزامەندی حکومەتی هەرێم گاز لە کێڵگەکانی هەرێمەوە بۆ هیچ شوێنێکی دیکە بگوازێتەوە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق کەداوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گەر یەکێتی ڕازی نەبووبێت بە ڕاکێشانی بۆری غاز لە کۆرمۆرەوە بۆ وێستگەی کارەبای کەرکوک لە تازە خورماتوو، کۆمپانیای داناگاز ناتوانێت هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ عێراق بکات."

سەرچاوەکە وتی،"بۆرییەک لە نێوان کۆرمۆر و جەمبوردا لە سنوری کەرکوک هەیە، ئەم بۆرییە پێش 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 کۆندێنسەیتی پێ دەگوازرایەوە.

لە مانگی 10 ی ئەمساڵیش بۆرییەک لە جەمبورەوە بۆ وێستگەی کارەبای تازە خورماتوو ڕاکێشرا کە درێژییەکەی یەک کیلۆمەترو پەنجا مەترە، تا غاز لە کۆرمۆرەوە بگوزارێتەوە بۆ وێستگەی کارەباکە."

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، ئامادەکاری بۆ گواستنەوەی غاز لە کۆرمۆرەوە بۆ وێستگەی کارەبای تازە خورماتوو کراوە، وا دانراوە بۆرییەکان توانای گواستنەوەی یەک ملیۆن پێ سێجا غازیان هەبێت لە ڕۆژێکدا.
سەرچاوەکە، دەڵێت،"ئامادەکاری کراوە، بەڵام ڕەنگە هێشتا ڕێککەوتن لەسەر نرخ و هەندێک شتی تر بەتەواوەتی نەکرابێت."

کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنوری قەزای چەمچەماڵی ڕۆژهەڵاتی شاری کەرکوک، کێڵگەکە چەندین جار لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سەربە حەشدی شەعبییەوە بۆمبارانکراوە، کاتێک کۆمپانیای داناگاز هەوڵیداوە کێڵگەکە فراوان بکات و غازی زیاتر بەرهەم بهێنێت.

لەکاتێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق تەواوبوونی بۆری گواستنەوەی غازی لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ کەرکوک ڕاگەیاندووە، بەڵام بەرپرسانی یەکێتی کە باڵادەستن بەسەر کێڵگە غازییەکەدا، ڕەتیدەکەنەوە ڕێککەوتنیان لەگەڵ عێراق ئەنجام دابێت.

بەهجەت محەمەد، ڕاوێژکاری مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی بۆ کاروباری نەوت و وزە، بە دەنگی ئەمەریکای وت،"یەکێتی هەر بڕیارێک بدات بە ئاشکرا دەیدات، یەکێتی لەگەڵ عێراق بۆ گواستنەوەی غازی کۆرمۆر ڕێککەوتنی نییە. ئینجا ئەو غازەی ڕۆژانە لە کێڵگەی کۆرمۆر بەرهەم دەهێنرێت و 500 ملیۆن پێ سێجایە کەمترە لە پێداویستی هەرێم."

ئەو گوتیشی،"یەکێتی کێڵگەی غازی کۆرمۆری پاراست، نەیهێشت بخرێتە ناو ململانێی نێودەوڵەتی و ناوچەییەوە. گەر غازی کۆرمۆر نەبایە، ئێستا بڕی پێدانی کارەبا کەمتربوو لە دوو کاتژمێرو نرخی بوتڵێک غازیش دەگەشتە 50 هەزار دینار."

کۆمپانیای داناغازی ئیماراتی کە سەرپەرشتی دەرهێنانی گاز لە کێڵگەی غازی کورمۆر دەکات، ڕۆژانە سەرووی 500 ملیۆن پێ سێجا غاز بەرهەم دەهێنێت، لەکاتێکدا وێستگەکانی کارەباو ناوخۆی هەرێم پێویستی بە نزیکەی ملیارێک پێ سێجا غاز هەیە.

هەرچەندە ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ گواستنەوەی غازی کۆرمۆر بۆ کەرکوک نیگەرانی لە نێوان یەکێتی و پارتیدا دروستکردووە، بەڵام هێشتا کۆمپانیای داناغازی ئیماراتی بێدەنگی هەڵبژاردووە.

محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کۆمپانیای داناگاز گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە بۆ کارکردن لە کۆرمۆر، بۆیە ناتوانێت هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ عێراق بکات."

سەرباری ئەوەی گواستنەوەی غازی کۆرمۆر بۆ کەرکوک لە ناوخۆی هەرێم ناکۆکی دروستکردووەو هیچ لایەنێک خۆی ناکاتە خاوەنی ئەو ڕێککەوتنەکەی کە وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە، بەڵام بەرپرسانی کەرکوک دەڵێن ڕێوشوێنەکانی گواستنەوەی غازەکە تەواو بوون.

حسێن عادل، بەڕێوەبەری ناحیەی تازە خورماتوو، ئەو ناحیەیەی گوایە غازی کۆرمۆری بۆ دەبرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کۆمپانیایەک بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای زیاتر لە وێستگەی کارەبای تازە خورماتوو دەستبەکاربووەو بڕیارە 600 مێگاوات کارەبا زیاتر بەرهەم بهێنرێت."

ئەو گوتیشی،"وەزارەتی نەوتی عێراق گواستنەوەی غازی کۆرمۆری بۆ وێستگەی کارەبای تازە خورماتوو ڕاگەیاندووە، کەواتە ڕێککەوتنیان لەگەڵ ناوخۆی هەرێمیش هەیە."

XS
SM
MD
LG