Accessibility links

سەرچاوەیەک بۆ  VOA : دوو برینداری هێرشەکەی سەر ڕانیە پەکەکەن و ئێستا لە سلێمانی چارەسەر وەردەگرن


قوربانیانی هێرشە درۆنیەکەی ئەم بەیانیەی ڕانیە گەیشتە چوار کەس، کە دوانیان ژن و دوانیشیان پیاون، لە ئێستاشدا بریندارەکان گەیەندراونەتە نەخۆشخانەیەکی شاری سلێمانی و برینی دوو لە بریندارەکان سەختە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، 6-11-2023 ،نزیکی کاتژمێر 11:30 خولەک، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆندا لە گوندی بۆسکێنی سەر بە شارۆچکەی ڕانیە، چوار کەس برینداربوون و برینی دووانیان سەختە.

دەنگی ئەمەریکا دەستبەجێ دوای ڕووداوەکەوە پەیوەندی کرد بە ئیبراهیم ئەمین وتەبێژی ئاسایشی ڕانیە، بەڵام ئەو ڕایانگەیاند، "لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەین و جارێ هیچ زانیاریەکمان نیە بۆ ڕاگەیاندن."

دژە تیرۆری کوردستان لە بارەیەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا گرووپێکی چەکدارانی پەکەکە دەکاتە ئامانج و بەهۆیەوە دوو چەکدار کوژران و دووانی دیکەش بریندار بوون."

بەڵام چەند سەرچاوەکی ئاگادار، لە نێوانیان ئەو نەخۆشخانەیەی کە بریندارەکان چارەسەری لێوەردەگرن، ئەو زانیارییەی دژە تیرۆریان ڕەتکردەوە و ئەوەیان دووپاتکردەوە کە لە هێرشەکەدا هیچ کەسێک گیانی لەدەستنەداوە، بەڵکو قوربانیەکان چوار کەسن و هەرچواریان بریندارن.

سەرچاوەیەک لە ئاسایشی سلێمانی کەناوی لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ کەس لە چوار بریندارەکە گیانیان لەدەستنەداوە.

کەسێکی نزیک لە دوو برینداری ڕووداوەکە کە بەهۆی بارودۆخی ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ڕایگەیاند ئەوان ژنن و ئەندامی پەکەکەن.

سەرچاوەکە وتی، "ئەوان شەو لە ماڵیک لە ڕانیە ماونەتەوە. دوای دەرچوونیان لە ماڵەکە و دوور کەوتنەوەیان، لە کاتێکدا کە پیادەبوون لە لایەن درۆنەوە کراونەتە ئامانج.''

سەرچاوەکەی ڕاشیگەیاند، "لە ئێستادا ئەوان گەیەندراونەتە شاری سلێمانی و لە ژێر چاودێری پزیشکدان. برینی هەردووکیان سەختە و یەکێکیان هەردوو قاچی لەدەستداوە."

جگە لەم دوو ژنە، بەپێی زانیارییەکان دوو کەسی تر لە ڕووداوەکەدا بریندار بوون کە لە دانیشتوانی گوندەکەن و یەکێکیان لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا بووە و ئەوەی تریشیان خاوەن مارکێتێک بووە کە لەو کاتەدا خەریکی پاککردنەوەی بەردەرگای مارکێتەکەی بووە.

XS
SM
MD
LG